شنگال؛ لە جینۆسایدەوە بۆ کێبڕکێی لایەنەکان!

هەر هێزێک بەناوی بەرگریکردنەوە چووبێت ناو شنگال، ئیدی کاتێک شنگالییەکان پێویستیان پێنەماوە دەبێ ڕازی بێت کە بێتە دەرەوە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
هەموو ناوچەیەک کە داگیرکەر بەجێی بهێڵێت بە ناوچەیەکی ئازاد دانانرێت، چونکە ڕەنگە دوژمن دەروازەکانی شار بەجێبهێڵێت، بەڵام هێشتا ئیرادەی خەڵکی شارەکە لەژێر هەڕەشەدایە. ئازادیی شنگال بە ژمارەی ئو ئاڵایانەدا پێوانە ناکرێت کە ئێستا لەوێ هەڵدەدرێن، بەڵکوو بە توانای خەڵکەکەی دەپێورێت لە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ژیانێکی ئارام بەبێ ئەوەی چەک بە ناوی ئەوانەوە قسە بکات.
لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و فیکری لەسەر ڕزگارکردنی خاک و دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێی ئیرادەیان
ئەوەی لە ساڵی 2014 بەملاوە لە شنگال ڕوویداوە، تەنها یەک ڕووداوی لەناکاو نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک شکستی یەک لە دوای یەک بوو کە سەرەتا بە جینۆسایدی داعش دەستی پێکرد و پاشان دوای شکستی داعش بوو بە کێبڕکێی ئەو هێزانەی کە هەوڵی میراتگری ئەو خاکە دەدەن کە بۆیان بەجێ ماوە.
بڕیاری کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان تەنیا هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی وجوودی کۆمەڵگەیەک.
کاتێک خەڵکی شنگال ئاوارەی شار و کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوون، نەک هەر ماڵە وێرانەکانی خۆیان بەجێهێشت، بەڵکوو بۆشاییەکی سیاسی و ئەمنیشیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت کە هەر زوو بوو بە شوێنی کێبڕکێی نێوان هێزە ئیقلیمی و ناوخۆییەکان.
لێرەدا ئەو ڕاستییە ڕەسەنە سەرهەلدەدات کە زۆرجار لە نێوان پڕوپاگەندەی ئەملا و ئەولادا ون دەبێت: هیچ بۆشاییەک بە بەتاڵی نامێنێتەوە.
ئەگەر دەوڵەت بوونی نەما و کۆمەڵگەش توانای پاراستنی خۆی نەما، ڕێکخراوە چەکدارەکان دێن تا شوێنەکەی ئەوان کۆنترۆڵ بکەن و زۆربەی جارەکانیش بە ناوی ڕزگارکردنەوە دەچنە ژوورەوە، بەڵام ئەوکات تێدەگەن کە کێشەکە درێژەی بە هەبوونی خۆی دەدات.
پەکەکە شارەزایەکی باشی لە سیاسەتی ئیستغلال کردنی بۆشاییەکاندا هەیە. لە ڕۆژئاڤای کوردستان، سوودی لە داڕمانی دامودەزگاکانی ڕێژیمی سووریا لە کاتی شەڕدا وەرگرت و بۆشایی ئەمنی گۆڕی بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی و ئیداری درێژخایەن. لە شنگالیش کۆمەڵگەیەکی ماڵوێران و شاخێکی ستراتژیک و سنوورێک کە عێراق بە سووریاوە گرێ دەدات لەگەڵ گۆڕەپانێک کە بەرژەوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە و تاران تێیدا یەکدەگرنەوە، بۆخۆی بینی. هەربۆیە شنگالی وەک هەرێمێک نەدەبینی کە تەنها پێویستی بە یارمەتیدان و ڕزگارکردن هەیە، بەڵکوو وەک گرێیەکی جوگرافیی دەبینی کە بتوانێت بیکات بە درێژەپێدانی پڕۆژە ناوچەییەکەی.
بۆ دادپەروەریی مێژوویی، هێزەکانی سەر بە پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشدارییان کرد لە کردنەوەی ڕێڕەوێک بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئێزدی و لە قۆناخی شەڕدا، بەشدارییان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کرد. ئینکارکردنی ئەمە خزمەت بە ڕاستی ناکات، بەڵکوو ڕێگە بە پڕوپاگەندەی حزبی دەدات کە هەر ڕەخنەیەکی دواتر بگۆڕێت بۆ ئینکارکردنی قوربانیدان.
لەبەرامبەردا هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی و بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە پڕۆسەی سەربازیدا گێڕا و بە ڕزگارکردنی شاری شنگال لە ساڵی 2015دا، کۆتایی پێهات. بەڵام کێشەکانی دوای ئازادکردنی ئەو شارە ئەوە نەبوو کە کێ شەڕی سەختتری کردووە، یان کێ تەقەی یەکەمی کردووە، بەڵکوو پرسیارێکی گەورەتر هەبوو: ئایا بەشداریکردن لە ڕزگارکردندا، مافێکی هەمیشەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت کە حوکومڕانی ئەو خاکە بکات؟
قوربانیدانی سەربازی جێگای ڕێزە، بەڵام نابێتە تاپۆی موڵکداریی سیاسی. کەسێک کە لە کاتی مەترسیدا یارمەتی کۆمەڵگایەک بدات، ئەرکێکی مرۆیی جێبەجێ دەکات، بەڵام ئەو کەسەی کە لە بەرامبەر ئەو کردارە ئینسانییەدا، خۆسەپاندنی سیاسی هەمیشەیی بەسەر خەڵکدا فەرز بکات، ئەوا ڕزگارکردن لە بەهایەکی ئەخلاقییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی دەستبەسەرداگرتن.
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017دا و پێشڕەوی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، شنگال نوقمی ململانێیەکی نوێ بوو. گەل کە تازە لە جینۆساید و ئاوارەیی و وێرانکاری دەرچووبوو، ناوچەکەیان بەرگەی شەڕێکی دیکەی نەدەگرت. هەربۆیە ریشسپییەکانی شنگال داوایان کرد کە بەرەی شەڕ لە ئەوان دوور بخرێتەوە. لێرەدا بوو کە سەرۆک مەسعوود بارزانی بڕیاریدا هێڵی بەرگری بگۆڕدرێت بۆ دەڤەری سحێلا و شنگال لە ڕووی سەربازییەوە چۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی کە نەکرێت بە شوێنی کارەساتێکی تر.
بەڵام ئەو بڕیارە کە بۆ پاراستنی گەل درا، بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسیی دروست کرد.
دوای ڕاگیرانی ململانێیەکان لە سحێلا، شەڕی دووەم کە خەڵک لێی دەترسا لەناو شنگالدا ڕووی نەدا، بەڵام ئەو بۆشاییەی هێزی پێشمەرگە بەجێی هێشت بۆ هێزەکانی دیکە کرایەوە.
لقەپۆپەکانی پەکەکە لە شاخەوە دابەزین بۆ ناو شارەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامودەزگا و یەکەکانی عێراق زیاتر کرد و یەکەی سەربازی و ئیداری بە ناوی جیاوازەوە سەریان هەڵدا.
بەم شێوەیە حزووری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وردە وردە لە ئەرکێکی پەیوەست بە شەڕی داعشەوە گۆڕدرا بۆ پڕۆژەیەکی هەژموونی سیاسی و ئەمنی کە لە بڕیاردان لە سەر چارەنووسی شنگالدا بەشداری بکات بەبێ ئەوەی مۆڵەتێکی هەڵبژێدراویان هەبێت و بەرە بەرە حزووری چەکدارانەی هەبێت.
لێرەدا پرسیارێکی ئەخلاقی شەرمەزارکەر دێتە پێشەوە: بزووتنەوەیەک کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هاتوە بۆ ڕزگارکردنی گەلان، چۆن دەتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر کۆمەڵگایەکدا بسەپێنێت کە مافی حوکمڕانیی پێ نەداوە؟ چەکێک کە بۆ پاراستنی ئیرادەی خەڵکی شنگال هەڵبگیرێت چۆن دەتوانێت جێگرەوەی خودی ئەو ئیرادەیە بێت؟
مەترسیدارترین شێوەکانی زاڵبوون ئەوانە نین کە خۆیان وەک داگیرکەر ڕادەگەیەنن، بەڵکوو ئەوانەن کە بە زمانی قوربانیی قسە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی چەوساوەکان بێدەنگ بکەن.
پەیمانی نوێ بە خەڵک ناڵێت: تۆ بێچارەیت و لەژێر دەسەڵاتی مندایت، بەڵکوو پێی دەڵێت: من ڕزگارکەرم و لە تۆ باشتر سوودەکانی تۆ دەزانم. بەناوی پارستنەوە ئیرادەی چەوساوەکان زەوت دەکرێت، بەناوی شۆڕشەوە حوکمێک بەسەر ستەملێکراودا دەسەپێنرێت و بەناوی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتەوە، دامەزراوەیەک دروست دەکات کە ئەرکەکانی دەوڵەت بەبێ مۆڵەت و دەستوور و لێپرسینەوە و هەڵبژاردنەوە، ئەنجام بدات.
ئەمە تەنها کێشەی لایەنێک نییە، بەڵکوو کێشەیەکی ڕەسەنە لە فەلسەفەی ڕێکخراوە چەکدارەکاندا. چەک لەلای ئەون وەک پێویستیەکی سەردەم دەست پێدەکات، پاشان بە تێپەڕبوونی کات، دەگۆڕدرێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی ڕەوایەتیدان. ئەو ڕێکخراوانە کاتێک لە بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک شکست دەهێنن، مێژووی خۆیان و قوربانیدانی خۆیان دەهێننە پێشەوە بۆ ئەوەی بڵێن ڕەوایەتی چەک لە ڕەوایەتی هاووڵاتیان بەرزترە.
بەڵام ئازادی بە ژمارەی شەڕڤانان ناپێورێت، بەڵکوو بەو ئازادییە دەپێورێت کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لای هەموو مرۆڤەکان دەمێنێتەوە. ئەگەر خەڵکی شنگال نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و نەتوانن بە ئازادی بەشداری لە حوکمڕانی شارەکەیاندا بکەن و بە دوور لە زۆرداریی هێزە چەکدارانەان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، ئەوا ڕەنگە شەڕ کۆتایی هاتبێت، بەڵام هێشتا پرۆسەی ڕزگارکردن بە ئەنجام نەگەیشتووە.
لە ڕێکەوتی 9/1/2020دا، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەردوو پرسی ئیداری و ئەمنی (دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان و ڕەخساندنی مەرجەکان بۆ گەڕانەوەی یاوارەکان)، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا. نەتەوە یەکگرتووەکان وەک یەکەم هەنگاو بۆ ئاراستەیەکی دروست پێشوازیی لێکرد. بەڵام ڕێککەوتنەکە لە نێوان ڕەوایەتی دەق و هێزی ئەمری واقیعدا، بە هەڵپەسێراوی مایەوە. واتە هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئامادە بوون ئەو هەرێمە ڕادەستی عێراق بکەن، بەڵام ئامادە نەبوون بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بسپێرن.
لە ئەنجامدا بەشێک لە پێکهاتەی شنگال، بە سەرکردایەتیی پارتی کرێکاران و بە پاڵپشتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بە بێ بەشداری زۆرینەی خەڵکی شنگال، بەڕیوەبردنی هەرێمەکەیان بەدەستەوە گرت.
ئەمە ڕەخنەیەکی ڕەوایە، چونکە سەپاندنی بڕیار لەسەر شێوازی حوکمڕانی شنگال، بەبێ ڕەزامەندیی خەڵکی شنگال کارێکی ناتەندروستە و دژایەتیکردنی ڕێککەوتنەکە، نابێت ببێتە بیانوو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان.
تورکیا لایەنێکی واژۆکەری ڕێککەوتنەکە نەبوو، هەرچەندە ترسە ئەمنییەکانی لە حزووری پەکەکە و هەژموونییەکەی لە حیساباتی ناوچەکەدا لە پشت پەردەوە ئامادەبوون. لێرەوە شنگال بوو بە شوێنی کێبڕکێیەک بۆ پڕۆژەی گەورەتر لە خۆی: (بەغدا دەیهەوێ سەروەریی خۆی یەکلایی بکاتەوە، هەولێر دەیهەوێ ڕۆڵی دەستووری و سیاسیی خۆی بگێڕێت، پەکەکە دەیهەوێ ڕێڕەوی هێژەموونی خۆی پێشبخات، حەشدی شەعبییش دەیهەوێ هەبوونی خۆی جێگیر بکات و تورکیاش لە دەلاقەی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە سەیری دەڤەرەکە دەکات)، لە نێو ئەو هەموو ئیرادەدا، ئیرادەی خەڵکی شنگالیش هەبوو.
بەردەوامیی کۆچکردن بە یەک فاکتەری ڕوون ناکرێتەوە، بەڵکوو (وێرانکاری، خراپی خزمەتگوزارییەکان، بێکاری، کێشەی کارگێڕی، نەبوونی متمانە بە قەرەبووکردنەوە، زۆربوونی هێزە چەکدارەکان) هۆکاری باون. خەڵک ناگەڕێنەوە بۆ شارێک کە نەزانن کێ حوکمی دەکات و نەزانن کە چ یاسایەک دەیانپارێزێت و کاتێک یاسای چەک بەکار بهێندرێت، خەڵک پەنا بۆ کام دەسەڵات ببات.
هەڵبژاردن لایەنێکی گرنگی ئەم کێشەیە دەستنیشان دەکات. هێزەکانی نزیک لە پڕۆژەی پەکەکە، لە گۆڕینی حزووری سەربازیی خۆیان بۆ قبووڵکردنێکی هەڵبژاردن، شکستیان هێنا، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئاستێکی جەماوەریی ڕەسەن و باڵادەستی لە ناوچەکەدا پاراست. هەڵبژاردن بە تەنها هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی چارەسەر ناکات، بەڵام شەرعیترین ڕێگایە بۆ پێوانەکردنی ئیرادەی گەل. ئەو کەسەی کە سندووقەکانی دەنگدان مافی حوکمڕانیی پێنادات، بە هیچ شیوەیەک دروست نیە کە چەک ئەو مافەی پێبدات.
بۆیە پرسی شنگال تەنها کێشەی نێوان پەدەکە و پەکەکە نییە، کێشەیەکی ئیداریی نێوان بەغدا و هەولێرێش نییە، بەڵکوو کێبڕکێی نێوان دوو فەلسەفەی دەسەڵاتە: فەلسەفەیەک کە مرۆڤ وەک خاوەن خاک و بڕیاردەر دەبینێت لە گەڵ فەلسەفەیەکدا کە زەوی وەک شوێنێکی ستراتژیک و مرۆڤیش وەک ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی هەژموونی دەبینێت.
ڕزگاری دەسەڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە، بەڵام دەستبەسەرداگرتن تەنها ناوی بەڕیوەبەرەکان دەگۆڕێت. ڕزگاریی یەکجاریی کاتێک دێت کە مرۆڤەکان بتوانن بۆخۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن، بەڵام وەسایەت هەمیشە پێویستی بە هەڕەشەیەکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی کە درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. بۆیە هەندێک هێز نەک هەر تەنها بە تەعاموڵ کردن لەگەڵ کێشەکاندا دەژین، بەڵکوو بە ڕێگریکردن لە کۆتاییهاتن بە کێشەکاندایە کە دەژین.
شنگال ئەمڕۆ پێویستی بە ڕزگارکەری زیاتر نییە بۆ ئەوەی بەناوی خۆیەوە قسە بکات، بەڵکوو پێویستی بە دەوڵەتێک هەیە کە بەرگری لە مافی گەلەکەی بکات تا بۆخۆیان بەناوی خۆیانەوە قسە بکەن. پێویست ناکات ئاڵایەکی نوێ لەسەر برینەکانیدا هەڵبکرێت، بەڵکوو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئەخلاقی هەیە کە دان بەوەدا دەنێت کە ئێزدییەکان، کەرەستەیەکی مرۆڤی نین بۆ پڕۆژەیەکی حزبی و پردێکی جوگرافی نین بۆ تەوەرەکانی ناوچەکە و کەمەنەتەوەیەکی بێچارە نین کە بە هیوای ڕاپەڕینێکی چەکداری بن.
شنگال بۆ خەڵکەکەیەتی. هەر هێزێک بەناوی بەرگریکردنەوە چووبێت ژوورەوە، ئیدی کاتێک شنگال پێویستیی پێنەماوە دەبێ ڕازی بێت کە بێتە دەرەوە، هەروەک چۆن کاتێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆیشتن بۆ کۆبانی یان کاتێک خەڵکەکەی ڕەتیدەکەنەوە کە بۆ هەمیشە لەوێ بمێننەوە. ئەگەر وانەبێت، بەرگری دەگۆڕێت بە وەسایەت، قوربانیدان دەگۆڕدرێت بۆ ئیمتیازاتی سیاسی و ڕزگارکردنیش دەبێتە دەستبەسەرداگرتن.
چونکە شارەکە کاتێک بەڕاستی ئازاد دەبێت کە نەک تەنها دوژمنی یەکەمی تێکبشکێنێت، بەڵکوو هیچ “دۆستێک” نەتوانێت دواتر ئیرادەی ئەو داگیربکات.