لە نەینەوا 37 تەرم لە 3 گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە

گۆڕەکان لە ناوچەکانی هەرماتی 1 و هەرماتی 2 لە مووسڵ و ناوچەی حەویجە دۆزراونەتەوە.
بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵدا تەرمی 37 کەس دۆزراوەتەوە. بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، ئەم تەرمانە هی ئەو پێشمەرگانەن کە لە شەڕی دژی داعشدا بێسەروشوێن ببوون.
دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی هەرێم بە ئاژانسەکانی هەواڵی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە کە گۆڕەکان لە ناوچەکانی هەرماتی 1 و هەرماتی 2 لە مووسڵ و ناوچەی حەویجە دۆزراونەتەوە.
گوتیشی: “لە حەویجە 17 تەرم و لە هەرماتی نزیکەی 20 تەرم دۆزراونەتەوە، کە کۆی گشتییان دەکاتە 37 تەرم. هەرچەندە شایەتحاڵەکان دەڵێن تەرمی پێشمەرگەن، بەڵام ئێمە ناتوانین بەبێ پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) ئەمە پشتڕاست بکەینەوە.”
سەبارەت بە رێکارەکانی ناسینەوەی تەرمەکان، دکتۆر یاسین ئاماژەی بەوە کردووە کە پشکنینی دی ئێن ئەی تێچوویەکی زۆری دەوێت و پێویستە حکومەتی عێراق دابینی بکات، بەڵام ئەوان وەک لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن بە رێگەی دیکە کار بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، لیوا سەید هەژار، جێگری سەرۆکی فەرماندەیی پێشمەرگەی زیرەڤانی راگەیاند، تا ئێستا چارەنووسی 24 پێشمەرگە کە لە شەڕی داعشدا بێسەروشوێن ببوون، نادیارە.
لیوا سەید هەژار جەختی کردەوە، هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت، بەتایبەت سەرۆک بارزانی، بە وردی و خەمخۆرییەوە چاودێری ئەم پرسە دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک.
گوتیشی: “ئێمە ئاگاداری ئەو لیژنە تایبەتانە دەکەین کە لە هەر شوێنێک گومانی هەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵ هەبێت، تیمەکانمان دەنێرین بۆ هەڵدانەوە و گەڕان بەدوای تەرمەکاندا تاوەکو بیانوێنینەوە بۆ باوەشی نیشتمان.”
لە کاتی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا بێسەروشوێن بوون و تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان بەردەوامن.