کوشتنی حیکمەت فیدان بەشێکە لە سیاسەتی ئۆجەلان بۆ”ئەنتەگرەکردنی کورد لە ناو تورکیادا”

کوشتنی حیکمەت فیدان بەشێکە لە سیاسەتی ئۆجەلان بۆ"ئەنتەگرەکردنی کورد لە ناو تورکیادا"

مستەفا قەرەسو حیکمەت فیدانی بە خائین ناساند و وتی: “گەلی کورد دەزانێت خاوەندارێتی لە تەرمی کێ بکات، ئێمە خاوەندارێتی لە خیانەتکاران ناکەین”.

ئەو زنجیرە تاوانانەی کە لەلایەن پەکەکەوە ـ کەوا خۆی وەک پاڵەوانی دیموکراسی و ئازادیەکان پیشان دەدات – لە دژی نیشتمانپەروەرانی کورد ئەنجامدراون، وەک پەڵەیەکی ڕەش بە سەر مێژووی هاوچەرخی کوردستانەوە چەسپاوە. پەکەکە کەوا کوردە نیشتمانپەروەرەکان بە ئاستەنگێک لەبەردەم خەتەکەیدا دەزانێ، لە ساڵی 1978 بەملاوە هەوڵیداوە لە ڕێگای تیرۆرکردن یان سووکایەتی پێکردنیانەوە، ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بخاتەوە. ئەوانەی لە توانایدا بوو زەلیلی کردن، ئەوانی دیکەشی کوشت. بۆ ئەوەی کە ڕێگاکە بۆخۆی هەموار بکات، بە هەزاران جینایەتی ئەنجامداوە. ئەو زنجیرەیەی کە لە ساڵی 1978 بە تیرۆرکردنی فەرید ئوزون لە سوێرەک دەستی پێکرد تا تیرۆرکردنی غازی ساڵح ئالیخان لە ناوچەی بادینان لە ئۆکتۆبەری 2020درێژەی هەبوو. حیکمەت فیدان ئەڵقەیەکی زۆر گرنگ بوو لەم زنجیرەیەدا.

حیکمەت فیدان نیشتمانپەروەرێکی کورد بوو. لە ساڵانی 1970دا لەگەڵ پەکەکە لەپەیوەندیدا بووە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە پەکەکەوە زیندانی و ئەشکەنجە دراوە. فیدان دەستی کرد بە ڕەخنەگرتن لە پەکەکە؛ پێی وابوو کە ئۆجەلان دوای ڕۆیشتنی بۆ ئیمرالی لە ساڵی 1999دا، لە هەڵوێستی کوردایەتی خۆی لاداوە. حیکمەت فیدان کە زیندانی کرابوو، ئەشکەنجە درابوو و ناسنامەی کوردستانیی هەبوو، تەنیا لەسەر ڕەخنەی لە ئاپۆ و پەکەکە کوژرا.

ستراتژیی نوێی پەکەکە لە ساڵی 2004دا: دوورخستنەوەی کوردان لە باشووری کوردستان

دوای ئەوەی ئۆجەلان لە ساڵی 1999 ڕۆیشتەوە بۆ تورکیا، پەکەکەی بەپێی ئەجێندای سیاسیی ڕۆژانەی دەوڵەت، بەڕێوەدەبرد. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ئەو جەماوەرە کە لە باکوور لە ژێر پەردەی نەتەوەپەروەریی کوردیدا لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، بە پێی سیاسەتی “تورککردن و ئەنتەگراسیۆن”، سەرلەونێ دیزاین دەکرایەوە. دامەزراوە نەتەوەییەکان هەڵدەوەشێنرانەوە و لە شوێنی ئەوان پێکهاتەکانی پەکەکە، ژنان و لاوان دادەنران کە ئامانجیان ئەوە بوو ببنە بەشێک لە پڕۆژەی بەتورککردن.

ئەم دۆخە لە نێو کورددا ـ چ لەناو پەکەکە و چ لە دەرەوەی پەکەکە ـ نائارامی دروست کرد. ئەم دۆخە لە ساڵی 2004دا بووە هۆی شکستی گەورە لەناو پەکەکەدا و کوردان ڕوویان لە باسووری کوردستان کرد. دەوڵەتی تورک ئەم دۆخەی بە هەڕەشە ب سەر خۆی دەزانی و ئۆجەلان بۆ ڕێگریکردن لەم دۆخە، دەستی بە چالاکی کرد. لە لایەک ستراتژییەکی بەکارهێنا بۆ ئەوەی کە لایەنگرەکانی خۆی فریو بدات و ڕۆژەڤی کوردان بگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریاندا لە 1ی حوزەیرانی 2004دا خەباتی چەکداری دژی تورکیا دەستپێبکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە هەرکەسێک دژایەتی بکات و هەوڵی کردنەوەی ڕێگایەکی نوێ بۆ کورد بدات، دەبێ بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەناو ببرێت. ئەرکی ئەو بوو کە ڕێگریی لەوە بکات. تیرۆرکردنی سیپان ڕۆژهەڵات و کانی یەڵماز و حیکمەت فیدان لە ساڵی 2004دا، لەم چوارچیوەیەدا ڕوویدا. جگە لەوەش ڕەخنەگرانی ناو پەکەکە یان کوژران یانیش بە گەمارۆدران بێکاریگەری کران.

تیرۆرکردنی حیکمەت فیدان درێژەی سیاسەتی بەتورککردنی کوردانە

تیرۆرکردنی حیکمەت فیدان تەنها کوشتنی کەسێک یان نەهێشتنی نەیارێک نەبوو لەلایەن پەکەکەوە. ئۆجەلان لە دوای ساڵی 2004 ویستی بە پێی ستراتژییەک کە ئامانج لێی “تورککردن و دیموکراتیزەکردنی کۆمار” بوو، دامەزراوەکانی باکووری کوردستان سەرلەنوێ دابمەرزێنێتەوە. فیدان کوژرا بۆ ئەوەی کە پەیامێک بۆ ئەو کەسانەی کە دژی ئەو هێڵەن و بۆ کەسایەتییە کوردەکان ڕەوانە بکرێت. واتە هەرکەسێک ڕەخنە لە ئاپۆ و پەکەکە بگرێت وەک دوژمن سەیر دەکرێت.

بۆیە تیرۆرکردنی فیدان بەشێک بوو لە ستراتژیی پەکەکە بۆ دوورخستنەوەی دامەزراوەکانی باکووری کوردستان لە هێڵی نیشتمانپەروەری. تیرۆرکردنی فیدان لە بەرزترین ئاستدا بۆ ئەم مەبەستە پلانی بۆ دانرابوو.

فەرمانی تیرۆرکردنی حیکمەت فیدان لەلایەن موراد قەرەیلانەوە درا…

کاتێک باس لە پرسە ستراتژییەکان دەکرێت، کەسایەتییە گرنگەکانی ناو پەکەکە دێنە پێشەوە. تیرۆرکردنی کانی یەڵماز، شاپور بۆدیشاڤا (سیپان ڕۆژهەڵات)، کەمال سۆر و حیکمەت فیدان هەمووی بە بڕیاری هاوبەشی سەرکردە باڵاکانی پەکەکە بووە. لە کاتی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی پەکەکە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2004دا، ئۆجەلان ڕۆڵی بە موراد قەرەیلان دا. قەرەیلان، بە هەیەجانەوە کە بۆ یەکەمجار لەناو پەکەکەدا دەسەڵاتی لە جەمیل بایک زیاتر بوو، تیمێکی تایبەتی لە سەرکردایەتی پەکەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییانە ڕاسپارد.

موراد قەرەیلان ئەرکی تیرۆری ناوخۆی بە سەرکان شتلای (دەنیز ئولاش) ئەندامی هێزی تایبەتی پەکەکە ئەسپارد. باهۆز ئەرداڵ لە ڕێگای چەکدارێکەوە لە جۆلەمێرگ، دەمانچەیەکی بێدەنگی گلۆکی بۆ دەنیز هەنارد بۆ ئەوەی کە حیکمەت فیدان تیرۆر بکات. بە کورتی حیکمەت فیدان بە بڕیاری ئەم سێگۆشە تایبەتەی ناو پەکەکە کوژرا. بە واتایەکی تر تیرۆرکردنی حیکمەت فیدان خاڵێکی گرنگە لە نیشاندانی ئەوەی کە چۆن سیستمی پەکەکە کادیرەکانی خۆی دەگۆڕێت بۆ بکوژ. گەریلاکانی پەکەکە کەوا لە پێناو بنیاتنانی کوردستاندا دەستیان بە کار کردبوو، دواجار بوون بە موریدی پەکەکە و بکوژی کوردان.

حیکمەت فیدان کێیە؟

حیکمەت فیدان لە گوندی مەرسکا لە ناحیەی ئۆمەرلی شاری ماردین لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە ساڵانی 1970دس خوێندنی تەواو کردووە و وەک مامۆستا کاری کردووە. کاتێک کە لە گوندەکەی خۆیدا مامۆستا بوو، لە ساڵی 1976دا پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا دروستکرد. لەگەڵ ئۆجەلان و دامەزرێنەرانی دیکەی پەکەکە، لەنێویاندا مەزڵوم دۆغان و خەیری دورموش هاوڕێیەتی دەکرد. یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو ڕێکخستنی پەکەکە لە ماردین. دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی تورکیا، دەستبەسەرکرا. حیکمەت لە زیندانی ئامەد زیندانی کرابوو کە بە ئەشکەنجەدانی سەخت ناسراوە. بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی کرا. ساڵی 1991 لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام کاتێک لەلایەن پەکەکەوە کوژرا، دۆسیەکەی لە دادگا کە 36 ساڵ زیندانیکردنی بۆ داواکرابوو، هێشتا بەردەوام بوو.

دوای ئازادبوونی لە زیندان، بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا کردووە. لە پارتەکانی وەک DEP و HADEP کاری کردووە. وەک جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی هادەپ کاری کردووە. لە ساڵی 1995دا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە، بۆ ماوەیەکی کورت لە زیندانی ماڵتەپە لە ئەنقەرە زیندانی کرا. بەڵام دەستبەرداری دۆزی خۆی نەبوو؛ بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە خەباتی کورد و کوردستان دەکرد.

لە ساڵانی 1995 و 1999 و 2002 لەسەر لیستی پارتە کوردییەکان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد. لە هەر دەڤەرێک بووبێت، پشتیوانییەکی زۆری لە خەڵکی کوردستان وەرگرتووە.

لە شوباتی 2005، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆتێل کایا پرەستژ لە ئیزمیر بەریوەچوو، کە ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی دەتەپە دەکرا، بە ئاشکرا ڕایگەیاند: “بڕوا ناکەم بزووتنەوەیەک کە بانگەشەی خەباتکردن بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەکات، ئەگەر ئەو پرەنسیپانە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانیدا جێبەجێ نەکات، بتوانێت سەرکەوتوو بێت”. بەم لێدوانە نیشانی دا کە دەیهەوێت سیاسەتی باکووری کوردستان لە هەژموونی میتۆدی بەتورککردنی پەکەکە ڕزگار بکات و بڕیاری سەربەخۆیانە بدات.

دواتر مستەفا قەرەسو حیکمەت فیدانی بە خائین ناساند و وتی: گەلی کورد دەزانێت خاوەندارێتی لە تەرمی کێ بکات، ئێمە خاوەندارێتی لە خیانەتکاران ناکەین.

هەروەها یاڵچین کوچوک مامۆستای ئۆجەلان بەناوی دەوڵەتی تورکەوە وتی: دۆسیەی حیکمەت فیدان بابەتی فیدراڵییە، فیدان پەیڕەوی ڕیبازی بارزانییەکان بوو.

Share