هۆشداری پێشوەختەی پەکەکە: یاسای بێ ئۆجەلان ڕەتکراوەیە و بەم شێوەیە کەس ناچێتەوە ماڵەوە

هۆشداری پێشوەختەی پەکەکە: یاسای بێ ئۆجەلان ڕەتکراوەیە و بەم شێوەیە کەس ناچێتەوە ماڵەوە

کاڵکان: “تا مەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازاد بۆ ئۆجەلان دابین نەکرێت، هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناگیرێتەبەر”.

دوران کاڵکان، لە ئەندامانی بەڕیوەبەریی پەکەکەی هەڵوەشاوە، بێدەنگیی لەسەر یاسای چوارچێوە و پڕۆسەی ئاشتی شکاند و ڕایگەیاند: هیچ گەریلایەک بەم شێوەیە ناچێتەوە ماڵەوە و چەکیش دانانێت.

دوران کاڵکان، دوێنێ سێشەممە (21/7/2026) پەیوەندیی بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی “میدیا هابەر”ی پەکەکەوە کرد و هەڵسەنگاندنی زۆی بۆ یاسای چوارچێوە و دوا هەوڵەکانی پرۆسەی چارەسەری خستەڕوو.

مەرجی سەرەکی ئۆجەلانە!

کاڵکان جەختی کردەوە کە تا مەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازاد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین نەکرێت، هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناگیرێتەبەر و گوتی: “زیاتر لە 2 مانگە هیچ دیدارێک ئەنجام نەدراوە؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە جیددی لە پرۆسەکە نزیک نابنەوە”.

سەبارەت بەو یاسای چوارچێوەیەی کە پەرلەمانی تورکیا هەوڵی پەسندکردنی دەدات، دوران کاڵکان وتی: هەر یاسایەک کە تەنها بۆ “تەسفیەکردن و چەکدانانی گەریلاکان” بێت و مافەکانی ئۆجەلان و سیاسەتی دیموکراتیک لەخۆ نەگرێت، لە لایەن ئەوانەوە بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە.

بڕیاری چەکدانان و ڕۆڵی پەکەکە

سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ستراتژیی خەباتی چەکدارانەش، دوران کاڵکان ڕایگەیاند کە تەنها عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەتوانێت فەرمانی چەکدانان بدات و وتی: بەمشێوەیە هیچ گەریلایەک ناچێتەوە ماڵەوە؛ ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ سیاسەتێکی دیموکراتیک تا هەمووان بتوانن بە ئازادی بەشداری لە کاری سیاسیدا بکەن.

Share