هەسەدە و یەپەژە ناسنامەی 5 شەڕڤانی دیکەی شەهیدیان ڕاگەیاند

هەسەدە و یەپەژە ناسنامەی 5 شەڕڤانی دیکەی شەهیدیان ڕاگەیاند

لە ئەنجامی هێرشەکانی ژانیڤەری ئەمساڵی چەتەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاڤا، لانیکەم هەزار و 200 کورد شەهید بوون.

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ناسنامەی 5 شەڕڤانی دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی ڕێژیمی سووریادا بۆ سەر ڕۆژئاڤای کوردستان شەهید ببوون و تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، هەسەدە لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 4 شەڕڤانی دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە مانگی ژانیڤەری ئەمساڵ (2026)دا لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقدا بۆ سەر ناوچەکانی حەسەکە، عەفرین و ڕەققا، شەهید ببوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە کە ئەو شەهیدانە لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکە خەباتکارانە و ئەخلاقییەکەیاندا لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون.

هەسەدە ناسنامەی شەهیدەکانی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:

1ـ مەحموود ئیدریس، خەڵکی کۆبانێ.

2ـ ڕزگار محەممەد، خەڵکی عەفرین.

3ـ هەوار عەبدولحەنان، خەڵکی عەفرین.

4ـ محەممەد مستەفا، خەڵکی عەفرین.

هاوکات لەلای خۆیەوە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، ناسنامەی شەڕڤانێکی خۆی ئاشکرا کردووە کە لەساڵی 2023دا گیانی لەدەستداوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی ڕانەگەیاندراوە.

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هێرشی چەتەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاڤا، کە لە 6ی ژانیڤەری ئەمساڵ دەستیپێکرد، لانیکەم هەزار و 200 کورد شەهید بوون، هەزاران کورد ڕفێندراون و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

Share