پرۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی – 2

پرۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی

هەڵوەشاندنەوەی حیزبێک، بە واتای چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیەک نایەت، بزاڤی نەتەوەیی کورد، ساڵەهای ساڵ پێش دامەزراندنی پەکەکە دەستی پێکردووە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

بەشی دووەم: میللەت لە ڕێکخراو کۆنترە و ماف لە چەک قووڵترە

ئەگەر پڕۆژەیاساکە بە دوای دەرگایەکی یاسایی بۆ ئەندامانی پەکەکە دوای چەکدانان دەگەڕێت، کێشەی میللەتێک لە دامەزراندنی حیزبێکەوە دەستی پێنەکردووە تا بە هەڵوەشاندنەوەی حیزبێکیش کۆتایی پێبێت.

لێرەدا جیاوازی نێوان تەمەنی حیزبێک و تەمەنی دۆزی میللەتێک لەبیر دەکرێت. پەکەکە بەرهەمی سەردەمێکی سیاسی هاوچەرخە، بەڵام کورد و زمان و جوگرافیاکەی زۆر لە دەوڵەتی تورک و سنوورەکانی کۆنترن. خودی بزاڤی نەتەوەیی کورد، دەیان ساڵ پێش دامەزراندنی پەکەکە و لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا دەستی پێکردووە.

بۆیە هەڵوەشاندنەوەی حیزبێک، هەرچەندە گەورە و کاریگەر بێت، بە واتای چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیەک نایەت. پێش پەکەکە، (بزاڤ، ڕاپەڕین، قوتابخانەی فیکری و حزبی جۆراوجۆر) هەبوون و لەپاڵ ئەوانیشدا ڕێبازی وەها سەریانهەلداوە کە ئایدۆلۆژیا و میتۆدی پەکەکەیان قەبووڵ نەکردووە. پەکەکە بەشێکە لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی کورد، بەڵام هەموو مێژووەکە نیە دەربڕینێکە لە پرسی کورد نییە، بەڵام سەرچاوەی پرسەکە نیە و خاوەنی داهاتووەکەشی نیە.

پرسی کورد شەرعیەتی خۆی لە چەک وەرناگرێت تا بە بێدەنگبوونی چەک لەناو بچێت. مافی نەتەوەیی لە لوولەی چەکەوە دروست نابێت، بەڵکوو لە هەبوونی نەتەوەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە خاوەن (ناو، زمان، یادەوەری و ئیرادە) بێت. چەک دەبێتە هەڵگری دۆزەکە لە قۆناغێکی دیاریکراودا، بەڵام نابێت بە پێناسەی هەمیشەیی.

لە فەلسەفەی دانپێدانانی هێگلدا: ئازادیی مرۆڤ تەنیا بە ڕێککەوتنی هەبوونی ئەو کۆتایی نایەت، بەڵکوو کاتێک ئەوی دیکە، وەک ناخێکی یەکسان دانیپێدا دەنێت.

بەس نییە بۆ ئاراستەی سیاسی کە دەوڵەت وەک تاک دان بە کورداندا بنێت و لە هەمان کاتدا نکۆڵی لە ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی بکات. هاوڵاتیبوون لەسەر بنەمای بێدەنگی لەسەر ناو و زمان دەبێتە نەبوونی یەکسان، هەروەها شاردنەوەی نکۆڵیکردنە لە دیزاینێکی نوێی مافەکانی تاکەکەسیدا.

لێرەدا جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان تێکەڵبوون و توانەوەندا بەدەردەکەوێت. ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک بەو مانایەیە کە کورد بە پاراستنی ناسنامەکەی خۆیەوە جێگا و پێگەیەکی هاوبەشی هەبێت، بەڵام توانەوە تەنها دوای لەدەستدانی ناسنامە قبووڵ دەکرێت.

یەکەمیان لە جیاوازییەکانەوە یەکێتی دروست دەکات.

بەڵام دووەمیان بە زەبری هێز یەکشێوەیی دروست دەکات و ناوی یەکگرتنی نیشتمانیی لێدەنێت.

بەڵام بیری نەتەوەیی تەنیا گلەیی لە دەوڵەت ناکات. وەک چۆن بۆ دەوڵەت نییە کە بە زۆرداری کورد پێناسە بکات، هەر بەوشێوەیە هیچ ڕێکخراوێکیش بۆی نییە کە نوێنەرایەتییەکەیان بۆ خۆی قۆرخ بکات.

میللەت لە گۆڕینی هەژموونی دەوڵەت بۆ هەژموونی حزبێک، بە ئازادی ناگات، بەڵکو تەنها ئەو حزبە دەگۆڕێت کە بەناوی میللەتەوە قسە دەکات. میللەت لە حیزب گەورەترە، دۆزی نەتەوەیەک لە ئایدۆلۆژیای حیزبێک قووڵترە و ئیرادەی نەتەوەیی لە کەسایەتی یان سەرکردەیەکدا بچووک ناکرێتەوە.

نەمانی پەکەکە دەتوانێت کۆتایی بە قۆناغی چەکدارانە بهێنێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت پرسی کورد لە زیندانی کێشە ئەمنییەکان ڕزگار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکەی: کە پرسی دانپێدانان و ماف و شەراکەتی مێژووییە.

ئایا تورکیا ئاشتییەک قبووڵ دەکات کە تێیدا چەک نەمێنێت؟ یان ئاشتییەک دروست دەکات کە هۆکارەکانی هەڵگرتنی چەک نەهێڵێت؟

حیزب منداڵی بارودۆخێکی سیاسییە؛ بەڵام نەتەوە خاوەن مێژوویەکی تایبەت بەخۆیەتی.

پێکهاتەی حزبێک بە بڕیارێک کۆتایی پێدێت، بەڵام مافە نەتەوەییەکان کە بەر لەو حیزبە هەبوون، دوای ئەو حزبەش هەر دەمێننەوە.

Share