خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ قسەکانی سۆزدار ئاڤێستا لەسەر شنگال

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ قسەکانی سۆزدار ئاڤێستا لەسەر شنگال

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2014دا، لە بوودجەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای دهۆک، بەشێکی بۆ پاڵپشتی کردنی خەڵکی شنگال تەرخان کرد.

سمکۆ عەبدولعەزیز

بەشی دووەم: لە هەژموونی دوای 2003ـەوە هەتا کارەساتی تەباخی 2014

مەحاڵە مرۆڤ لەوە تێبگات کە لە ڕێکەوتی 3ی تەباخی 2014دا چی لە شنگال ڕوویدا، ئەگەر ئاوڕێک لە 11 ساڵی پێشووتری نەداتەوە. کارەساتەکە لە ئەنجامی بۆشاییەکی سیاسی یان ئەمنیدا ڕووی نەدا، بەڵکوو لە ناوچەیەکی کێشەلەسەردا ڕوویدا. ئەو دەڤەرە ناوەندی بڕیاردانی جۆراوجۆری تێدا بوو و سەروەریی یاسایی لەگەڵ هەژموونیی کاریگەردا، تێکەڵاوی یەکتر ببوون. بەغدا، شنگالی وەک بەشێک لە پارێزگای نەینەوا دەبینی، بەڵام سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکەی کوردستانی لە ناوچەکانی ماددەی 140دا سەیریان دەکرد.

ئەم دۆخە دەسەڵاتێکی دووقۆڵی و بەرپرسایەتیی بڵاوەکراوی دروستکرد: سەروەریی فەرمی بۆ بەغدا و هێژەموونیی سیاسی و ئەمنی بەرفراوانتر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و پیشمەرگە بوو.

لە کاتی زیادبوونی هێزدا، کێشەیەکی وردی فیکری و یاسایی سەرهەڵدەدات: بەو پێیەی لە کاتی ئاشتیدا، هەر لایەنێک دەتوانێت داوای مافی حوکمڕانی بکات، بەڵام لە کاتی شکستەکاندا، هەر لایەنێک هۆکاری شکستەکە دەخاتە ئەستۆی لایەنەکەی دیکە.

شنگال لە دوای ساڵی 2003

دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003دا، هێزی پێشمەرگە چوونە ناو شنگال و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە بەهێزترین لایەنی کوردی لە ناوچەکەدا، چونکە پەدەکە بۆ بەریوەبردنی کاروباری ڕۆژانە پشتی بە کەسایەتییە دیار و خۆشناوەکانی ناوچەکە بەست و تۆڕێکی سیاسی و ئەمنیی بەرفراوانی لە خەڵکی ناوچەکە دروست کرد و نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی لە ئێزدییەکانی ئەو دەڤەرە ڕێکخست. ئەم هەژموونە لەگەڵ مێژووی پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆری دانیشتوانی شنگال و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا، ناتەبا نەبوو. ئەندامانی کۆمەڵگەی شنگال لە قۆناخەکانی ڕابردوودا، بەشدارییان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵاندا کردبوو و بەشێکی بەرچاوان بە ڕیزەکانی پەدەکە و هێزی پێشمەرگەوە، پەیوەست ببوون. شنگالییەکان هەمیشە کیانی هەرێمی کوردستانیان وەکوو قەوارەیەک بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی خۆیان بینیوە و بەر لە ساڵی 2014، سەرەڕای هەندێ بەردەوامیی گرێدانی ئیداری قەزاکە بە پارێزگای نەینەواوە، بناخەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گرینگ بۆ پەدەکە پێکهاتبوو.

خزمەتگوزاری لەنیوان واقعییەت و قسەکردندا

دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2014دا، لە بوودجەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە بوودجەی پارێزگای دهۆک، بەشێکیان بۆ پاڵپشتی کردنی خەڵکی شنگال تەرخان کرد.

ڕاپۆرتە سەربەخۆکان دەریدەخەن کێشەکانی هەژاری، لاوازبوونی ژێرخان، بێکاری و کەمی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانای ئەوەی نەبوو کە هەموو کێشەکان لە بەشە بوودجەی هەرێمەوە چارەسەر بکات و حکومەتی عێراقیش ئامادە نەبوو هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات. بۆیە ناتوانین قۆناغی پێش ساڵی 2014 وەک قۆناغێکی نموونەیی لەبەرچاو بگرین و ناتوانین وەک قۆناغێکی فەرامۆشکراویش بیبینین.

ڕێبەری کوردان و ئێزدی

ڕێبەری کوردان (مەسعوود بارزانی) هەمیشە لە وتارە سیاسییەکانیدا، شنگال و بەتایبەتی ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی گەلی کوردستان پێناسە دەکات و تەعامولی لەگەڵدا دەکات. دیدگای ئەو سەرکردەیەی کورد کاریگەری زۆری لەسەر زۆرینەی پێکهاتەی شنگال هەبوو، خەڵکی شنگالیش هەمیشە سەرکردایەتی کوردستانیان وەک درێژەی مێژووی خۆیان لە شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵاندا دەبینن. هەروەها زۆربەی ئێزدییەکان خۆیان لە ڕیزەکانی پەدەکە و دامەزراوەکانی هەرێم و هێزی پێشمەرگەدا دەبینیەوە.

بەڵێ، پێگەی سیاسی هیچ لایەنێک لە بەرپرسیارێتی بێبەری ناکات. ئەگەر پارتی پێگەیەکی هەژموونی فراوانتری هەبێت لە ناوچەکەدا، ئەم هەژموونە بەرپرسیارێتی مێژووییشی دەخاتە ئەستۆ. بەڵام شکستی سەربازی لە هەر شوێنێک بەو مانایە نییە کە ئەو لایەنە خیانەتی کردووە. ئەگەر بە پێی پێوەرەکەی ئاڤێستا، بەپێی شکستی سەربازی خیانەت بپێوین، ئەوا پارتی کرێکاران گەورەترین خیانەتکارە چونکە ئەو حیزبە بووەتە هۆی گەورەترین شکستی سەربازی لە باکوور و باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندا.

بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان لەدەستدانی خەمڵاندنی هەڕەشە، لاوازی سەرکردایەتی، پاشەکشەی ناڕێکخراو و پیلانگێڕی بە ئەنقەست لەگەڵ دوژمندا. بۆ هەر ئاستێک ستانداردی جیاواز هەیە بۆ سەلماندن و لێپرسینەوە.

3ی تەباخ: ڕاستی کشانەوەکە و سنوورەکانی تۆمەتی خیانەت

لە ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی “یونیتاد”دا هاتووە: هێرشەکەی داعش هاوکات بوو لەگەڵ کشانەوەی سەراسەریی سوپای عێراق لە نەینەوا، دەشتی نەینەوا، ناوچەی شنگال، زومار و تەلعەفەردا، بەڵام ناوچەیەکی بەرفراوانی شنگال بەرەنگاری کرایەوە و شەڕیان لەگەڵدا کرا. سەرجەم سەرچاوە ئەکادیمی و سەربازی و میدیاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێشمەرگە بە گروپی بچووک لە شنگال و زۆر ناوچەی دیکە شەڕ و بەرگریی کردووە و ژمارەیەکی بەرچاو شەهید و برینداری بە خاکی شنگال بەخشیوە و باشترین نموونەی زیندویش ئەویە کە داعش نەیتوانی مەزارگەی شەرفەدین بگرێت و بڕواتە چیای شنگال، بەڵام توانا لۆجستییەکانیان تا ئەو ڕادەیە بەهێز نەبوو کە بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەرخۆدان بکەن. چونکە ئەو ناوچانە بە فەرمی لە دەستی سوپای عێراقدا بوون و وەزارەتی پێشمەرگە مافی ئەوەی نەبوو هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە لەوێ جێگیر بکات. بە داڕمانی بەرگریی سوپای عێراق، چەک و تەقەمەنی سێ فیرقەی سوپای عێراقی کەوتنە دەستی داعش و ئەمەش وایکرد هێزی پێشمەرگە بە شارەزاییەکی سەربازییەوە پاشەکشە بکات. ئەمانە ڕاستییەکن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن و بیانوویان بۆ دابنرێت.

تێکچوونێکی گەورەی ئەمنی و سەربازی ڕوویدا. چەمکی “شکستی هاوسەنگی هێز” بەس نییە بۆ داپۆشینی پرسی بەرپرسیارێتی، چونکە ئەگەر کشانەوەی سەربازیش پێویستیش بێت، پرسەکانی پاراستنی سڤیل و هۆشیاری و ڕزگارکردن بە بەردەوامی دەمێننەوە. پێشمەرگە ئەوەی لە ئەوتۆی بووە، ئەنجامی داوە.

بەڵام ئاڤێستا بێ ویژدانانە و بە ئەنقەست پەدەکەی بە خیانەت یان بەشداریکردن لە پلانێکی فراوانتردا تۆمەتبار کرد، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەسەر بوونی ڕێککەوتنێک بخاتەڕوو. ئەمە بڕگەیەکی نادادپەروەرانەی ئەکادیمییە، چونکە دەرئەنجامەکانی جەرگبڕن، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئەلفوبێی سیاسەت بزانێت، دەبینێت ئامانجی ئاڤێستا فرمێسک ڕژاندن نیە بۆ خەڵکی جەرگسووتاوی شنگال، بەڵکوو مەبەستی شکاندنی پەدەکەیە لەبەر چاوی شنگالییەکاندا. ئەگەر نا خۆ تەنها پەدەکە لە شنگالدا نەبوو، بەڵکو هەموو حزبە کوردستانییەکان بە خودی پەکەکەشەوە لەوێ بوون و چەکیان هەبوو، بۆچی تەنها پەدەکە خیانەتکارە و ئەوانی تر نین، بەتایبەت ئەوانەی پێش تەقەکردنەکە لە حزبەکانی تر بوون لە قامیشلۆ سافی بوون و لەسەر سفرەی حیزبەکەی خواردنیان دەخوارد و لە تەلەفزیۆن سەیری جینۆسایدی ئێزدییەکانیان دەکرد و دەهاتنە دەرەوە ڕاگەیاندراویان دەدا و دەچوونە ژوورەوە پێکی خۆیانیان پڕ دەکرد. پێموایە ئاڤێستا لە من باشتر دەزانێت کە باسی کام لایەنی سیاسی دەکەم.

پرسیار لە بەرژەوەندیی نابێت پشتگوێ بخرێت.

پارتی خاوەن کاریگەرییەکی بەرفراوان و بناخەیەکی کۆمەڵایەتی گرینگ بوو لە شنگالدا و دوای کشانەوەی پێشمەرگە متمانەی بەشێک لە کۆمەڵگای شنگالی لەدەستدا و زەمینەی بۆ هاتنی پەکەکە و هێزەکانی دیکە خۆشکرد. بۆیە هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسیی عەقڵانی بۆ پەدەکە لەئارادا نیە کە لایەنگرانی خۆی ڕادەستی حزبێکی تر بکات و ئەو ناوچانەی کە لە کۆنترۆڵی ئەودایە بە ئاسانی ڕادەستی حزبێکی تر بکات. دەرئەنجامی کارەساتی شنگال و زیانی سیاسیی پارتی دەبێتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و سیاسی کە پارتی پیلانگێڕی یان خیانەتی نەکردووە، چونکە تاکە لایەنی سیاسییە کە پشکی شێری لەدەستداوە.

بەڵام ناوهێنانی ڕووداوەکە بە خیانەت هێشتا وەک ئیدیعایەکی پەسندنەکراو دەمێنێتەوە، هەتا بەڵگە لەسەر نیەت و هەماهەنگی دیار نەبن.

ڕێڕەوی ڕزگاری: ڕووداوێک و گێڕانەوەی کێبڕکێکار

دوای گەمارۆدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە چیای شنگال لە دەوروبەری 8ی تەباخی 2014دا، ڕێڕەوێک بۆ ناو خاکی سووریا کرایەوە و ڕێگەی بە گەمارۆدراوەکان درا چیاکە بەجێبهێڵن و لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

ڕاپۆرتی “یۆنیتاد” کردنەوەی سنوورەکە نەک تەنها بە یەکینەکانی پاراستنی گەل و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نابەسێتەوە، بەڵکو بەشی هەرە زۆری بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە گرێ دەدات.

ئاڤێستا: ڕەخنەی جددی بە گۆڕینی ڕاستییەکی نەخۆش بە حەقیقەتێکی حزبی بەرهەمدار دەست پێناکات.

بەڵام سەرچاوە و بەڵگەکان لەسەر ڕێخۆشکردن و قەبارەی بەشرادیکردنی هەر لایەنێک جیاوازن، چوونکە گێڕانەوەی ڕاستی ڕووداوەکە ئەوەیە کە ڕێخۆشکردنەکە بە هەماهەنگی لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و پێشمەرگە ئەنجامدرا. هەروەها شەڕڤانانی ئێزدییش بەشدارییان لە پاراستنی گەمارۆدراوەکان و هاوکاریکردنی ئەواندا کرد.

ڕێڕەوەکە بۆ دەربازبوون لە ناو دەڤەرێکی سووریادا کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل و پێشمەرگەدا کرابۆوە و ناو و ڤیدیۆ و وێنە هەن کە پێشمەرگە و تیمە فریاگوزارییەکانی کورد لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژئاوا و لەوێشەوە بەرەو لووتکەی چیای شنگال ڕۆیشتوون. ئاڤێستا، تۆ زۆر باش دەزانی کە ئێوە و حزبەکەتان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر پێشمەرگەتان ڕاگرت و نەتانهێشت بچنە سەر چیاکە.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پڕۆسەی ڕزگارکردنەکە ئەرکێکی تاکەکەسی سادە نەبووە، بەڵکوو زنجیرەیەکی بەردەوام بووە کە پێویستی بە مەودایەکی تەئمین کردنی ڕێگا، گواستنەوە، دەربازبوون، پێشوازیکردن و هاوکاری مرۆیی هەبووە و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تاقی تەنها خۆی زنجیرەکە هەڵسووڕێنێت چوونکە تەنها کۆنترۆڵکردنی ئالقەیەک لە دەستی ئەودا بووە.

ئاڤێستا باش دەزانێت کە پەکەکە ڕێگریی لەو ڕێڕەوە کرد کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرابوویەوە و بۆ پڕۆسەی ڕزگاریکردنەکە مەرجی دانا. مەرجەکان ئەوە بوون کە هەموو شتێک بۆ ڕزگاری دەبێ بە ناوی ئەوان و لە ژێر ئاڵای ئەواندا بێت. پێشمەرگە ئەو مەرجەی قبووڵ کرد تەنها لەبەر خاتری ئەوەی کە گیانی پەنابەران و کۆچبەران بپارێزێت، سەرەتا وایان دەزانی کە هەموو ئەم کارە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە ئەنجامدراوە.

گرنگی میتۆدەکە لێرەدا دەردەکەوێت: ئێمە دان بە بەشداریی پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا دەنێین کە سەرچاوەی بەشێکی کەمی ئەو پشتیوانییە بوون، لە هەمان کاتدا ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە ئەوان بەهێزترین ڕزگارکەری ناوچەکە بووبن. دانپێدانان بە کارەکە ، بە واتای قبوڵکردنی ئایدۆلۆژیاکە نایەت و ڕەخنەی سیاسیش، ڕەوایەتی بە سڕینەوەی کارەکە نادات.

هەرێمی کوردستان و پێشوازیکردن لە ئاوارەکان

چیرۆکی ڕزگارکردنەکە بە دەربازبوون لە چیای شنگال کۆتایی نایەت. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شنگال ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دهۆک کرد و لەوێ لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکان و کۆمەڵە خۆجێیەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە پێشوازییان لێکرا. کەمپ و سەنتەری حەوانەوە دامەزران و خزمەتگوزاری خۆراک و تەندروستی و پەروەردە لە ناو قەیرانێکی بەربڵاوتری ئاوارەبووندا، پێشکەش کرا.

شارەکان و کۆمەڵەکان و بنەماڵەکانی ناوچەکە، بارگرانییەکی گەورەیان لە پێشوازیکردنیاندا هەڵگرت و ئەم ڕۆڵە نابێ لە مێژووی گێڕانەوەکەدا بسڕدرێتەوە. لە لایەکی ترەوە نابێت بگۆڕدرێت بۆ منەتێکی سیاسی بە سەر پەنابەراندا، وەک ئەوەی لە فەلسەفەی پارتی کرێکاران (پەکەکە)دا هەیە. چونکە پاراستن و داڵدەدان و حەوانەوەی پەنابەران ئەرکێکی مرۆیی و دامەزراوەییە و جگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و خێرخوازان و بنەماڵە ئاساییەکانیش تێیدا بەشدار بوون.

ئەم قۆناغە باشترین وەڵامە بۆ ئەوەی ئاڤێستا لەبارەی خیانەتەوە دەیڵێت.

قوربانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە پرسیار لە هەموو کەسێک بکەن

ناکرێ ئێزدییەکان بخرێنە هەڵبژاردنێکی ساختەوە، یان قبووڵکردنی ئەوەی کە پەکەکە دەیگێڕێتەوە، یان بێدەنگبوون لە بەرامبەر شکستەکانی پێشمەرگەدا.

دادپەروەری داوا لە قوربانییەکان ناکات کەوا پێش ئەوەی بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت، حیزبێک هەڵبژێرێت. خەڵکی شنگال مافی خۆیانە پرسیار لە سەرکردایەتی بەرپرسیار لە پاراستن بکەن:

بۆچی پاشەکشە ڕوویدا؟

کێ فەرمانەکەی داوە؟

بۆچی هاوڵاتیانی سڤیل ئاگادار نەکرانەوە؟

هەروەها مافی خۆیانە پرسیار لەو هێزە بکەن کە لە پشتەوەی کارەساتەکەوە بوون:

ئایا حزووری ئەوان بۆ پاراستنێکی کاتی بوو، یان بۆ پڕۆژەیەکی بەردەوامی هەژموونی بوو؟

پێوانەی ڕەوایەتی ئیدیعایەکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو تەسلیمی دەسەڵاتە بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و لێپرسینەوە.

حزبێک کە ڕەتیدەکاتەوە بەدواداچوون بۆ شکستەکەی بکات، متمانەی ئەخلاقی خۆی لەدەست دەدات و ڕێکخراوێک کە بەشداریی خۆی لە ڕزگارکردندا بگۆڕێت بۆ مافێکی هەمیشەیی لە کۆنترۆڵکردندا بەپێی فەلسەفەی ماکیاڤیلی، دەبێتە بێ ئەخلاقیی سیاسی.

قۆناخی 2003 بۆ 2014، دەریدەخات کە شنگال لە نێوان ئاڵۆزییەکی ئاڵۆزدا لە هێنان و بردندا بووە لەنێوان هێژەموونی پیشمەرگە و سەروەریی یاسایی بەغدا و واقیعی کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتەدا.

پارتی بناخەیەکی سیاسی فراوانی هەبوو و هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێشکەش دەکرد، بەڵام ئەمە نەبووە ڕێگر لەبەردەم ئەو شکستە سەربازییە گەورەیەی کە لە مانگی ئابی 2014دا روویدا و شایەنی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیە.

ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ ئاڵایەک نییە کە لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە هەڵیبکات، بەڵکو پێکهاتەیەک هەیە کە پێویستی بە بەڵگەنامە و شایەتحاڵی و بەراوردکردنی گێڕانەوەکان هەیە. چەندە مێژووی شنگال لە پیرۆزکردن و تۆمەتی بێ بنەما ڕزگاری بێت، ئێمە زیاتر لەو دادپەروەرییە نزیک دەبینەوە کە گەلەکەی شایەنیەتی.

لە بەشی سێهەمدا: شکاندنی گەمارۆ و ڕزگارکردنی شنگال، ڕۆڵی پێشمەرگە و سەرۆک مەسعوود بارزانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، خەبات بۆ ناسنامە و نوێنەرایەتی و کۆکردنەوەی فەلسەفی و یاسایی گوتارەکە.

Share