هەتا دەم پارتی و پەکەکە هەبن!!!

هەتا دەم پارتی و پەکەکە هەبن!!!

ئەوەی ئێستا پەکەکە ـ دەم پارتی دەیکەن، ئاسمیلەکردن و ئەنتەگراسیۆنی کوردان و لەناوبردنی نەتەوەی کوردە.

بووبێ ئەسەر

پەکەکە لەو ڕۆژەوە کە دامەزراوە، هەتا ئێستا ئامانجی ئەوە بووە کە کورد هیچ مافێکی نەتەوەیی بەخۆیەوە نەبینێت.

هەر بۆیە عەودەڵڵا وتبووی: “هەتا من و پەکەکە مابین، بارزانی ناتوانێ سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت”. لە بنەڕەتدا مەبەستی ئەوە بوو کە کورد نەتوانن دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت.

بە واتایەکی تر لە قسەکانی عەبدوڵڵا [ئۆجەلان]دا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەو دەڵێت من هەموو کورد دەخەمە ژێر فەرمانی تورکانەوە. بە عالەم ئاشکرا دەڵێت، نابێ کورد خاوەنداری لە خۆی بکات و نابێ خاوەنی هیچ شتێکیش بێت و دەبێ هەمیشە کۆیلە و خزمەتکاری داگیرکەران بن.

لە سایەی هاوکاری و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک، لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە زۆربەی کوردەکانی تەسلیم کرد. ئەو بە هاوکاریی دەوڵەت، کەسانی هێژا و دانا و تێگەیشتووی کوشت، یان بەکوشتنی دان. هەروەها ئەوانەش کە ماون بە زەبری هێز و ترس و ڕانت تەسلیمی کردن. ئەمەش وایکرد کۆمەڵگەی ڕۆشنبیریی کوێرفام کرد.

لەم تەسلیمبوونەدا دوو نەوە لەگەڵ عەبدوڵڵادا پەروەردە کران کە کارەساتێکی زۆر گەورە بوو. واتە هەوڵیان دا و کاریان کرد هەتا ئەوانەی لە دوای 1980 چاویان بە دنیا هەڵهێناوە تەنها لەگەڵ عەبدوڵڵا پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی ئاگاداری گەورەکانیان نەبن. لەمەشدا سەرکەوتوو بوون.

زۆر شت لەسەر پەکەکە و عەبدوڵڵا نووسراوە و گوتراوە. بەڵام بەداخەوە ڕوونکردنەوە و قسەکردن و نووسین لەسەر دۆخی پەکەکە و هەموو لقوپۆپەکانی ئاسان نییە و ناکرێ بە ئاسانی ئەو دۆخە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەیتەوە. چونکە چل ساڵە کۆمەڵگە و گەنجان لەگەڵ پەکەکە پەروەردە و گەورە کراون.

لەبەر ئەوەی کە زۆربەی ڕێبەر و سەرکردایەتی پەکەکە ـ دەم پارتی لە پیاوانی دەوڵەت پێکهاتوون. کاتێک ئەوان بۆخۆیان سەرکردە بن، ئیدی چۆن دۆزی کوردستان پارێزراو دەبێت؟؟؟

ڕێگاچارە:

بە بڕوای من پێویستە هەموو حیزب و لایەن و تاکەکانی کوردستان سەرنجیان لەسەر کار و چالاکی دژ بە دەم پارتی (DEM) بێت. چونکە ئەوەی ئێستا دەم پارتی دەیکات، ئاسمیلەکردن و ئەنتەگراسیۆنی کوردان و لەناوبردنی نەتەوەی کوردە.

ئەو هەموو کۆبوونەوە و ڕێپێوان و خۆپیشاندانانە، بۆ لەناوبردنی کورد و سەرخستنی بیرۆکەکانی عەودەڵایە. بۆ ئەوەی کە بۆچوون و تێڕوانینی عەبدوڵڵا بە کۆمەڵگەی کوردستان بقەبووڵێنن، ئەوەی لە دەستیان بێت درێخیی ناکەن. ئەو هزر و بیرکردنەوانەش لەسەر ئەساسی تەسلیمبوون، واتە لەناوبردنی خودی کورد دامەزراون.

ئەگەر ئێمە وەک کورد و کوردستانی بەهۆی ئەم هەڵوێستەی دەم پارتیەوە بە پێی فکر و بیری عەبدوڵڵا بۆ لەناوبردنی کورد، نەتوانین وێکڕا ببینە خاوەن نوێنەرایەتییەکی کوردستانی، ئەوا هەموومان پێکەوە دەدۆڕێین.

ساڵانێکە دۆڕاوین و دەدۆڕین. بەڵام هێشتا هەندێ ڕێگا و ڕێباز هەیە کە بتوانین خۆمان و میللەتەکەمان لە لافاوی داگیرکەران و فکر و ڕامانی عەبدوڵڵا و دەم پارتی ڕزگار بکەین.

تاکە ڕێگا بۆ ئەمەش تەنها یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردە. ئەگەر هەموو شێخ و عەشیرەت و ئاغا و بنەماڵە گەورەکانی کورد لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا پێکەوە خەباتیان بۆ ئازادی خۆیان و وڵاتی خۆیان بکردبا، ئێستا ئێمەش خاوەنی ولاتی ئازادی خۆمان دەبووین.

بۆیە دەڵێم و پێویستە کە دەبێ دەستبەجێ یەکێتی و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد پێکبێت. مادام خواستی زۆرینە ئازادیی نیشتمانە، بۆچی بەم شتە ناگەین؟؟؟. ئایا هیچ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی نەتوانین یەکێتی و یەکڕیزی خۆمان پێکبهێنین؟؟؟

کورد لە باکووری کوردستان لەسەر دەستی دەم پارتی لە لێواری لەناوچووندایە. ئەگەر ئەمە بە باشی نەزانرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێت، هەموومان پێکەوە دەدۆڕین. بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین، دەبێت بەرامبەر بە یەکتر گەشبین بین، لێبووردە بین و بتوانین یەکتر قبووڵ بکەین.

نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە کاتێک یەکگرتوو بین، پێکەوە نوێنەرایەتییەکی کوردستانی دروست بکەین، لە بواری دیپلۆماسیدا لەسەر ئەساسی یەکگرتوویی، کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بدۆزینەوە، ئەوکات سەرکەوتوو دەبین. بۆیە کار و هەوڵدان و خەبات لە ئەوروپا گرنگیەکی زۆری هەیە. بە پێی ئەم گرنگییە پێویستە هەموان وێکڕا کار بکەین.

ئەگەر ئێمە وەک کورد و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێکەوە ئەم کارە نەکەین، ئەوا پڕۆژەی عەبدوڵڵا [ئۆجەلان] و دەوڵەتی تورکیا کەوا پێکەوە بەڕێوەی دەبەن، سەردەکەوێت. ئەوەش بەواتای لەناوچوونی کوردە…

Share