خوێنی کوردان و دروشمی “برایەتی”: پارادۆکسی بەردەوامی پەکەکە

تا ئەو کاتەی کە پەکەکە کاریگەریی لەسەر ڕۆژئاڤا هەبێت و بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاڤا فەرمان لە قەندیل و ئیمرالی وەربگرن، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە دۆخی کورد لەو بەشەی وڵاتدا ڕوونادات و کورد هەمیشە ڕووبەڕووی پیلانی گەورەتر دەبێتەوە.
کەجەکە ئەمڕۆ بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاڤاوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گەلەکەمان لە ڕۆژئاڤا دەستکەوتەکانی خۆی لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دەپارێزێت و پەرەی پێدەدات. کەجەکە هەروەها باسیشی لە سیستەمی “نەتەوەی دیموکراتیک” کردووە کە بۆتە نموونەیەکی ناوازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سیستەمێک کە هەموو دەسکەوتەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان لەناو برد!!.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەمووزی 2026، بە بۆنەی 19هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاڤاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا و هێڵی ئاپۆ!
سیاسەتی پەکەکە هەموو دوژمنانی کوردی گەیاندە ڕۆژئاڤا
کەجەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستان هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بەدەستیان هێناوە، دەیپارێزن و پەرەی پێدەدەن.
سەرەڕای ئەو ماڵوێرانی و کاولکاری و خەسارەی کە بە هۆی سیاسەتەکانی پەکەکە و ڕێبەرە بەندکراوەکەی لە ئیمرالیدا بەسەر ڕۆژئاڤا و خەڵکەکەیدا هاتووە، کەچی ئەمڕۆکە پەکەکە دەیهەوێت جارێکی دیکە خەڵکی ڕۆژئاڤا فریو بدات و پێیان دەڵێت: “ئێوە لە سایەی ئاپۆدا دەژین و ئەوەی هەتانە بە خێری ئاپۆیە”.
بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی پەکەکە لە 10 ساڵی ڕابردوودا، زوڵم و چەوساندنەوەی خەڵکی ڕۆژئاڤا و دژایەتیی حیزبە کوردستانییەکان و تێکدانی یەکڕیزیی کورد، هەموو دوژمنانی کورد چووەتە ناو ئەو بەشەی کوردستانەوە. هەر لە دەوڵەتی تورک و داگیرکرانی هەرێمەکانی “عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی”یەوە بگرە، هەتا دەگاتە هێرشی چەتەکانی سووریا و حکوومەتی دیمەشق، کە بوونە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی قەوارەی ڕۆژئاڤای کوردستان.
ئاپۆ، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدی ناچار کرد کە خۆیان ڕادەست بکەن
گەلی کورد لە پێناو بەرگریکردن لە ڕۆژئاڤا، لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 22 هەزار شەهیدی پیشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە، بەڵام فەرمانی ئاپۆ، بەسەر مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەپێندرا و ناچاری کردن کە دەست لە هەموو شتێک بەربدەن و تێکەڵ بە سیستەمی سووریا ببن و هەموو شتێک ڕادەستی ئەحمەد شەرع بکەن.
پەکەکە و ڕێبەرەکەی لە ئیمرالی، بەمەبەستی ڕازیکردنی تورکیا، ڕۆژئاڤایان لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی دیمەشق کرد و هیچ قەوارەیەکیان لەو بەشەی کوردستان نەهێشتەوە. کەچی ئەمڕۆکەش بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە دەڵێ: “گەلی ڕۆژئاوای کوردستان هەموو دەستکەوتەکانی خۆی لەسەر هێڵ و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست هێناوە، گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەمەودواش دەستکەوتەکانی خۆی لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ دەپارێزێت و گەشەی پێدەدات”.
کەجەکە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا باسی لە سیستەمی “برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک” کردووە و دەڵێت: “ئەم سیستەمە دەبێتە نموونەیەکی ناوازە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. پەکەکە دەشڵێت: لەسەر بنەمای ئازادی ژن و پێکەوەژیانی برایانەی گەلانی (کورد، عەرەب، سریانی، تورکمان، ئەرمەنی و چەرکەس)، مۆدێلێکی دیموکراسی خۆجێی بنیات نرا کە بووە نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
برایەتی گەلان ڕێگای بۆ چەتەکانی دیمەشق خۆش کرد!
هەر ئەو “برایەتی گەلان”ـەی کە پەکەکە بۆ ڕۆژئاڤا داوای دەکرد، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە چەتەکانی دیمەشق هەڵبکوتنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کچ و کوڕ و منداڵی کورد بە زیندووی سەرببڕن، بە پۆستاڵە گەنیوەکانیان پێ لە سەر روومەتی کچانی کورد دابنێن و پەلکە و کەزێیەکانیان بڕین و شەڕڤانانی کوردیان بە زیندوویی لە باڵەخانە بەرزەکانەوە فڕێدایە خوارەوە.
عەرەبە تەکفیرییەکانی سووریا، لەژێر ناوی برایەتی گەلاندا، کوردیان کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام کەچی پەکەکە هێشتا هەر باس لە “برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک” دەکات.
بەڵێ، پەکەکە ڕاست دەڵێت؛ پەکەکە دەیهەوێت لەژێر ناوی برایەتی گەلان و سیستەمی دیموکراتیکدا، لە ڕۆژئاڤا جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام بدات و ئەوەش وا ماوەتەوە لەناوی ببات.
پەکەکە باس لە ڕۆیشتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ ناکات
سەبارەت بە شەڕی داعش و بەرخۆدانی کۆبانێ، پەکەکە باسی عەرەب و سریانی و ئینتەرناسیۆنالیستەکانی کردووە، بەڵام باسی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەکرد؛ هەروەک ئەوەی کە ئەو بۆخۆی کۆبانێی ئازاد کردبێت و ڕێگای نەدابێت بکەوێت.
وادیارە پەکەکە لەبیری کردووە کە تا پێش ئەوەی پێشمەرگە بچێتە ڕۆژئاڤا، 80٪ی کۆبانێ کەوتبووە دەست تیرۆریستانی داعش و لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگە لە ماوەیەکی کورتدا و دوای ژمارەیەک شەهید و بریندار، هاوسەنگی هێز گۆڕا و پێشمەرگە شان بە شانی شەڕڤانان، کۆبانێیان لە چنگی داعش ڕزگار کرد.
لەژێر “سیاسەتی پەکەکە”دا، خەڵکی ڕۆژئاڤا گەورەترین خەساریان لە مێژووی خۆیاندا بەرکەوتووە
گەلی ڕۆژئاڤا لەژێر “سیاسەتی پەکەکە”دا، گەورەترین خەساریان لە مێژووی خۆیاندا بەرکەوتووە، چونکە بەهۆی فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بوو کە ڕۆژئاڤا بە تەواوی لەناوبرا و لە مەیدان وەدەرنرا، نەک بەهۆی جۆلانی ترسنۆک و چەتەکانیەوە. ئەوە خودی ئاپۆ بوو هەفتەی سێ جار نامە بۆ ڕۆژئاڤا دەنارد و پێیانی دەگوت: “خۆتان هەڵبوەشێننەوە و سووریایەکی دیموکراتیک دابمەرزێنن”.
بەکورتی تا ئەو کاتەی کە پەکەکە کاریگەریی لەسەر ڕۆژئاڤا هەبێت و بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاڤا فەرمان لە قەندیل و ئیمرالی وەربگرن، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە دۆخی کورد لەو بەشەی وڵاتدا ڕوونادات و کورد هەمیشە ڕووبەڕووی پیلانی گەورەتر دەبێتەوە.