ئایا گەرووی هورمز لە ناوچەی جەنگەوە دەگۆڕدرێت بۆ قەوارەیەکی هەرێمی؟

گەرووی هورمز نەک هەر بووەتە دەروازەیەک کە کەشتییەکانی وزە پێیدا دەرباز دەبن، بەڵکو بووەتە خاڵێک کە جوگرافیا تێیدا دەتوانێت بازاڕەکان پەکبخات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
مەترسیدارترین ڕێڕەوی ئاوەکان ئەوانە نین کە لە نێوان دوو لێوارەکەیاندا تەنگ دەبن، هەروەها ئەوانەش نین کە لە نێوان ئابووری و شەڕدا تەنگ دەبن.
گەرووی هورمز نەک هەر بووەتە دەروازەیەک کە کەشتییەکانی وزە پێیدا دەرباز دەبن، بەڵکو بووەتە خاڵێک کە جوگرافیا تێیدا دەتوانێت نرخی نەوت بەرزبکاتەوە و بازاڕەکان پەکبخات و ڕووداوێکی بچووکی دەریایی بگەیەنێتە بڕیارێکی سەربازیی گەورە.
بەڵام ڕەنگە ئەوەی لە پشت ئەو گرژییانەوە ڕوودەدات، لە خودی گرژییەکان گرنگتر بێت.
ئەو پێشنیارەی کە عومان لەگەڵ ئێران باسی دەکات، هەنگاوێکی تەکنیکی سادە نییە بۆ ڕێکخستنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان، بەڵکوو هەنگاوێکی ئارامە بۆ گۆڕینی کارکردی سیاسی گەرووەکە لە ناوچەیەکەوە کە ئێران و ئەمریکا توانای تۆقاندنی خۆیانی تێدا پیشان دەدەن، بۆ قەوارەیەکی ناوچەیی کە هاتوچۆی دەریایی و خزمەتگوزاری و مەترسییەکان دەبێت بەپێی یاسا هاوبەشەکان بەڕێوەببرێن.
ئەوەی تا ئێستا دیارە، مەسقەت و تاران لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی “بەڕێوەبردنی داهاتووی هاتوچۆی دەریایی”، خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان و تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
عومان هاوکات لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی کاتی لەگەڵ ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ڕێککەوتووە و ڕایگەیاندووە کە ئازادیی تێپەڕین هیچ باجێکی ناکەوێتەسەر.
لێرەدا جیاوازییەکی یاسایی یەکلاکەرەوە بەدیار دەکەوێت:
ئەم پێشنیازە مافی فرۆشتنی ڕێگا لە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بە هیچ دەوڵەتێک نادات، بەڵکوو خزمەتگوزاری پراکتیکی وەک ڕێنمایی، ڕزگارکردن، زێرەڤانی، سەلامەتی دەریایی و ڕێگریکردن لە پیسبوون، ڕیکدەخات.
کەواتە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نیە: کێ ڕێگە بە کەشتیەکان دەدات تێپەڕن؟
بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە: کێ خزمەتگوزاریەکان پێشکەش دەکات، کێ پارەیان بۆ دابین دەکات، کێ چاودێرییان دەکات و کێ دەبێتە خاوەنی داتاکان؟
پرسیاری کۆتایی، گرنگترین پرسە، چونکە بەڕێوەبردنی هاتوچۆ تەنها باج دروست ناکات، بەڵکوو زانیاریش بەرهەم دەهێنێت: ناسنامەی کەشتیەکان، بارەکانیان، ڕێڕەوەکانیان، کاتی گەیشتنیان و ئاراستەی ڕۆشتنیان و ئەو بەندەرانەی کە لیوەی هاتوون. هەرکەسێک دەستی بەو زانیاریانە بگات، ڕۆژانە وێنەی جووڵە و گواستنەوەی وزە و بازرگانی و سەربازی کەنداوی لەلا دەبێت.
زیاتر جێگای بڕوایە کە ئێران هەوڵی درێژکردنەوەی توانای خۆی بۆ پەکخستنی گەرووەکە بگەیەنێتە ڕۆڵی دەزگایەکی دانپێدانراو دەدات. لەبری ئەوەی وەک وڵاتێک کە بتوانێت هورمز داگیر بکات باسی لێبکرێت، پێویستە دەوڵەتێک بێت کە هورمز بەبێ ئەو بەڕیوە نابردرێ.
بەڵێ عومان هەوڵی چەسپاندنی مافەکانی هەردوو وڵات دەدات، بەڵام لە چوارچێوەیەکدا کە ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی تاکلایەنە بکات و ئازادی هاتوچۆ بپارێزێت.
هەروەها ئەمریکا ڕووبەڕووی ململانێیەکی جددیتر دەبێتەوە: سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە، ئەویش ئەویە کە کردنەوەی گەرووی هورمز بەدەست بهێنێت. بەڵام ڕەنگە وردە وردە داگیرکردنی زێرەڤانیی بەلەمە بیانییەکان بۆ پاراستنی کەنداو کەم بکاتەوە.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت واشنتۆن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی تەکنیکی و بوونی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ڕازی بێت، بەڵام دژایەتی هەر شێوازێک دەکات کە دەسەڵاتی سیاسی بە تاران بدرێت بۆ پشکنین یان هەڵبژاردنی کەشتیەکان یان سەپاندنی باجێک تەنها بۆ دەربازبوون.
لێرەدا پێشبینییەکی ئایندەیی گرنگتر بەدیار دەکەوێت: ڕەنگە شەڕی داهاتوو لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز یان داخستنی نەبێت، بەڵکوو لەسەر نووسینی ڕێساکانی بەڕێوەبردنی گەرووەکە بێت.
وشەسازی هەر ڕێککەوتنێک (خزمەتگوزاری، هەماهەنگی، چاودێری، پشکنین، زانیاری، تێچوون) دیاری دەکات کە ئایا میکانیزمەکە پڕۆژەیەکی سەلامەتی دەریاییە یان دانپێدانانێکی شاراوەیە بە مافی کۆنترۆڵکردن.
هەروەها عەقڵانی نیە کە دەوڵەتانی کەنداو ڕێگە بدەن دەروازە ئابوورییەکەیان ببێتە ئیدارەیەکی دوولایەنەی داخراو لە نێوان ئێران و عوماندا.
ڕەنگە سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، کوەیت و عێراق بەدوای ڕۆڵدا بگەڕێن لە بواری دارایی و چاودێری و بڕیارداندا.
چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور بەرەو سیستەمێکی شەفاف و سەقامگیر دەڕۆن، چونکە پشت بەو ڕێگایە دەبەستن و نایانهەوێ دابینکردنی وزەیان ببێتە دیلی لێکتێگەیشتنێکی سیاسی ناسەقامگیر.
بۆیە ئەو شێوازەی کە دەتوانێ بمێنێتەوە، ناکەوێتە سەر نەخشەی گەرووی مەلاق، بەڵکوو مۆدێلێکی دیاریکراوی کەنداو دەبێت: سەروەری بۆ دەوڵەتە کۆنەکان، گەرەنتی ئازادی جووڵەی نێودەوڵەتی، پێکهاتەیەکی ناوچەیی: (خزمەتگوزاری، سیستەمێکی دارایی شەفاف، چاودێری تەکنیکی لەلایەن ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی و ڕێسای ڕوون کە ڕێگری لە گۆڕینی خزمەتگوزارییەکان دەکات بۆ باجێکی سەروەری یان گۆڕینی زانیاری دەریایی بۆ ئامرازێکی هەڕەشە و سەپاندن).
ئەگەر عومان لە بنیاتنانی ئەم هاوکێشەیەدا سەرکەوتوو بێت، نەک تەنیا ڕێڕەوەیەکی دەریای دەکاتەوە، بەڵکوو گۆڕانکاری ئاسایشی کەنداو لە فەلسەفەی پاراستن بە هێزەوە بۆ فەلسەفەی بەڕێوەبردن بە بەرژەوەندی دەستپێدەکات.
لەبەرامبەردا ئێران ڕۆڵی جوگرافیای خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکدا کە ڕێگریی لێدەکات لەوەی ئەو ڕۆڵە بگۆڕێت بۆ داگیرکارییەکی تاکلایەنە.
بەمشێوەیە کێبڕکێ لە پرسیاری: کێ دەتوانێت کۆنترۆڵی گەرووەکە بکات؟ دەچێتە سەر پرسیارێکی قووڵتر: کێ ڕێساکانی ئیدارەدانی گەرووەکە دەنووسێت؟
شەڕ لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە گەروو ببێتە سەنگەر، بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە جوگرافیا لە چێکی لەدەستی دەوڵەتێکەوە ببێتە دامەزراوەیەک کە بەرژەوەندی هەمووان بپارێزێت.