پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: “یاسای چوارچێوە”، درێژەی پرۆسەی نکۆڵیکردن و پشتگوێخستنی کوردانە

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: ئەو پرۆژەیەی ئێستا بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و ئامانجەکەی لە بنەڕەتدا دژایەتیکردنی کورد و کوردستانە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە ڕاگەیاندراوێکی بەرفراواندا، هەڵوێستی خۆی لە بارەی “یاسای چوارچێوە” دەربڕیوە کە لە 10ی تەباخدا لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەندکرا. PWK ڕایگەیاندووە کە ئەو یاسایەی بۆ چارەسەرکردنی پرسێکە، بەڵام درێژەی سیاسەتی سەدساڵەی نکۆڵیکردن و سەرقاڵکردنی نەتەوەی کوردە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی PWKدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو پرۆژەیەی ئێستا بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و ئامانجەکەی لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە لە سەرجەم پارچەکانی کوردستادا، ڕێگریی لە دەستەبەربوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد و قەوارەیەکی سیاسی بۆ گەلی کوردستان بکات.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان سەرنجی خستۆتە سەر ئەوەی کە یاساکە نەک هیچ ڕستە و گوتەیەک سەبارەت بە مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکان، ئازادیی زمان و ناسنامەی کورد لەخۆناگرێت؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە داخوازی ڕەوای گەلی کورد لەژێر ناوی تیرۆردا پێناسە کراوە.
PWK جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە بێدەنگکردنی چەکەکان و چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا دەبینن، بەڵام گرێدانی مافە نەتەوەییەکانی کورد بە چەکدانانەوە، ڕێبازێکی هەڵەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستاندا داوای دامەزراندنی “شاندی نوێنەرایەتیی نەتەوەیی کورد” کراوە کە لە حیزب و لایەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تاکەکانی کورد پێکبێت، تا ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ویستی بەشێوەی ڕاستەقینە پرسی کورد چارەسەر بکات، ئەم شاندە وەک موخاتەب وەربگرێت.