لە هێرشێکی سوپای پاسداراندا 4 گەریلای یەرەکە گیانیان لەدەستدا

یەرەکە: “هێزەکانی ئێمە هەرگیز هێرشیان نەکردووەتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئێمە ‘هێڵی سێیەم’ پەیڕەو دەکەین”.
یەرەکە، یەکێک لە باڵەکانی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێراندا لە ناوچەی مەهاباد، 4 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی مەهاباد سەر بە پارێزگای ئورمیە، 4 گەریلایان (2 کچ و 2 کوڕ) دوای بەرخۆدانێکی قارەمانانە شەهید بوون.
یەرەکە ڕایگەیاندووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ناسنامەی شەهیدان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەوان وەک یەرەکە هەرگیز هێرشیان نەکردووەتە سەر ڕێژیمی ئێران و دەڵێن “هێڵی سێیەم” پەیڕەو دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران دوای ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانیان زیاتر کردووە.
یەرەکە هۆشداریشیدا کە ئەو هێرشانە هەڵدەسەنگێندرێن و ئەگەر بەردەوام بن هەڵوێستیان جیاواز دەبێت و بە هیچ شێوەیەک بێ وەڵام نابن.