ئایا پەکەکە هێزە سەربازییەکانی خۆی بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک جێگیر دەکات؟

ئایا پەکەکە هێزە سەربازییەکانی خۆی بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک جێگیر دەکات؟

ئەنقەرە لەبری ئەوەی پەکەکە بەتەواوی لەناو ببات، دەتوانی بیخاتە ناو نەزمی نوێی ناوچەییەوە.

لە تورکیا، دوای ئەو پڕۆسەیەی کە لە هەمبەر پەکەکە دەستی پێکرد و دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 25ی شوباتدا پەکەکەی هەڵوەشاندەوە، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەستیپێکرد کە چارەنووسی هێزە سەربازییەکانی پەکەکە چی دەبێت؟ لەم بارەوە زۆر شرۆڤە و لێکدانەوە کراوە. یەکێک لەو شرۆڤانە لەلایەن ماڵپەڕی “The National Context”ـەوە کراوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە ماڵپەڕەکە ئامادەی کردووە، پەکەکە کەوا هەڵوەشاوەتەوە و لە ئێستادا ناوی “تەڤگەری ئاپۆیی” لەسەر خۆی داناوە، لە داهاتوودا بەپێی بەرژەوەندییەکانی تورکیا سەرلەنوێ خۆی ڕێکدەخاتەوە.

ماڵپەڕی “The National Context”، سەبارەت بە حزووری پەکەکە لەسەر سنووری ئێراندا نووسیویەتی: “هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا پەکەکە چەک دابنێت و وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا لە بنکەکانی لەسەر سنووری عێراق-تورکیا بکشێتەوە، بەڵام پێکهاتە و لقوپۆپەکانی بە بێدەنگی بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی خۆیان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەسەر سنووری ئێران بەهێزتر دەکەن. پێدەچێت پەکەکە لەبری کشانەوە، ژێرخانی سەربازی خۆی بەرەو باشوور بگوازێتەوە و ببێتە کاریگەرترین ئەکتەری سەربازی لە بەشێکی گرینگ و بەرچاوی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا.

دوایین نیشانەی ئەمەش، ئەو هەواڵانە بوون کە باس لە هەڵکەندنی تونێلی نوێی پەکەکە لە دەوروبەری هەڵەبجە دەکەن. ئەم ناوچەیە جیرانی شاری پاوەی کوردستانی ئێرانە و لەم دواییانەدا بووەتە جێی چالاکیی سەربازیی دژ بە سوپای پاسداران و لە ڕۆژەڤدا بوو. ئەگەر ئەم زانیاریانە پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوا سەرنج دەخرێتە سەر قۆناغێکی نوێ لە ستراتژیی فراوانبوون بەرەو باشوور، کە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە.

لەڕاستیدا ئەم فراوانبوونە لەسەر ڕەگەزێکی دیار بەڕیوەچوو. پەکەکە لە چیای قەندیلەوە کە ساڵانێک بوو ناوەندی سەرەکیی بوو، سەرەتا بەرەو قەڵادزێ پەلی هاویشت و پاشان بەرەو چیای ئاسۆس و دەڤەری ماوەت بڵاوەی کرد، کە ئەمڕۆکە بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی پژاک دادەنرێت. دواتر لەوێشەوە بەرەو پێنجوین ڕۆیشت. لە باشووریشەوە هەواڵی حزووری پەکەکە لە دەوروبەری سەیدسادقیش بڵاوبوویەوە. لە کۆتاییدا ڕاگەیەندرا کە پەکەکە خەریکە لە دەوروبەری هەڵەبجە تۆڕێکی تونێل دروست دەکات.

هەرچەندە لە نێوان ئەم خاڵانەدا کەلێنیش هەبێت، بەڵام هەموویان بە زنجیرە چیایەکی بێ پچڕانەوە پێکەوە گرێدراون کە لە قەندیلەوە بەرەو باشوور تا سنووری ئێران درێژ دەبێتەوە. ئەمەش ڕێڕەوێکی سروشتی بۆ پەکەکە دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەیەوە بتوانێت بە ئازادی لە ناوچە شاخاوییەکاندا بجووڵێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە هەر خاڵێکدا بنکەی هەمیشەیی دابمەزرێنێت.

پەکەکە لەکاتێکدا کە لە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا نزیک دەبێتەوە، بە بێدەنگی خۆی لە سنووری ئێران بەهێزتر دەکا

ئەم گۆڕانکارییە جێگای سەرنجە، چونکە جێگیربوونی پەکەکە لەسەر هێڵی پارێزگای سلێمانی، پێشهاتێکی تاڕادەیەک نوێیە. کاتێک ڕێکخراوەکە لە ساڵانی 1980دا دەستی بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا کرد، زۆربەی نزیک بە تەواوی کەمپەکانی لە هەرێمی کوردستان، لە ناوچەکانی نزیک لە سنووری تورکیا بوون. سەرەتا لە حەفتەنین، پاشان لە ئامێدی و دەڤەری خواکورکی هەولێردا جێگیر بوو؛ لە ساڵانی 1990دا، لە چیاکانی گارە و قەندیلدا بنکەی هەمیشەیی دامەزراند. بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە لەو کاتەدا لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا بوون.

ستراتژیی سەربازی تورکیا کە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریی بەسەردا هات، وردە وردە ئەم وێنەیەی گۆڕی. ئەنقەرە لەبری ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجام بدات، دەستی بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی هەمیشەیی لە هەرێمی کوردستان کرد و پەکەکە وردە وردە بەرەو باشوور پاشەکشەی کرد. بەڵام خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی بە شێوەیەکی گشتی دوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2011ی نێوان ئێران و پژاک هاتە ئاراوە. خێراترین فراوانبوونی ڕێکخراوەکە بەرەو باشوور لە ساڵی 2012 بەملاوە ڕوویدا.

ئەم قۆناغە لەگەڵ گۆڕانکاریی گرینگی دەسەڵات لە ناو یەنەکەدا، هاوکات بوو. دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی کاریگەریی لاهور شێخ جەنگی لەسەر دامەزراوە ئەمنییەکان زیادی کرد. هەر لەم قۆناخەدا بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان یەنەکە و پەکەکە وردە وردە گۆڕدرا بۆ شەراکەتی ستراتیجی و ئەم دۆخەش ڕێگەی بە پەکەکە دەدا تا بە ئازادی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەنەکەدا بڵاو ببێتەوە.

لەوانەیە ئەو بوارانەی لێرەدا ئاماژەیان پێکراوە، بە تەواوی ڕەنگدانەوەی بوونی ڕاستەقینەی ڕێکخراوەکە نەبن. هەندێک جار هەواڵی هەبوونی پەکەکە لە دەوروبەری کەلار و تەنانەت لە چەمچەماڵیش بڵاو دەکرایەوە. بەڵام دروستکردنی سیستماتیکی تونێل و هێڵی بەرگری بەدرێژایی سنووری ئێران بەتایبەتی، لە پێشهاتەکانی دیکە زۆر زیاتر سەرنجڕاکێشە.

لەگەڵ هەنگاونانى ئەو ڕێکخراوە بەرەو ئاشتى لەگەڵ تورکیا، ئەولەویەتە ستراتژیکیەکانیشی دەگۆڕدرێن. ئێستا ئیدی پەکەکە زیاتر لەوەی تەڤگەرێکی ڕاپەڕیو بێت کە فۆکۆسی لەسەر تورکیایە، زۆرتر لە دامەزراوەیەک دەچێت کە بەرەو ئێران دەروات. لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، چاوەڕوان دەکرێت ئەو ڕێکخراوە سەرجەم پێگەکانی لە سنووری تورکیا چۆڵ بکات. بەشێکی زۆری حەفتەنین، ئامەد و خواکورک لە ئێستاوە بە دیفاکتۆ لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی تورکیادان. تەنیا بەشێک لە گارە و خواکورک ماونەتەوە؛ چاوەروان دەکرێ کە لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەکەدا ئەمانەش چۆڵ بکرێن.

ئەگەر ئەمە ڕووبدات، جوگرافیای سەربازی پەکەکە لە بنەڕەتدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەبوونی لەسەر سنووری تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی دێت؛ ئەو ژێرخانە سەربازیەشی کە ماوەتەوە، بەرە بەرە بەتەواوی لەسەر سنووری ئێران کۆ دەبێتەوە.

خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە تورکیا لە ئاست ئەم فراوانبوونە بەرەو باشوور بێدەنگە. میدیاکانی تورکیا لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەمیشە تیشکیان خستۆتە سەر چۆڵکردنی کەمپەکانی سەر سنووری تورکیا، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەنقەرە داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی وەک ئاسۆس، ماوەت، پێنجوین یان هەڵەبجە بکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە ئەولەویەتی تورکیا دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکەی و کۆنترۆڵکردنی هێڵی سنووری بە ئامادەبوونی سەربازی هەمیشەیی بێت، نەک ئەوەی کە بە تەواوی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەربکات.

هاوکات باشتربوونی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەنەکەش جێگەی سەرنجە. دیداری ئەم دواییەی سەرۆکی میت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی و دیداری دواتری قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، دیارترین نموونەی ئەمەن. باس لەوە دەکرێت کە لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەکەدا، ڕەنگە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش کۆببێتەوە.

پێناچێت ئەو پەیوەندیانە بەبێ ئاگاداری پەکەکە بەڕێوەبچێت. هەرچەندە پەکەکە و یەنەکە دو ڕێکخراوی جیاوازیش بن، بەڵام ساڵانێکە کە بوارەکانی بەرژەوەندییان تاڕادەیەکی زۆر لە سەر یەکن. پێشهاتە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە لەبری درزێک لە نێوان ئەو دوو پێکهاتەدا، لانیکەم هەندێک لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی دوولایەنە هەیە.

لە بەرەی ئێرانیشدا پێشهاتی سەرنجڕاکێش ڕوودەدەن. بە شێوەیەکی نەریتی وەها بیردەکرایەوە کە هەم یەنەکە و هەم پەکەکە لە تارانەوە نزیکن. بەڵام لەم دواییانەدا هەردوو ئەکتەرەکە هێڵێکی توندتریان لە دژی ئێران گرتۆتەبەر. لە کاتێکدا کە جارێکی دیکە پژاک دەکەوێتەوە پێکدادان لەگەڵ سوپای پاسداراندا، دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بافڵ تاڵەبانی بە ئاشکرا تارانی بە هێرشکاری و دەستدرێژیکردنە سەر هەرێم تاوانبار کردووە.

هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەمە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی کاتییە یان سەرەتای گۆڕانکارییەکی ستراتژیکی بەرفراوانترە. بەڵام وادیارە کە یەنەکە و پەکەکە لە مژاری ئێراندا بەشێوەیەکی بەرچاو بە هاوبەشی دەجووڵنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە دوو ڕێکخراوی جیاوازن، بەڵام لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا سیاسەتەکانیان تا ڕادەیەکی ئزۆر لە یەکتر نزیکتر کردۆتەوە و یەکدەنگتر بوون. بۆیە پێویستە ڕێبازی ئەم دوو لایەنە بەرامبەر بە ئێران بە جیا لە هەڵوێستی پەدەکە هەڵسەنگێندرێت کە ئەولەویەتهایەکی جیاوازتری هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لە ئارادا نییە کە نە یەنەکە و نە پەکەکەش بەشێک بن لە پلانێکی نێودەوڵەتی فراوانتر کە ئامانج لێی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانە. هەڵوێستەکانیان زیاتر لە هەڵوێستەکانی تورکیا دەچێت: ئێرانێکی لاوازتر لە قازانجی ئەوان دەبێت؛ بەڵام نایانهەوێت ئەمە لە ڕێگەی پرۆسەی گۆڕینی ڕێژیمەوە ڕووبدات کە ئیسرائیل پشتگیری دەکات یان لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە. هەروەها ئەمەش لەو ئیدیعای گەمژانەی کە جارجارە دەخرێنە ڕۆژەڤەوە، جیایان دەکاتەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە پەدەکە کەوا لە مێژوودا وەک پەیوەندییەکی نزیکتر لە گەڵ ئیسرائیل تەماشا کراوە، خۆی لە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەدوور گرتووە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەبری ئەوەی بەپێی ئامانجەکانی ئیسرائیل مامەڵە بکات، هەوڵدەدات هاوسەنگییە ناوچەییەکان بپارێزێت. بۆیە جیاوازیی بنەڕەتی نێوان لایەنە کوردییەکان ئەوە نییە کە دەیانهەوێت لەگەڵ ئێراندا پێکدادان بکەن یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەکاندا بەڕێوەدەبەن.

پرۆسەی ئاشتی نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ داهاتووی پەکەکە دەتوانێت لێکەوتەی مێژوویی هەبێت. تەنانەت ئەگەر ڕێکخراوەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی لە تورکیا بهێنێت و تێکەڵ بە سیاسەتی یاسایی ببێت، ڕەنگە دەستبەرداری ڕۆڵی خۆی وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی نەبێت. پەکەکە بە گواستنەوەی ژێرخانی سەربازی خۆی بۆ سنووری ئێران بۆ پاراستنی قووڵایی ستراتژیکی خۆی، دەتوانێ ببێتە ئەکتەرێکی شەرعی لە سیاسەتی تورکیاشدا.

بەم شێوەیە، ئیدی پەکەکە نە تەنها ڕێکخراوێکی چەکداری پێشوویە و نە پارتێکی سیاسی سادەش دەبێت، بەڵکوو دەتوانێ ببێتە پێکهاتەیەکی تێکەڵە کە هەم بەشێک لە سیستەمی سیاسی تورکیا دەبێت و هەمیش درێژە بە کاریگەریی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا دەدات. بەم شێوەیە دەتوانێت پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئەنقەرە دروست بکات بەبێ ئەوەی هەموو دەسەڵاتی ستراتژیی خۆی لەدەست بدات.

ئەم دۆخە دەتوانێ هەندێک سوودیش پێشکەش بە تورکیا بکات. ئەنقەرە لەبری ئەوەی پەکەکە بەتەواوی لەناو ببات، دەتوانی بیخاتە ناو نەزمی نوێی ناوچەییەوە. لە ئەنجامدا ئەکتەرێک کە لە مێژە بە هەڕەشەیەکی ئەمنیی دەزانی، دەتوانرا بگۆڕدرێت بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی نوێ کە بەرژەوەندییەکانی بەستراوەتەوە بە سەقامگیری ناوچەکەوە. لە هەمان کاتدا تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی ئەکتەرە کوردەکانەوە کە بەرژەوەندییەکانیان تادێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا یەکدەگرێتەوە، مەیدانێکی نفووز و کاریگەریی ناڕاستەوخۆ بەدەستبهێنێت.

ئەگەر ئەم هەڵسەنگاندنە ڕاست بێت، پرۆسەی ئاشتی نەک تەنها کۆتایی بە پێکدادانێک دەهێنێت کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە، بەڵکوو هاوکات سەرنج دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکی مێژوویی کە پێکهاتنی نوێی سیاسەتی کوردی ناوچەیی مسۆگەر دەکات. پەکەکە لە بزووتنەوەیەکی گەریلاییەوە کە سنووری تورکیای وەک خاڵی سەرەکی خۆی دەبینی، دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی فرانتەیشناڵ کە ناوەندی کێشکردنی خۆی گۆڕیوە بۆ سنووری عێراق ـ ئێران و هاوکات لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی تورکیاشدا جێگە دەگرێت.

Share