پەسەکە: پرسی کورد مژارێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکوو پرسی ئازادیی نەتەوەیەکە

پەسەکە: لە تورکیا، پرسی ئازادیی نەتەوەیی کورد بوونی هەیە و هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و توندوتیژییە.
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی 11ی تەباخی 2026، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکراو کردەوە و هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان ڕاگەیاند. پەسەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕەخنەی توندی لە “یاسای چوارچێوە” گرتووە کە لە ڕێکەوتی 10ی تەباخدا لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کراوە و ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو یاسایە نیشانەی بەردەوامیی زێهنییەتی نکۆڵی کردن و ئەمنییەتی تەوەری دەوڵەتە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی پەسەکەدا ئەوەش دەستنیشان کراوە کە “پرۆسەی تورکیای بەبێ تیرۆر” هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد پشتگوێ دەخات و تەنها ئامانجی ئەوەیە کە دۆزی کورد بخاتە چوارچێوەی تیرۆرەوە. پەسەکە جەختیشی کردۆتەوە کو یاسا نوێیەکە بۆ دواخستنی سزای ئەو گەریلایانەی پەکەکە ئامادەکراوە کەوا چەک دادەنێن و دان بە پرسی نەتەوەیی کورددا نانێت، کە پرسیکی سەد ساڵەیە و هەروەها ڕێگە نادات ئەوانەی چەکیش دادەنێن بەشێوەیەکی ئازاد و پارێزراو بەشداری ژیانی سیاسی بکەن.
پەسەکە جەختی لەوە کردەوە کە چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام پرسی کورد تەنیا بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت. لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە لە تورکیا، پرسی ئازادیی نەتەوەیی کورد بوونی هەیە و هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و توندوتیژییە. دەستنیشان کراوە کە چارەسەری هەمیشەیی تەنیا لە چوارچێوەی دەستوورێکی فیدراڵیدایە کە لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادیی کوردان دامەزرابێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پەسەکە داوای یەکێتیی نەتەوەیی کردووە. پەسەکە داوا لە هەموو حزب و دامەزراوە و ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکات کە لە دژی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و لەپێناو داهاتوویەکی ئازاد و شەرافەتمەندانە بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان، هێزەکانیان یەکبخەن.