کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی دیاربەکر: ئاشتی بەبێ چاکسازی دیموکراتیک بەردەوام نابێت

بەبێ گۆڕانکاری قووڵ لە سیستەمی یاسایی و مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا، بە تەنها یاسایەکی وشکی چەکدانان ناتوانێت متمانەی کۆمەڵایەتی دروست بکات.
لە باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتیکدا کە گفتوگۆ لەسەر چەکدانان و هاتنەخوارەوەی گەریلا لە چیاکان و ئامادەکردنی “یاسای چوارچیوەی ئاستی” گەیشتۆتە ئاستێکی گرینگ، لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (İHD) ڕاگەیاندراوێکی گرنگی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە. İHD بە توندی ڕەخنەی لە هەڵویستی بەرچاوتەنگانەی حکومەتی تورکیا گرت و هۆشداریدا لەوەی کە بچووککردنەوەی پرسی کورد بۆ تەنها “پرۆسەی چەکدانان” دەرفەتێکی دیکەی مێژوویی لەدەست دەدات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئەرجان یڵماز، سەرۆکی لقی دیاربەکری کۆمەلەکە، سەرنجی خستە سەر ڕێبازی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا کە دەیانەوێت دەروازەی گەڕانەوە تەنها بۆ کادیرانی خوارەوە بکەنەوە و بەریوەبەرانی باڵا لە دەرەوەی یاسا بەجێبهێڵن. یەڵماز ئەم هەڵوێستەی بە بەربەستی ڕاستەوخۆی ئاشتی زانی و وتی:
“فۆرمۆلی ‘شەڕڤانەکان بگەڕێنەوە، بەڕیوەبەران نەیەنەوە’، ناڕاستەقینە و پێچەوانەی لۆژیکی چارەسەرە، ئەگەر کادرێکی شاخ ببینێت کە دڵنیایی ئەمنی و یاسایی بۆ فەرماندەکانی نییە، ئەوا ئەویش هەنگاو نانێت. یاسایەکی لەو شێوەیە پێویستی بە ڕێبازێکی هەمەلایەنە و گشتگیر هەیە کە هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەبێ هیچ جیاوازییەک بگرێتەوە”.
بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەکە جەختیان لەوە کردەوە کە لایەنە تەکنیکی و سەربازییەکانی کێشەکە دەرئەنجامە نەک هۆکار. مەهمەت تاهیر ساچاکلی، نوێنەری هەرێمی İHD ڕایگەیاند، بەبێ گۆڕانکاری قووڵ لە سیستەمی یاسایی و مافە مەدەنی و سیاسییەکان، یاسایەکی وشکی چەکدانان ناتوانێت متمانەی کۆمەڵایەتی دروست بکات. ساچاکلی ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەت دەبێت لاپەڕەیەکی نوێی چاکسازی بکاتەوە بۆ ئەوەی کە دەستوور بتوانێت پشتگیری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکات.
لێکۆڵەران و مافناسانی کۆمەلەی مافەکانی مرۆڤی دیاربەکر، لە ڕیزی داخوازەکانیاندا ئەم خاڵانەیان وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ “پرۆسەیەکی ڕاستەقینە” دەستنیشان کردووە:
ـ بۆ پتەوکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی پێویستە بە زووترین کات زیندانیانی سیاسی و نەخۆشەکان ئازاد بکرێن.
ـ پێویستە ڕێگا بۆ ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و هاووڵاتیانە بکرێتەوە کە لە تاراوگە دەژین و سکاڵای یاساییان لەسەرە.
ـ بوارەکانی سیاسەتی مەدەنی فراوان بکرێن و گەرەنتی یاسایی بۆ هەموو بەشداربووانی پرۆسەکە دابین بکرێت.