کەجەکە هۆشداری دەدات: نە ئۆجەلان و نە ئێمە هیچ سەپاندن و یارییەک قبووڵ ناکەین!

کەجەکە: “لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا بڕیار درا کە قۆناغی دوای چەکدانان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە سەرپەرشتی بکرێت”.
ڕێکخراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەنقەرە کرد و ڕایگەیاند: بەبێ ئازادی ئاپۆ هیچ بڕیارێکی چەکدانان جێبەجێ ناکەین و هەروەها دەشڵێ: ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەمموزی 2026، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پڕۆژە پێشنیارکراوی (یاسای چوارچێوە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە دەرکردنی یاسای تاکلایەنە و سەپاندنی لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕی تایبەتدا بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و ڕایگەیاندووە: “نە ڕێبەرمان ئۆجەلان و نە تەڤگەرەکەمان پەسەندی ئەو جۆرە بڕیار و ڕێبازانە ناکەن”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: “ماوەیەکە لە ناو ڕای گشتی و میدیاکانی تورکیادا گفتوگۆ سەبارەت بە یاسای چوارچێوە دەکرێت، هەندێک هەڵسەنگاندن دەکرێت کە پێچەوانەی پڕۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئاپۆن، دوایین پێشنیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە لە 24ی ئایاردا لەسەر ئیمرالی پێشکەشکرا و کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپە وەک بابەتێکی نوێ دەخرێنەڕوو. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە 24ی ئایارەوە تا ئێستا هیچ دیدارێک لەگەڵ ئاپۆ ئەنجام نەدراوە و گۆشەگیری لەسەری بەردەوامە”.
مەرجەکانی چەکدانان و پرۆسەی ئاشتی
کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی ئاشتی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئازادی و مەرجەکانی کارکردنی ئازادی ئاپۆوە و دەڵێت:
“لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا بڕیار درا کە قۆناغی دوای چەکدانان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە سەرپەرشتی بکرێت، تا گۆڕانکاری لە پێگەی ناوبراو نەکرێت و هەنگاوی کردەیی نەنرێت، هیچ کەس ناتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرە جێبەجێ بکات”.
کەجەکە هەروەها دژایەتی خۆی بۆ ڕێبازەکانی وەک “یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە” دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەم یاسایانە جیاوازی لە نێوان شەڕڤانان و سەرکردایەتی بزووتنەوەکەدا دەکەن و هەر ڕێبازێکی لەو شێوەیە پرۆسەکە تێکدەدات.
هەوڵەکانی ئیبراهیم کالین و مەترسیی شەڕێکی نوێ
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئامادەکارییەکان لە ناوچەکەدا بۆ شەڕێکی نوێ دەکرێت. کەجەکە دەڵێت:
” ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، نەک تەنها وەک سەرۆکی دەزگایەکی هەواڵگری، بەڵکو هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتێک لە عێراقدا دەسووڕێتەوە، پێشتریش لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا، چاوپێکەوتنی لەم شێوەیە ئەنجام درابوون. ئایا پلانێک هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر تەڤگەری ئازادیمان؟ عێراق نابێ ئەم داواکاریانەی تورکیا قبووڵ بکات”.
پلانی حکومەتی تورکیا بۆ “یاسای چوارچێوە”
حکومەتی تورکیا پڕۆژە یاسایەکی نوێ ئامادە دەکات کە ئامانجی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی پەکەکەیە. پێشبینی دەکرێت ئەم “یاسای چوارچێوە” دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
پڕۆژە یاساکە لە 10 بۆ 11 خاڵ پێکهاتووە. لە 7 یان 8ی تەمموز (دوای لوتکەی ناتۆ) دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و بڕیارە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان پەسەند بکرێت.
جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بە شەرتێکی سەرەکییەوە بەستراوەتەوە؛ ئەویش پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی تەواوەتی پەکەکەیە. ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە ئەم خاڵە سەرەکیانە لەخۆدەگرێت:
ـ ماوەی یەک ساڵ بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە دیاری کراوە.
ـ ئەوانەی دەگەڕێنەوە و دەستیان لە تاوانی گەورەدا نییە، پێویست ناکات دەستگیر بکرێن، بەڵام قەدەغەکردنی چالاکی سیاسییان بۆ ماوەی 5 ساڵ بەسەردا دەسەپێنرێت.
ـ ئەم ئاسانکارییە تەنیا ئەندامانی ئاسایی دەگرێتەوە؛ سەرکردەکانی پەکەکە لەم یاسایە بێبەش دەبن.
دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئیمرالی
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، حکومەتی تورکیا هەر جۆرە پێگەیەکی فەرمی و سیاسی ڕەتدەکاتەوە. بەگوێرەی ئەو پرۆژەیە ئۆجەلان وەکوو زیندانی هەر لە زیندانی ئیمرالیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمییەکان بدرێت چاویان پێی بکەوێت.
دۆخی مەیدانی: زاپ و قەندیل
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک نیشانەی کشانەوەی گەریلا لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا، گارە و قەندیل بەدی کراوە. بەڵام ئاکەپە باس لەوە دەکات کە ئەو هەنگاوانە هێشتا لە ئاستی خوازراودا نین و چاوەڕێی کردەوەی کۆنکرێتی و جددیترن پێش ئەوەی یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مێژووی پرۆسەکە
پرۆسەی ئاشتی دوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستی پێکرد. لە سەرەتای ساڵی 2025دا ئۆجەلان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای چەکدانانی کردبوو. وەک هەنگاوێکی ڕەمزیش، لە مانگی تەمموزی 2025دا، کۆمەڵێک گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و دەستبەرداری شەڕ بوون.