سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی: “باسمان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە”.
مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و کولتوورییەکان و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە کرد.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوای دیدارەکە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکارییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا پەرەپێبدات. پزیشکیان دەستنیشانی کرد کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش هەوڵی بەردەوام بدەن و گوتی:
“ئێران بە دوای ئاڵۆزی و ناکۆکییەوە نییە؛ پەرەپێدانی هاوکاری و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ستراتژیی سەرەکی ئێمەیە”.
پزیشکیان هەروەها ئامادەیی تارانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی زانست، پەروەردە، فەرهەنگ، ئابووری و بازرگانیدا دەربڕی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە بانگهێشتێکی فەرمی و بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمێکی فەرمیدا گەیشتبووە تاران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “X”دا زانیاریی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە. نێچیرڤان بارزانی دەستنیشانی کرد کە باسیان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە، هەروەها جەختیان لە فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و پاراستنی پەیوەندییە مێژوویی و دراوسێیەتییەکان کردۆتەوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیشدا هاتووە کە “هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێوشوێنى ئاشتيیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە. ههردوولا هيوايان خواست كۆتاييهاتنى شهڕ و گفتوگۆى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئهمهريكا، ئاشتى و سهقامگيرييهكى ههميشهيى بۆ ناوچهكه لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و قۆناغێكى نوێى پهيوهنديى باش و هاريكاريى هاوبهشى نێوان وڵاتان و گهلانى ناوچهكه دهست پێبكات”.
شایانی باسە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەچوارچیوەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دیداری جیای ئەنجامدابوو.