لێدوانی سەرنجڕاکێشی سەرکردەیەکی پەکەکە لەسەر بەدەوڵەتبوونی کوردستان: “دەوڵەت ئامرازی چەوساندنەوەیە لە دژی کۆمەڵگە”

چاودێران: وازهێنان لە داخوازیی بەدەوڵەتبوونی کوردستان، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی نەتەوەیی کورد دادەنێت و ڕەوایەتی بە سیاسەتی داگیرکەران لە ناوچەکە دەدات.
نوورەدین دەمیرتاش ئەندامی کۆنسەی بەڕیوەبەریی پەکەکە (برای گەورەی سەلاحەدین دەمیرتاش) لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا سەبارەت بە مۆدێلی سیاسی بزووتنەوەی کورد و پارادایمی “دەوڵەتی کوردی”، لێدوانی مشتومڕاوی داوە. دەمیرتاش باسی لەوە کرد کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم ئازادی کۆمەڵگا دەزانێت.
دەمیرتاش لە هەڵسەنگاندنەکانیدا پشتی بە ڕێبازی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بەستووە و کۆمەڵێک بنەمای بنەڕەتی تەڤگەرەکەی ئاپۆی بەم وشانەی خوارەوە دەربڕی:
“ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ ئەگەر دەسەڵاتمان هەبوایە دەست بەسەر هەموو جیهاندا بگرین، دیسانیش دەوڵەتی کوردیمان نەدەویست، سۆسیالیزم و دەوڵەت، یانیش ئازادی و دەوڵەت ناتوانن پێکەوە بژین. دەوڵەت هەمیشە ستەمکارە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و بەربەستێکە بۆ ئازادی، لە هەر شوێنێک دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەبێت، پۆتانسیەڵی پێکدادانیش هەیە”.
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا سەرنجی خستۆتە سەر بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی وەک مارکسیزم و لینینیزم لە چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەییەکاندا و جەختی لەوە کردۆتەوە کە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە خزمەت بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی ناکات.
ئەم لێدوانانەی دەمیرتاش بووە هۆی مشتومڕێکی گەرم لە بیاڤی سیاسی کوردستاندا. ڕەخنەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە وازهێنان لە داخوازیی بەدەوڵەتبوونی کوردستان، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی نەتەوەیی کورد دادەنێت و ڕەوایەتی بە سیاسەتی داگیرکەران لە ناوچەکە دەدات.
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەم پارادایمە بە تەواوی لەلایەن کۆمەڵگەوە درکی پێنەکراوە؛ سووڕی گۆڕانی ئایدیۆلۆژیی پەکەکە، کە سەرەتا پڕۆژەی بەدەوڵەتبوون بوو و دواتر گۆڕا بۆ “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک”، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ئایندەی سیاسەتی کوردستان دادەنێت.