دەم پارتی: ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستی بە گەرەنتی یاسایی و یاسایەکی چوارچێوەیی هەیە

دەم پارتی: ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستی بە گەرەنتی یاسایی و یاسایەکی چوارچێوەیی هەیە

دەم پارتی: “نەبوونی گەرەنتی یاسایی و دواخستنی ڕێسا دیموکراتیکەکان، متمانەی کۆمەڵگا بە پرۆسەی ئاشتی تێکدەدەن”.

ئەنجوومەنی حیزبی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەنجامی کۆبوونەوەی خۆی کە لە ڕۆژانی 11-12ی تەمووزدا بەڕێوەچوو، بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. لە بەیاننامەکەدا داوا لە حکومەت کراوە بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی جێبەجێ بکات و “یاسای چوارچێوە” بۆ پرۆسەکە ئامادە بکات.

ئەنجوومەنی حیزبیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژە کە لە بارەگای حیزبەکە بەڕێوەچوو، ئەنجامنامەی کۆتایی خۆی بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر یەکەمین ساڵیادی بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری (11ی تەمووزی 2025) و ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک، دەسەڵاتی سیاسی لە بواری یاسایی و دیموکراسیدا هەنگاوی پێویستی نەناوە.

لە بەیاننامەکەی ئەو حیزبەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی و تێیدا هاتووە؛

“نەبوونی گەرەنتی یاسایی و دواخستنی ڕێسا دیموکراتیکەکان، متمانەی کۆمەڵگا بە پرۆسەکە تێکدەدەن. بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی نەک تەنها بە بێدەنگکردنی چەکەکان و کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، بەڵکوو بە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی و دیموکراتیکی بەهێز، دەکرێت”.

لەو چوارچێوەیەدا دەم پارتی داوای کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، “یاسای چوارچێوە”ی هەمەلایەنە و گشتگیر ئامادە بکرێت. بەگوێرەی بەیاننامەکە، پێویستە ئەم یاسایە باس لە پرسە سەرەکییەکانی وەک: “گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی کۆچبەران و پەنابەران، ئاسانکاری بۆ بەشداری سیاسیی هەموو لایەنەکان و گەرەنتی کردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بکات.

پرسێکی دیکەی سەرەکیی ئەو بەیاننامەیە، دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە و ئەو گۆشەگیرییەی بەسەریدا سەپێندرابوو. دەم پارتی ڕایگەیاند کە ئەو گۆشەگیرییەی کە نزیکەی 50 ڕۆژە بەردەوامە، دژی جەوهەری پرۆسەکەیە و لە درێژەدا گوتی:

“بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش بچێت و بەرهەمی هەبێت، زۆر گرنگە دەستبەجێ زەمینەی کارکردن و ژیانی ئازاد دروست بکرێت بۆ ئەوەی کاک عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر وەک بەڕێوەبەری دانوستانەکان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت”.

لەم بەیاننامەیەدا ئەو حیزبە نیگەرانی خۆی لە بارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکان لە تورکیا دەربڕیوە. سیاسەتی دانانی قەییۆم بۆ شارەوانییەکان، فشارەکان لەسەر قۆناغەکانی سیاسەتی دیموکراتیک، دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران بە “دەسەڵاتخوازی” پێناسە کرا و ڕاگەیەندرا کە ئەم ڕێبازە متمانەی کۆمەڵگا بە دەوڵەتی یاسایی لاواز دەکات.

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندراوە کە حیزب لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ بەستنی “کۆنگرەی گەورەی ئاسایی پێنجەم” دەکات. دەستنیشان کراوە کە ئەم کۆنگرەیە دەبێتە نوێبوونەوەیەکەی ڕێکخراوەیی و دینامیزمێکی نوێ بە خەبات بۆ دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی لە تورکیادا دەبەخشێت.

Share