حەسەکە… ئاوارەکانی سەرێکانی ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای گەڕانەوەی سەلامەت دەکەن

یەکێک لە دروشمەکانی خۆپیشاندەران: “ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لە ماڵەکانی خۆماندا بژین نەک لە کەمپەکاندا”
ئاوارەکانی شاری سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ئاوارە بوون، لە بەردەم بینای قایمقامیەتی حەسەکە خۆپیشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا. هاووڵاتیە ئاوارەبووەکان داوای دابینکردنی مافەکانیان و گەڕانەوەی سەلامەت و سەرکەوتووانەیان بۆ زێدی خۆیان کرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5/7/2026 بەڕێوەچوو، ئاوارەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ژینگەیەکی گونجاو و ڕێگایەکی سەلامەتیان بۆ فەراهەم بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەربوونیان بهێنن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان. خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند کە بارودۆخی ژیان لە کەمپەکانی نیشتەجێکردن زۆر خراپ و سەختە و چیتر بەرگەی ئەو دۆخە ناگرن.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا هاووڵاتیان چەندین دروشم و لافیتەیان بەرزکردەوە و ناڕەزایی و داواکارییەکانی خۆیانیان دەربڕی. لە دروشمە سەرەکییەکانی ئاوارەکان بریتی بوون لە:
“ئاوارەیی بەسە”
“گەڕانەوە تا کەی دوادەخرێت؟”
“ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لە ماڵەکانی خۆماندا بژین نەک لە کەمپەکاندا”
“دەربەدەری ساڵانێک لە ژیانی ئێمەی دزیوە، ئێوەش مافی گەڕانەوەمان مەدزن”.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کێشەی ئاوارەکانی سەرێکانی پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی و ئەمنی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانە کە ساڵانێکە لەژێر خێمەی کەمپەکاندا ڕووبەڕووی سەرما و گەرما بوونەتەوە، بتوانن بە مافی سروشتی خۆیان بگەن کە ئەویش ژیانە لە سەر خاک و زیدی باوباپیرانیان.