شاخ مشک دەزێ؛ لە کۆبوونەوە “مێژوویی!”یەکەی ئۆجەلاندا، ڕۆحی ئاڵپارسلان تورکەش و زیا گۆکاڵپ سەریهەڵدا..

چیا مشک دەزێ؛ لە کۆبوونەوە "مێژوویی!"یەکەی ئۆجەلاندا، ڕۆحی ئاڵپارسلان تورکەش و زیا گۆکاڵپ سەریهەڵدا..

کاتێک کەسێک دەڵێ ئەگەر کورد لە تورک جیا ببێتەوە کورد نامێنێت، مانای خیانەتکردنە لە مێژووی کورد.

دوای چەند ڕۆژێک لە توڕەیی و ناڕازیبوونی سەرکردە و میدیاکانی پەکەکەی هەڵوەشاوە لەسەر گۆشەگیری (تەجرید)ی 50 ڕۆژەی ئۆجەلان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدرا. پەکەکە و میسیۆنێرەکانی کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی دەم پارتییان بە “کۆبوونەوەیەکی مێژوویی” ناوبرد. ئەو دیدارە مێژووییە بەڕاستی مێژوویی بوو. چونکە ڕەوایەتی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورکی بۆ کۆلۆنیالیزم لە سەر کوردستان دووپاتکردەوە و وتی: “ئەگەر ئێمە نەبین، کورد هیچ نییە”. پێویستە پرۆسەی قانوونی و یاسایی لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتەدا دەست پێبکات کە کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا ئامادەی کردووە. شاندی ئیمرالی کۆبوونەوەیەکی 5 کاتژمێریی لە 184 وشە کورت کردەوە. ئەو ناوەڕۆکەی بڵاودەکرێتەوە ڕەنگە ئەو ناوەڕۆکە بێت کە پەکەکە و دەوڵەتی تورک پەسەندی دەکەن.

بە کورتی ئۆجەلان ئەمانەی خوارەوەی وت:

1ـ بانگەوازی 27ی شوبات بەردەوامە.

2ـ پێویستە پرۆسەی یاسایی و دادوەری لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتەدا دەستپێبکات کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هاوپەیمانی نەتەوەیی و برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیاوە ئامادەکراوە.

3ـ “ئەگەر کورد لە تورک جیابکەنەوە، کورد نامێنێت؛ ئەگەر تورک لە کورد جیابکەنەوە، تورک نامێنێت”.

ئەو دەرەنجامانەی کە دەتوانرێت لەم سێ خاڵە سەرەکییە وەربگیرێن بەم شێوەیەن:

1ـ پرۆسەکە، وەک ئەوەی کە پەکەکە و بازنە یاساییەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕانەوەستاوە. چونکە ئۆجەلان باسی هیچ چەقبەستوویەک و هیچ ناکۆکییەک ناکات.

2ـ ئۆجەلان ناونیشانی پڕۆژەی “دابەزین لە چیاکان”ی پەسەند کرد، کە تەنانەت لە یاساکانی تۆبەکردنی پێشوو، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیاوە ئامادەکرابوون، پێشکەوتووترە. چونکە باسی هیچکام لە بەڕێوەبەران ناکات.

3ـ ئۆجەلان ئەو لێدوانەی دووپاتکردەوە کە ساڵانێکە دەوڵەتی تورکیا بۆ هێورکردنەوەی کورد بەکاری دەهێنێت و دەڵێت: “کورد و تورک بران؛ هەرکەسێک ئەمە تێکبدات، خائینە”.

لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەو دیدارە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی بوو، چونکە ئۆجەلان ئەو قسانەی دوبارە و دووپات کردەوە کە دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی 100 ساڵە دەیڵێن.

زیا گۆکاڵپ دەڵێ: “کوردێک کە تورکی خۆش نەوێت کورد نییە، تورکێک کە کوردی خۆش نەوێت، تورک نییە”.

مستەفا کەمال: “تورک و کورد دوو بران کە لەیەکتر جیاناکرێنەوە”.

بەڵێ 100 ساڵ بەسەر ئەم قسانەی سەرەوەدا تێپەڕیوە و لەو سەدەیەدا کورد کۆمەڵکوژییەکانی دێرسیم، زیلان و ئاگری و ساسۆنی ئەزموون کرد و تا ئێستاش ئەزموونیان دەکات.

بەڵام لە ڕاستیدا پێدەچێت لێدوانە بەناوبانگەکەی ئەمڕۆکەی ئۆجەلان لە قسەکانی ئالپائاسلان تورکەش، پێشەنگی ئایدۆلۆژیای تورکبوون و سیمبۆلی نەتەوەپەرستیی تورکەوە ئیلهامی وەرگرتبێت. تورکەش وەهای دەگوت: “ئێمە هێندەی تورکین، بەو ڕادەیەش کوردین، هەروەها ئێمە هێندەی کوردین، بەو رادەسیەش تورکین”.

مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم دەستەواژەیە دەبێت “ئەگەر کورد لە تورک جیابکەیتەوە، کورد نامێنێت؛ ئەگەر تورکیش لە کورد جیابکەیتەوە، تورک نامێنێت”. پێش هەموو شتێک کورد گەلێکە کە مێژووەکەی لە سۆمەریەکانیش زیاترە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نیۆلیتیک. ئەوە دە هەزار ساڵە کە کورد لەسەر ئەم خاکە دەژین. ئێمەی کورد بۆ هەزاران ساڵ، بەبێ ئەوەی گەلانی دیکە هەبن، لێرەدا ژیاوین. ئێمە دەتوانین سەربەخۆ بژین، یان دەتوانین لە سیستەمێکی کۆنفیدراڵیدا بژین.

لێدوانەکەی ئۆجەلان لە ڕاستی مێژوویی و کۆمەڵناسییەوە بەدوورە. ئەم جۆرە لێدوانانە، کە بوون یان داهاتووی گەلێک بە بوونی گەلێکی دیکەوە دەبەستنەوە، بۆ پشتگوێخستنی بابەتی سەرەکی بەکار دەهێندرێن: خەبات بۆ مافە کۆلەکتیڤەکان، ناسنامەی نەتەوەیی و مافی چارەنووس و خۆبەڕێوەبەریی گەل ئینکار دەکات.

کاتێک کەسێک دەڵێ ئەگەر کورد لە تورک جیا ببێتەوە کورد نامێنێت، مانای خیانەتکردنە لە مێژووی کورد.

بەڵێ، شاخ مشک دەزێ؛ لە ناخی ئۆجەلاندا زیا گۆکاڵپ، باوکی ئایدیۆلۆژیکی ئۆڵترا نەتەوەپەرستەکانی تورک و ئالپائاسلان تورکەش، سەرکردەی سیاسییەکەیان سەری هەڵداوە؟!!.

Share