لە گەڕانەوەی 4 هەزار گەریلاوە تا دۆسیەی ئۆجەلان؛ وردەکارییەکانی یاسای چوارچێوەی نوێ

لە گەڕانەوەی 4 هەزار گەریلاوە بۆ دۆسیەی ئۆجەلان؛ وردەکارییەکانی یاسای چوارچێوەی نوێ

بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە یاسا پێشنیار کراوەکە و لیستی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە کە دەچنە وڵاتانی سێهەم، لەپەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ ئۆجەلاندا.

مشتومڕ لەسەر “پێگەی تایبەت بۆ ئۆجەلان” لە یاساکانی “پرۆسەی ئاشتی”دا کە لەژێر ناوی “یاسای چوارچێوە”دا ئامادە دەکرێن و ئامانج ئەوەیە کە پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێن. ئاکپارتی ڕایگەیاند؛ لە یاساکەدا هیچ ڕێککەوتنێکی تایبەت، مافی هیوا و هەروەها هیچ پێگەیەکی تایبەت بۆ ئۆجەلان بوونی نییە.

دوایین ئامادەکارییەکان بۆ “یاسای چوارچێوە” کە تایبەتە بە “پرۆسەی ئاشتی”، بەردەوامیی هەیە. ئاکەپە و دەم پارتی لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە پرۆژە یاساکە بەر لە دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا پەسند بکرێت. لەو پێوەندییەدا کارەکانی جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ئەفکان ئالان جێگری سەرۆکی ئاک پارتی تەواو بووە و بۆچوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەبەرچاو دەگیردرێن.

مافی هیوا نییە، پێگەی تایبەتی نییە!

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ئەو پرۆژەیاسا پێشنیارکراوەی کە لەلایەن ئاک پارتییەوە ئامادەکراوە، لەسەر “بەخشینی پێگە بە ئۆجەلان”، کە مشتومڕاویترین بابەتە لە ڕای گشتیدا، هیچ ڕێککەوتنێک بوونی نییە.

سەرچاوەکانی ئاکەپە ڕایانگەیاندووە کە “هیچ ڕێککەوتنێکی تایبەت دەربارەی ئئۆجەلان بوونی نیە، مافی هیوا بوونی نیە، هیچ پێگەیەکی تایبەت بوونی نیە. چۆن دەکرێ پێگەیەک بۆ کەسێک دیاری بکرێت کە سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسی بۆ بڕاوەتەوە؟ بۆ ئەوەی کە مافی هیوا هەبێت، پێویستە یاسای لەسیدارەدان بگۆڕدرێت. ناتواندرێ هیچ ڕێککەوتنێکی تایبەت بۆ ئەم کەسە بکرێت”.

لەسەر کاتاگۆرییەکان دابەشکران

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە یاسای چوارچێوە ڕێوشوێنی یاسایی دژی پەکەکە وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی هەڵوەشاوە” بەڕێوەدەبات، هەروەها کاتاگۆری جیاواز بۆ ئەندامانی پەکەکە هەیە:

سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە.

ئەوانەی بەشدارییان لە هێرشی بۆمبڕێژکراودا کردووە.

ئەوانەی عەسکەر و پۆلیسیان کوشتووە.

ئەوانەی هاوکاریان کردووە.

ئەوانەی لە تاوانەکاندا بەشدار نەبوون.

ئەوانەی لە زینداندان.

یاساش بە هەمان شێوە تەعامول لەگەڵ ئەم کەسانە دەکات، توندی تاوانەکە لەبەرچاو دەگیردرێت. تاوانی “ڕێکخراوی تیرۆریستی”یان بۆ هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام سزاکانیان لەسەر تاوانەکانی تر کە ئەنجامیانداوە بەردەوام دەبێت. ئامانجی سەرەکی بریتییە لەوەی کە زیاتر لە 4 هەزار کەس کە بەشدارییان لە تاوانەکاندا نەکردووە و ئەوانەی کە بە تاوانی تیرۆر لە زینداندان، سەرلەنوێ تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێن.

3 بۆ 4 هەزار گەریلا دەگەڕێنەوە

دەوترێت ژمارەی ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا ڕەنگە لە دەوروبەری 3-4 هەزار کەس بێت. لە پرۆسەیەکی یاساییدا، ئەندامان ڕێکخراوەکە بەپێی ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە دادگایی دەکرێن. ئەگەر تەنها بەوە تۆمەتبار بکرێن کە ئەندامی ڕێکخراوێکن، ئەوا ناچنە زیندان بەڵکوو لەژێر چاودێریی دادوەریدا دەبن.

ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت

بەپێی یاسای چوارچێوە، ئەگەر ئەندامانی پەکەکە کەوا لە زینداندان تەنها بە “ئەندامبوون لە ڕێکخراوێک” تۆمەتبار بکرێن، دوای ئەوەی یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئازاد دەکرێن.

سەرچاوەکانی ئاکەپە ڕایانگەیاندووە: “ئەگەر تاوانی تیرۆر هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوا سزاکانی ماونەتەوە کەم دەبنەوە یان نامێنن. بۆ نمونە ئەگەر عەسکەر یان پۆلیسیان کوشتبێت، ئەوا لەسەر تۆمەتی کوشتن لە زیندان دەمێننەوە. حوکمی زیندانی پێشوو حیساب دەکرێت و ئەگەر سزا نوێیەکە دەربچێت، ئەوا ئازاد دەکرێن. هەموو دۆسیەکان بەم شێوەیە یەکلایی دەکرێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە باس لەوە کراوە کە بەرپرسانی دەوڵەت سەبارەت بە یاسا پێشنیار کراوەکە و لیستی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە کە دەچنە وڵاتانی سێهەم، لەگەڵ ئۆجەلاندا لە ئیمرالی لەپەیوەندیی بەردەوامدان. هەروەها باس لەوە کرا کە شاندی دەم پارتی (DEM) بەم نزیکانە سەردانی ئیمرالی دەکات.

Share