دەستە گڵاوەکانی پەکەکە بینی منداڵانی ڕۆژئاڤا بەرنادەن؛ جوان و زیلانیش ڕفێندران

“جوان حیکمەت ئیبراهیم” تەمەنی 12 ساڵ و “زیلان ئەحمەد ڕەشۆ” تەمەن 13 ساڵان، لە کۆبانێ ڕفێندراون.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، دوو منداڵی دیکەی کوردیان لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاند و ڕەوانەی بنکەکانی چەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵانیان کردن.
سەرچاوەکانی دارکا مازی لە ڕۆژئاڤای کوردستان ئاشکرایان کرد، چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، لە ڕێکەوتی 12ی تەمموزی 2026دا دوو منداڵی دیکەی کوردیان لە شاری کۆبانێ ڕفاندووە کە تەمەنیان 12 و 13 ساڵ بووە و ڕەوانەی بنکەکانی چەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان کراون.
ئەو منداڵە ڕفێندراوانە بە ناوەکانی “جوان حیکمەت ئیبراهیم” کە تەمەنی 12 ساڵە و “زیلان ئەحمەد ڕەشۆ” تەمەن 13 ساڵان، لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤای کوردستان ڕفێندراون.
“جوان حیکمەت” خەڵکی گوندی دەگرمان و “زیلان”یش خەڵکی گوندی یارەمەزەیە و باوکی شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)یە و لە سنووری شارۆچکەی دێر حافیر لە ئەرکدا بووە.
دوای ڕووداوەکانی 6ی ژانیڤەری 2026ی ڕۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە شارۆچکەی دێر حافر، چارەنووسی باوکی “زیلان” نادیارە و نازانرێت کە ئایا لە ژیاندا نەماوە یان بە دیل گیراوە.
هەرچەند بنەماڵەی “زیلان” قوربانییان لە پێناوی هەسەدە و ڕۆژئاوای کوردستاندا داوە، بەڵام تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” ڕێزیان لە قوربانیدانی ئەم بنەماڵەیە نەگرتووە و کچەکەیان ڕفاندووە.
تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” ڕێکخراوێکی لاوانی سەر بە پەکەکەیە و بە تەعلیماتی ڕاستەوخۆی “جەمیل بایک” کار دەکات و ئەرکەکەی ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵانە بۆ پەکەکە و لقەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە ئەم تاقمە دەیان منداڵی کوردی خەڵکی کۆبانێ و گوندەوارەکانی ڕفاندووە و سەرەڕای داواکاری و بانگەوازی بنەماڵەکانیان، بەڵام چارەنووسی زۆربەیان هەتا ئێستاش نادیارە.