پرۆژەیاسای چوارچێوە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد دەکات

پرۆژەیاسای چوارچێوە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد دەکات

ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە کە لەم دواییانەدا پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کراوە، ڕێگە بە دواخستنی سزای بەشێک لە زیندانییەکان دەدات.

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاشکرای دەکات کە پرۆژەیاسای چوارچێوە دۆسیەی کۆبانێ دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، چونکە هێشتا بڕیاری دادگا لەسەر دۆسیەکەیان نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

مەرال دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پرۆژەیاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی کە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کراوە و لە 12 ماددە پێکهاتووە، دۆسیەی کۆبانێ دەگرێتەوە و هیچ قەدەغەیەکی سیاسی نوێ بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دروست ناکات.

بەشتاش هەروەها ڕایگەیاند کە بە پێی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە، ئەم دوو سەرکردەیە و سزاکانی دیکەی دۆسیەی کۆبانێ لە دەرەوەی ئەو جیاکارییە نین کە یاسا دیاریی کردووە؛ هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هێشتا دۆسیەکانیان نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و لە قۆناغی پێداچوونەوەدان.

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دادگای تێهەڵچوونەوە دەتوانێت پێش یەکخستنی تەواوەتی دۆسیەکە بڕیاری ئازادکردنیان دەربکات، پاشان دادگای ناوخۆ دەتوانێت بڕیاری دواخستنی سزاکەیان بەپێی یاسا نوێیەکە جێبەجێ بکات.

مەرال دانش وێڕای وەسفکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بە بارمتەی سیاسی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن.

دۆسیەی کۆبانێ یەکێکە لە دۆسیە سیاسییە دیارەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا و زیاتر لە 100 سیاسەتمەداری کوردی تێدا دادگایی دەکرێن. لە نێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)؛ هەردوو سەرکردەکە لە کۆتایی ساڵی 2016ـەوە لە زینداندان.

لە مانگی ئایاری ڕابردوودا دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانکرانی بۆ دەمیرتاش و 30 ساڵ زیندانیکردنیشی بۆ یوکسەکداغ بڕیەوە، بەڵام هێشتا دۆسیەکە لەژێر پێداچوونەوەدایە و تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.

ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە کە لەم دواییانەدا پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کراوە، ڕێگە بە دواخستنی سزای بەشێک لە زیندانییەکان دەدات. سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش، بەڵام تا ئێستاش حکومەتی تورکیا ئامادە نییە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.

Share