قووڵتر بوونەوەی قەیرانی دەسەڵات لە نێوان دەم پارتی و سەرۆکی شارەوانی قۆسەردا

قووڵتر بوونەوەی قەیرانی دەسەڵات لە نێوان دەم پارتی و سەرۆکی شارەوانی قۆسەردا

چاودێران: “بەرپرسانی پشت پەردە هەوڵدەدەن بڕیارەکانی شارەوانییەکان کۆنترۆڵ بکەن و بەهۆی ئەوەی بەشێک لە شارەوانییەکان دژایەتی ئەو دەستێوەردانانە دەکەن، لە ئەنجامدا قەیرانی ناوخۆیی لەم جۆرە سەرهەڵدەدەن”.

ڕووداوەکانی ئەم دواییە کە لە شارەوانی قوسەر (قزڵتەپە) ڕوویاندا، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی نێوان پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) و سەرۆک شارەوانییەکانی هێنایە ڕۆژەڤەوە.

زەینی ئیپەک کە لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکاندا لە سەر لیستی دەم پارتی وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی قۆسەر هەڵبژێردرا، دوای ماوەیەکی کورت بەهۆی ناکۆکی سیاسی و ئیداریەوە پارتەکەی بەجێهێشت. ئیپەک سەرەڕای جیابوونەوەی، ڕایگەیاند کە وەک سەرۆک شارەوانیی سەربەخۆ، لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە دەستکەوتوون، بەڕێوەبەرایەتی دەم پارتی داوا دەکات کە زەینی ئیپەک نەک هەر لە حزبەکە، بەڵکوو لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیش دەستلەکاربکێشێتەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بتوانن کەسێکی نوێ بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێرن. بەڵام ئیپەک ئەم داوایەی ڕەتکردەوە. لە ئەنجامدا ناکۆکییەکانی نێوان گرووپی ئەنجومەنی شارەوانیی دەم پارتی و زەینی ئیپەک، سەرۆکی شارەوانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر بوونەوە و کارەکانی شارەوانییەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوویەوە.

ئەم گرژییە سیاسییە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیدا گەیشتە ئاستێکی هەرە بەرز. بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نوێنەری زەینی ئیپەک لەلایەن ئەندامانی “دەم پارتی”یەوە بایکۆت کراوە. بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا هێلکە بە نوێنەری ئیپەکدا دراوە و بەو هۆیەوە نوێنەرەکە هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە.

ڕووداوەکانی هاوشێوەی ئەمانەی قۆسەر، پێشتر لە شارەوانی سلۆپیا ڕوویان دابوو. ژیان ئۆرامان، هاوسەرۆکی شارەوانیی سلۆپیا، بەهۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە وازی لە دەم پارتی هێنابوو، بەڵام دەستبەرداری پۆستەکەی نەبوو. ئۆرامان دژ بە فشار و کاردانەوەکانی ئەو حزبە ڕایگەیاند:

“من بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوم و لەسەر کارەکەم بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی کە خزمەتی گەلەکەم بکەم”.

چاودێرانی سیاسی و سەرچاوە خۆجێیەکان سەرنج دەخەنە سەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەو ناکۆکیانە و بەپێی ئەو بانگەشانەی کە دەکرێن، هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە بۆ ئەو هەوڵانە دەگەڕێتەوە کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی شارەوانییەکان دەدرێن. ئاماژە بەوەش دەکرێت کە بەشێک لە بەرپرسانی پشت پەردە هەوڵدەدەن بڕیارە دارایی و کارگێڕییەکانی شارەوانییەکان کۆنترۆڵ بکەن و سەرچاوەکانی شارەوانییەکان بەرەو هێڵە سیاسییەکان ئاراستە بکەن. هەروەها ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە شارەوانییەکان دژایەتی ئەو دەستێوەردانانە بکەن و لە ئەنجامدا قەیرانی ناوخۆیی لەم جۆرە سەرهەڵدەدەن.

Share