“یاسای چوارچێوە: یاسایەک نیە بۆ چارەسەری، بەڵکوو سەردەمێکی نوێی سیاسەتی دەوڵەتی تورکە لە هەمبەر پەکەکەدا”

"یاسای چوارچێوە: یاسایەک نیە بۆ چارەسەری، بەڵکوو سەردەمێکی نوێی سیاسەتی دەوڵەتی تورکە لە هەمبەر پەکەکەدا"

“قۆناغێک لە پیلانی نێوان پەکەکە و تورکیا لە دژی کورد خەریکە کۆتایی پێدێت، قۆناغێکی نوێش خەریکە دەست پێدەکات”.

مشتومڕ لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دەکرێت کە لە 5ی تەباخدا لە تورکیا پەسەندکرابوو، کە وەکوو ‘یاسای چوارچێوە’ و ‘یاسای بنەڕەتی’ و ناوی هاوشێوە دەناسرێت. ڕەشنووسی یاساکە لەسەر پرسی کورد نییە، بەڵکوو لەسەر ئەو ئەندامانەی پەکەکەیە کەوا چەک دادەنێن و لە شاخ دێنە خوارەوە. یاساکە لە بنەڕەتدا پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی ‘تیرۆریستی’ پێناسە دەکات و ئامانجیشی ئەوەیە کە کۆتایی بە کێشەی ‘تیرۆر’ بهێنێت. ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، کەسایەتی سەرەکییە لە ڕەشنووسی یاساکەدا. ئەم پرۆژە یاسایە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی گەلی کورد و دەوڵەتی تورک نییە، تەنانەت دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیش نیە. ڕەشنووسی یاساکە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکە. بە واتایەکی تر ئۆجەلان دەستنیشانکردنی پەکەکەی وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، قبووڵ کردووە. هەروەها “پارتی دەم”یش بە واژۆکردنی ڕەشنووسی یاساکە قبووڵی کردووە کە پەکەکە ڕێکخراوێکی ‘تیرۆریستی’یە. سەبارەت بە سەرکردایەتی قەندیلی پەکەکە، دوای ئەوەی ئۆجەلان ڕەشنووسی یاساکەی واژۆ کرد، دەسەڵاتی قسەکردنی نییە؛ هەروەها ئەویش قبووڵی کردووە کە پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە.

کاتێک مرۆڤ سەیری مێژووی پەکەکە دەکات، ئەم ڕێککەوتنە یاسایەکە کەوا دانپێدانان بە شکست دەکات. ئەو ئیدیعایانەی کە لەلایەن نورەدین دەمیرتاش، سەباحەت تونجەل و کەسانی دیکە لە ناو پەکەکە یان نزیک لە پەکەکەوە دەکرێن، کە دەڵێن ‘مەسەلەی کورد لە سایەی ئێمەوە گەیشتووەتە ئەم ئاستە’، هیچ بنەمایەکیان لە مێژوو، سیاسەت، ئابووری، یان زانست و تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتیدا نییە. بەپێچەوانەوە کورد لە 50 ساڵ لەمەوبەر، کوردتر نیە، کورد لە 50 ساڵ لەمەوبەر بێ بەرگریترە و زیاتر لە جاران ئاسمیلە کراوە. ئەو خاڵەی کە پەکەکە دوای 50 هەزار قوربانی، وێرانکردنی شارەکان، ئاوارەبوونی هەزاران کەس، چۆڵکردنی گوندەکان، لەناوبردنی خێزانەکان و چەندین ئازاری دیکە پێی گەیشتووە، “یاسای تەوبەکردن”ی نەرمی دەوڵەتی تورکە.

جگە لەوەش بەشێکی زۆر گەورە لە بازنەی کورد، ئەم یاسایە وەک “یاسای تەسلیمبوونی پەکەکە” دەبینن و بەو پێیەش ڕەخنەی لێدەگرن.

هەروەها ئەندامانی پەکەکە و کەسانی نزیک لە پەکەکەش وەک “یاسای تەوبەکردن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەرچووە”، سەیری دەکەن. هەر بۆیە بەشێکی زۆریان هەوڵ دەدەن ئەو بابەتە پشتگوێ بخەن و خۆیان لە وتنی ڕاستییەکان بەدوور بگرن. هەندێک کەس، بە شێوازی “من نازانم، سەرۆک دەزانێت”، بە هەڵوێستێکی کۆنەپەرستانە و ژێردەستەییەوە، هێشتا بە ترسەوە بەرگری لە یاسا دەکەن و دەڵێن: “مادام سەرۆک ئاپۆ قبووڵی دەکات، حەتمەن شتێکی لێدەزانێت”.

پاشان ئەوانەی ناوەڕاست هەن. ئەوان ئەو کەسانەن کە دەڵێن، ‘ئەمە بەس نییە، بەڵام هەنگاوی یەکەمە؛ سەیرکەن منداڵ نامرن، سەلاحەدین دەمیرتاش و ئەوانەی لە زینداندان ئازاد دەکرێن. با دەست پێبکات، ئەوانی تریش بەدوایدا دێن.’ دەتوانین بڵێین ئەمە مەترسیدارترین لێکدانەوەیە بۆ ئەم یاسایە. چونکە هەوڵێکە بۆ فریودانی کورد لە ڕێگەی ئەم چەواشەکارییە لەسەر هەست و سۆزی گەلی کوردستانەوە.

هەر لەسەرەتاوە ئێمە دەڵێین: “ئەرێ، پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە شاخ دادەبەزێت”، چونکە ئێمە نامانەوێت لاوانی کورد بە بێ هۆ بمرن، نە لە زیندان و نە لە شاخەکاندا، بەڵام لەبەر ئەو هەڵوێستەوە، ئێمە یاساکە بە ڕەوا دانانین یانیش هیوای لەسەر هەڵناچنین.

لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەی یاساکە بە شێوەیەکی دروست هەڵبسەنگێنین، پێویستە لە سەر دوو خاڵی سەرەکی ڕاوەستین:

1- ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی تورک یاسا لە دژی شۆڕشگێڕانی کورد دەربکات…

لە سەردەمی عوسمانییەوە، لە سیاسەتی تورکیادا نەریتێک بووە کە پڕۆژە یاسا پێشکەش بە شۆڕشگێڕانی کورد (با بە گشتی ناویان بنێین ‘شۆڕشگێڕ’)، بکرێت.

1923: یاسای لێبوردنی گشتی (کە بەشێک لە شۆڕشگێڕانی کۆچگریی لەخۆگرتبوو)

1924: دووەم یاسای لێبوردنی گشتی (لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی دوای لۆزان دەرچوو)

1933: لێبوردنی تایبەت بە شۆڕشی شێخ سەعید (لێبوردنێکی سنووردار بوو بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی هەندێک تاک و هەڵگرتنی هەندێک سزا).

1947-1948: لێبوردنی تونجەلی (بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای سەرهەڵدانی دێرسیم و هەڵگرتنی هەندێک سزا ئەنجامدرا؛ هەموو کەسێکی نەگرتەوە).

ئەم یاسایانە هیچیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەکرد. کورد بەردەوام پەراوێزخران…

هەروەها لە ساڵی 1985ـەوە دەوڵەتی تورک یاسای تایبەتی سەبارەت بە پەکەکە دەرکردووە.

لە ساڵی 1985دا بەپێی یاسای ژمارە 3216 “یاسای تەوبە” دەرچوو، دواتر لە ساڵی 1988دا دووبارە دەرکرایەوە، دوابەدوای ئەوەش لە ساڵانی 1992، 1993، 1995، 1999، 2003 و 2005 یاسای تەوبە کە ئەندامانی پەکەکەی دەگرتەوە، دەرچوون.

ئەو ڕەشنووسی یاسایەی کە لە 5ی تەباخی 2026دا خرایە ڕوو و بە ‘یاسای بنەڕەتی’ دەناسرێت، بۆ خوڵقاندنی سەرلیشێواوی و دروستکردنی هیوا، بەشێوەیەکی ناپێویست ئاڵۆز و گەورە کراوە. ڕۆژەڤی کورد بە پرسی لاوەکی و دووەمینەوە سەرقاڵ کراوە، وەکوو ئەوەی کە ئایا یاساکە قەرەیڵان دەگرێتەوە، ئایا مستەفا قەرەسوو دەگرێتەوە، یانیش ئایا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پەکەکە جیا بوونەتەوە. سەرەڕای ئەم شانۆگەریە سەیروسەمەرەیە، ئەو پرۆژە یاسایە درێژەپێدەر و وەشانێکی هەموارکراوی یاساکانی لێبوردن و تەوبەیە کە بە درێژایی مێژووی کۆمار دەرچوون.

بەڵام، ئەوەی کە پێویستە ئێمە بیزانین ئەوەیە کە سەرجەم ئەو یاسایانەی هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ دەرچوون، هیچیان بۆ چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکانی کورد نەبوون، بەڵکوو بە مەبەستی ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتدا دەرچوون. ئەوەی کە ئەمڕۆکەش پێی دەوترێت ‘یاسای چوارچێوە’، دەکەوێتە هەمان چوارچێوەوە. کێشەکە دەرکردنی یاساگەلێکە کە ئاسانکاری بۆ سیاسەتی دەوڵەتی تورک دەکەن.

2- یاسا بۆ خزمەتکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت دەردەچێت

جەوهەری ئەو شتەی کە دەتوانین پێی بڵێین ‘یاسای نەرمکراوی تەوبە’ یان ‘یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە’ کە دەوڵەت بۆ ئەندامانی پەکەکە ئامادەی کردووە، ئەوەیە کە پارچەیەکی یاسایی نەرم ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بتوانێت خۆی لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگونجێنێت. یاساکە دەتوانێت بەپێی خواستەکانی دەوڵەت فراوان یان سنووردار بکرێت. ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، دەتوانرێ ڕابگیرێت. بە واتایەکی تر یاساکە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بە کار دەهێنرێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر پێویست بکات، دەوڵەت ڕەنگە بەشێک لە پەکەکە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بەتایبەت دژی ئێران) بەکاری بهێنێت.

ئەوەی لە بەرژەوەندیی کورددایە، جێبەجێکردنی یاسا و چەکدانانی پەکەکە و هاتنەخوارەوەیەتی لە شاخ. بەڵام ئەوەی پێویستە بیزانین ئەمەیە: دەوڵەتی تورک، پەکەکە لەناو نابات. هەروەک چۆن پەکەکە بە پێکهاتە چەکداریەکەیەوە بۆ ماوەی 50 ساڵ کوردی لە ناو گێژاودا هێشتووەتەوە و زیانی پێگەیاندووە، ئێستاش هەوڵ دەدات بە پێکهاتە بێچەکیەکەشیەوە، هەمان شت بکات.

بەکورتی دەتوانین لە بارەی یاساکەوە ئەمە بڵێین: قۆناغێک لە پیلانی نێوان پەکەکە و تورکیا لە دژی کورد خەریکە کۆتایی پێدێت، قۆناغێکی نوێش خەریکە دەست پێدەکات.

Share