وێرانکردنی ئێزدخان، پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ئەرکی پەکەکە لە شنگال

پەکەکە لە شنگالدا ڕزگاریدەر نییە، بەڵکوو پارێزەری بەرژەوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە و هەتا پەکەکە لەوێ بمێنێتەوە، ناسنامەی ئێزدی و خەڵکی ئێزدی هیچ چانسێکی مانەوەیان نییە.
پەلاماردانی شنگال لە 3ی تەباخی 2014دا، کوردانی ئێزدیی لە چوارچێوەی پلانێکی بەرفراوانتری ناوچەییدا کردە ئامانج. ئێستا ڕوونترە کە کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی تەنیا کاری داعش نەبووە، بەڵکوو پلانی گەورەتری لەپشتەوە بووە.
شنگال دەکەوێتە ژێر ماددەی 140ی دەستووری عێراق، کە بەهەمان شێوە دەکەوێتە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یان لەڕاستیدا دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیران لە مووسڵ کشایەوە، شنگال گەمارۆدرا. لە ناوەوە کۆمەڵەیەکی بچووکی پێشمەرگە هەبوون کە ژمارەیان نزیکەی سەد کەس دەبوو، زۆربەیان سەر بە یەنەکە بوون؛ بەڵام هەموو ڕێگاکانی تر لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون. داعش بەگشتی بەرەو بەغدا دەڕۆیشت، بەڵام لەناکاو ڕێڕەوی خۆی گۆڕی و هێرشی کردە سەر شنگال. ئەوەی کە داعش پێشڕەویەکانی بەرەو بەغدا ڕاگرت و لەناکاو ڕووی لە شنگال کرد، ئەوە نیشان دەدات کە ئەم هێرشە تەنها بە هۆکاری سەربازی ڕاڤە ناکرێت. ئەوەی کە لە باتی شیعە، گەلی کورد کرایە ئامانج، بەپێی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لەو کاتەدا، ناکرێ وەها سەیر بکرێت کە تەنها ڕێکەوتێک بووە. بە پێچەوانەوە ئەو هەڵسەنگاندنەی بەهێزتر کرد کە ئەمەی بە بەشێک لە ستراتژییەکی فراوانتر بۆ ڕێگریکردن لە کورد بۆ قۆستنەوەی بۆشایی جیۆپۆلەتیکی نوێ، دادەنا.
بۆچی شنگال دوای 11 ساڵ لە ئازادکردنی نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی؟
هەرچەندە 12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شنگال و 11 ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگالدا تێپەڕ بووە، بەڵام شنگال هێشتا لە دۆخێکی ئاژاوە و پشێویدایە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش پەکەکەیە کە بە هاوکاری ڕژێمە شیعەکانی عێراق و ئێران خۆی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.
پەکەکە لە ڕێگەی ئەو دامەزراوە سەربازی و سیاسیانەی لە شنگال دایمەزراندوون، لە پرۆسەی جیاکردنەوەی شنگال لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی کاریگەر وەک ئامرازێک کاری کردووە. پەکەکە کە ژمارەیەکی کەم لە گەنجانی ئێزدی لە پێکهاتەی سەربازی خۆیدا بەکارهێنا و ڕێکخراوێکی بە ناوی یەبەشە دامەزراندووە (بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، ژمارەی ئێزدییەکانی ناو یەبەشە، چارەکێک لە کۆی هێزی یەبەشە پێکدەهێنن). ئێستا یەبەشە بە فەرمی لقێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە. لە ڕاستیدا شنگال بووەتە پارچە خاکێک کە لە نێوان حەشدی شەعبی و پەکەکەدا دابەش کراوە. لە شنگالدا، هەم شارۆچکەکان و هەمیش گوندەوارەکان لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی هەردوو هێزەکە، دابەش کراون. ئەو گرووپانە لە زۆر کاری نایاساییدا، لەوانە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قاچاخچێتی چەک و کۆکردنەوەی باجی نافەرمی لەسەر سنوورەکان، بەشدار بوون.
پەکەکە ناسنامەی ئێزدییەکانی لاواز کرد و دووبەرەکێی تێدا دروست کردن
ئەم دۆخە گەورەترین بەربەست بووە لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال. بەڵام مەسەلەکە بەمە کۆتایی نەهاتووە؛ هەردوولا هەنگاویان ناوە بۆ ئەوەی کە ناسنامەی ئێزدی لە ناسنامەی کورد داببڕن و جیای بکەنەوە. پەکەکە هەوڵیداوە ناسنامەی ئێزدی بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و مامەڵەکردن بەکاربهێنێت. هەر بەو هۆیەشەوە پەکەکە خەلکی سنگالی لە دژی میری ئێزدی و مەجلیسی ڕۆحانی هانداوە کە هەوێنی ناسنامەی ئێزدییەکانە و هەوڵیدا کە لە شنگالدا ڕێبەرێکی ڕۆحانی جیا بسەپێنێت. ئێزدییەکان لە تەواوی مێژووی خۆیاندا بەم شێوەیە دابەش نەبوون. پەکەکە خەڵکی شنگالی کردووە بە دوژمنی بەعشیقە و شێخان کە ناوەندی سەرەکیی ئێزدییەکانە. لە لایەکی ترەوە، پەکەکە لە ڕێگەی پڕوپاگەندە دژی پێشمەرگە، خەڵکی شنگال و ئێزدییەکانی کردووە بە دوژمنی هەرێمی کوردستان.
جگە لەوەش عەرەبە شیعەکان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان ڕازی بکەن کە دژی کورد شەڕ بکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کورد سوننەیە و داعشیش سوننە بوون. ئێستا شیعەکان لەژێر مانیپۆلاسیۆنی ئیدئۆلۆژیکی پەکەکە و عەرەبە شیعەکاندا، لەگەڵ لەدەستدانی ناسنامەی خۆیان بەرەڕوون. حەشدی شەعبی و پەکەکە تەنها بۆ ئەوەی کە خۆیان لەوێ بمێننەو، هەوڵی ئەوە دەدەن کە ڕێگری لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بکەن. هەر بۆیە ڕێگا نادەن ئێزدییەکان بگەڕێنەوە. پێش کۆمەڵکوژییەکە 550 هەزار ئێزدی لە شنگال دەژیان؛ جگە لەو کەسانەی کە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، تا ئێستاش 325 هەزار و 197 ئێزدی لە کەمپ و شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و ناوێرن و ئامادە نین بگەڕێنەوە.
ئێزدییەکان هەرگیز ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی مەترسیداری وەها نەبوون، تەنانەت لە کۆمەڵکوژییەکانی پێشووشدا. پەکەکە ئێزدییەکان لە دژی یەکتر و دژی کوردە موسڵمانەکان لە شنگال هان دەدات.
پەکەکە لە شنگال بووتە هۆی سێ دەرئەنجامی گرینگ کە لە بەرژەوەندی بەغدان و لە دژی کورد کار دەکەن
کاتێک مرۆڤ سەیری ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان دەکات، ئەوە باشتر ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی پەکەکە ڕەوانەی شنگال کراوە.
حزووری پەکەکە لە شنگال بۆ پاراستنی ئێزدییەکان نییە، بەڵکوو بۆ جیاکردنەوەی شنگالە لە کوردستان، بەپێی پڕۆژە جیۆپۆلەتیکیەکان. حزووری پەکەکە لە شنگال ئەم دەرئەنجامانەی هەبووە:
1- لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی یاسایی کوردستانی دەدات، شنگال لە ڕیگای سەپاندنی داواکارییەکی ناواقعی بۆ خۆسەری بەسەر ناوچەکە، لەپێناو بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێراقدا، لە کوردستان جیا کرایەوە. بە کردەوە ئەمە بە واتای ڕادەستکردنی خاکی کوردستان بە عەرەب بوو.
2ـ سنووری نیوان ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقدا بوو. دیواری کۆنکرێتی دروست کراون بۆ ئەوەی ئەو دوو بەشە لە یەکتر جیابکرێنەوە. بە واتایەکی تر دابەشکردنی ئەو دوو بەشەی کوردستان کە لە لۆزان بڕیاری لەسەر درابوو، توندتر کرا.
3- پەکەکە لە شنگال زۆرترین زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاند. لەبری ئەوەی هێرش بکەنە سەر چەتەکانی داعش، هەوڵیدا کە سووکایەتی بە پێشمەرگەی کوردستان بکات، کە دەیان کەسیان لە ڕێگای ڕزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون. هەروەها بە هەڵسوکەوت کردنی وەک پاسەوانێکی دەوڵەتی عێراق لە شنگال، پشتگیریی لە گەمارۆی ئابووری سەر کوردستان کرد. بەتایبەتی بووە هۆی دوورخستنەوەی کورد لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە ئێستا لە نێوان تورکیا و عێراقدا بەڕێوە دەچێت.
پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، پرۆژەیەکە بۆ گەمارۆدانی کوردستان
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ئابووری نییە؛ پرۆژەیەکە بۆ گەرەنتیکردنی دابەشکردن و گەمارۆدانی کوردستان داڕێژراوە. لە ڕووی مێژووییەوە، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە دابەشکردنی کوردستان و لاوازکردنی کوردستانە لە ڕووی ئابوورییەوە ئەو پرۆژەیە ئامانجی ئەوەیە کە خاکی کوردستان دابەش بکات و بە نەهێشتنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، لە بواری ئابووریدا کوردستان لاواز بکات. پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، پڕۆژەیەکە بۆ بەهێزکردنی باڵادەستیی ئابووری و سەربازی و سیاسی بەغدا بەسەر کوردستاندا.
دوای دوانزە ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکە، هەرچەندە ئەو ڕاستییە سیاسییە بەدیار دەکەوێت کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و عێراق سەربەخۆیی بە شنگال نادات، بەڵام هێشتا پەکەکە بیرۆکەی بەڕێوەبەرییەکی خۆسەر لە شنگال بەرەوپێش دەبات و لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا هێزە سەربازییەکانی خۆی دەپارێزێت. نەک هەر بۆخۆی ڕێگریی لە گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵکوو ڕێگریی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانیش کردووە. کاتێک مرۆڤ سەیری 12 ساڵی ڕابردوو دەکات، ڕاستییەکە ڕوونە: لە چوارچیوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراقدا بۆ لەناوبردنی کوردستان، پەکەکە وەکوو ئامرازێک لە شنگال بەکارهێنراوە؛ لە بەرانبەر ئەمەشدا، شوێنی مانەوەی بۆ دابین کراوە. ئەمڕۆکەش لە گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، پەکەکە وەک ئامرازێک بەکار دێت. بە واتایەکی تر پەکەکە لە شنگالدا ڕزگاریدەر نییە، بەڵکوو پارێزەری بەرژەوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە و تا ئەو پاسەوانە لەوێ بمێنێتەوە، ناسنامەی ئێزدی و خەڵکی ئێزدی هیچ چانسێکی مانەوەیان نییە.