یەکەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێ کانی گەڕانەوە زێدی خۆیان

یەکەمین کاروانی ئاوارەکان، نزیکەی 650 خێزان لەخۆ دەگرێت.
دوای 7 ساڵ لە ئاوارەیی و ژیانی دووری لە ماڵ و زێدی خۆیان، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێ کانی لە گوندەوارەکانی حەسەکەوە بەرەو شارەکەی خۆیان بەڕێکەوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پرۆسەی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی ئاوارەکانی شاری سەرێ کانی بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە ناوچەکانیان دێت.
سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکی مرۆیی و ئەمنی بەڕێوەدەچێت، لە سەرووی هەموویانەوە مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە مەبەستی دڵنیابوون لە رێکخستنی کاروانەکە و دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکان بۆ گەڕاوەکان.
ئەمڕۆ یەکەمین کاروانی ئاوارەکان، کە نزیکەی 650 خێزان لەخۆ دەگرێت، بە سەدان پیاو، ئافرەت و منداڵ لەگەڵ کەلوپەلەکانیان کۆبوونەوە بۆ دەستپێکردنی گەشتەکە بەرەو شارەکەیان، بەو هیوایەی ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهاتن بە دۆسیەی ئاوارەیی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە رەسەنەکانیان.
2ـی ئابی 2026، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا رایگەیاند، بڕیارە یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەم نزیکانە دەست پێبکات، گوتیشی، قۆناخی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە ئاوارەکانی دەوروبەری باشوور و رۆژئاوای سەرێ کانی دەگرێتەوە، کە زۆربەیان لە پێکهاتەی عەرەبن.
لە لایەکی ترەوە، رۆژی شەممەی رابردوو، ئاوارەکانی سەرێ کانی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە گردبوونەوە و داوای قەرەبووی داراییان بۆ ئەو خانوو و موڵکانە کرد کە تووشی کاولکاری و تاڵانکاری بوون. خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردەوە، گەڕانەوەیان بەستراوەتەوە بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی قەرەبوکردنەوە و دابینکردنی دۆخی گونجاو و زەمانەتی پێویست بۆ سەقامگیری.
دانیشتووانی سەرێ کانی و دەوروبەری لە ساڵی 2019ـەوە و دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بە هاوکاریی گرووپە چەکدارە سوورییە نزیکەکانی ئەنقەرە، رووبەڕووی کۆچپێکردنی زۆرەملێ بوونەوە. ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاوارەبوون زیاتر لە 14 هەزار خێزان بووە کە بە نزیکەی 85 هەزار کەس خەمڵێنراوە.