دەنگی چیا بێدەنگەکان و خوێنی بێ خاوەن!

دەنگی چیا بێدەنگەکان و خوێنی بێ خاوەن!

ئێمە نامانهەوێت ڕۆڵەکانمان لە پێناو “ئاشتی”یەکی ساختەدا بکوژرێن کە تەنها ناوێکە و هیچیتر. ئێمە ئازادی ڕاستەقینەمان دەوێت، ئازادییەک کە لە دڵ و ناخی گەلی کوردەوە سەرهەڵبدات نەک لە دەستی کەسێکەوە لە ئیمرالی یان لە پایتەختەکانی دەرەوە.

شەیخمۆس ئۆزەنگین

چل ساڵ… چل ساڵ لەسەر شاخەکانی کوردستان، بە گیان و خوێنی ڕۆڵەکانی ئێمە، بە هیوای دایکان و باوکانی ئێمە، شەڕ کرا. شەڕێکی خوێناوی بوو. بەشێکی زۆری کورد دەیگوت: “ئەم شەڕە لەپێناو ئازادیی نەتەوەی کوردە، لەپێناو خاکی ئێمە و بۆ کەرامەتی ئێمەیە”.

بەڵام ئێستا کە ئاوڕێک لە ڕابردوو دەدەینەوە؛ دەبینین ئەم سەرهەڵدانە نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک کە عەقڵ و ڕۆحی گەلی کوردی خستۆتە ژێر خیانەتێکی گەورەوە.

150 هەزار ڕۆڵەی کورد… ژمارەیەک کە دڵی هەموو دایکێک ئازار دەدات. 5 هەزار گوندی ئێمە سووتێندران و چۆڵ کران. 10 ملیۆن کورد لە زێدی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون. بە ملیۆنان کورد زیندانی کران و ئەشکەنجە دراون و لە خاکی خۆیان دوورخرانەوە. ئاسمیلاسیۆن و پووچبوون گەیشتە ئاستێکی بەرز.

کێ هۆکاری ئەمە بووە؟

دەوڵەتی تورک و هێزەکانی؟ بەڵێ. بەڵام تاڵترین و بە ئازارترین شت ئەمەیە: ئەو ڕێکخراوانەی کە دەیانگوت “ئێمە پارێزەری دۆزی کوردین”، دواجار لەگەڵ دوژمن یەکیانگرت. ئۆجەلان و پەکەکە، دوای چل ساڵ، بەبێ ئەوەی شەرمی ئەو هەموو ڕەنج و تێچووە بیانگرێت کە گەلی کورد داویانە، خۆیان تەسلیم کرد. هیچ دەسکەوتێکیان نە بۆ کورد بەدەستهێنا و نە بۆ خاکی ئێمە [کوردستان]یش. هەموو شتێک گەڕایەوە بۆ “پاراستن و بەهێزکردنی دەوڵەتی تورک و ئەنتەگراسیۆنی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا”. بە واتایەکی تر “دۆزی ئێمە” سەرلەنوێ بەرنامە بۆ داڕێژرا و تێکشکێندرا.

ئەمە تەنها شکستێکی سەربازی نییە. ئەمە شکستی عەقڵ و ڕۆحە. نەتەوەی کورد کە چەندین سەدە لە دژی ستەم بەرخۆدانی کردبوو، ئێستا لەژێر بارگرانی “ئاشتی”یەکدایە کە لە سەرەوە بەسەریدا سەپێنراوە. هێزە تایبەتەکانی پارێزەری دەوڵەتی تورک، پیلان و پڕۆژەکانیان گەیاندووەتە ئاستی بەرنامەیەک. ئێمە ئیتر تەنیا لە زیندانەکاندا زیندانی نین؛ بەڵکوو لە مێشک و زەینیشماندا دەستبەسەر و زیندانی کراوین. منداڵەکانی ئێمە پێشتر دەیانگوت “ئازادی”، بەڵام ئەمڕۆکە بەشێکیان دەڵێن “ئاشتی”، کە ساختە و چەواشەکارانەیە و تەنها بە ناوێکە و هیچیتر.

بەڵام من وەک کوردپەروەرێک دەڵێم؛ ئەمە کۆتایی ئێمە نییە. ئەو خوێنەی کە لە شاخەکانی کوردستان ڕژا، بۆ تەسلیمبوون نەبوو. ئەو ڕۆڵانەی کورد، ئەو جەنگاوەرانە بە خودئاگاییەکی نەتەوەیی، کوردی و کوردستانیەوە ڕوویان لە لوتکەی ئەو شاخە دێرینانە کرد. بەڵام بەداخەوە لەسەر لوتکەی ئەو شاخانەدا، لەگەڵ سەرکردایەتییەکی خیانەتکاردا بەرەوڕوو بوون.

گوندە سووتاوەکان، ڕۆڵە شەهیدەکان، دایکە جەرگ سووتاوەکان و زیندانە تاریکەکان…

ئەمانە هەموویان شایەتحاڵی ڕاستییەکانن. ئەو ڕاستییەی کە دەڵێ: دۆزی نەتەوەی کورد نە لە دەستی یەک کەسدایە، نە لە دەستی ڕێکخراوێکیشدایە، بەڵکوو لە دڵی هەموو کوردێکدایە، لە زمانەکەی ئێمەدایە، لە چیاکانی ئێمەدایە، لە مێژوو و هۆشمەندی و خودئاگایی ئێمەدایە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ئاگرەی داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی بکوژێنێتەوە. ئەم میللەتە لەسەر خاکی خۆی دەبێت بە خاوەن دەسەڵات و خاوەنی دەوڵەتی خۆی دەبێت.

دەبێت ئێستا ئیدی لە خەو هەستین. ئێمە چیتر نابێت پشت بەو “ڕێبەرانە” ببەستین کە ئێمەیان بردە سەر شاخەکان و دواتر تەسلیمیان کردین. دەبێ بتوانین لێپرسینەوەیان لێبکەین، حیسابی خوێنی ڕۆڵەکانی خۆمان، حیسابی سووتان و وێرانکردنی گوندەکانی خۆمان وەربگرینەوە. لێپرسینەوەیان لێبکەین لەسەر ڕەنج و ماندووبوونمان، لەسەر ئەو شەو و ڕۆژانەی کە ڕؤلەکانی ئێمە زیندانی کران و ئەشکەنجە دران. ئەوانە دەبێ وەڵامدەر بن و حیساب بدەنەوە.

دەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەدوای خۆماندا بگەڕێین. با بگەڕێینەوە بۆ هێزی خۆمان، بۆ یەکێتی نەتەوەییمان، بگەڕێینەوە بۆ سەر ڕۆحێکی نەتەوەیی، بۆ ڕاستی مێژووی خۆمان: کوردستان تەنها خاک نییە؛ کوردستان ڕۆحێکە، ڕەنجێکە، هۆشیارییەکی مێژووییە، زمانە، کولتوورە، یادەوەری و بیروباوەڕە و ئەم ڕۆحە تا ئێستاش دەژیت.

با دەنگمان هەڵبڕین:

ئێمە چیتر نامانهەوێت خوێنمان بۆ پڕۆژەی دیتران و دوژمنانمان بڕژرێت. ئێمە نامانهەوێت ڕۆڵەکانمان لە پێناو “ئاشتی”یەکی ساختەدا بکوژرێن کە تەنها ناوێکە و هیچیتر. ئێمە ئازادی ڕاستەقینەمان دەوێت، ئازادییەک کە لە دڵ و ناخی گەلی کوردەوە سەرهەڵبدات نەک لە دەستی کەسێکەوە لە ئیمرالی یان لە پایتەختەکانی دەرەوە.

ئەم سەرهەڵدانە شکستی هێنا، بەڵام میللەتی کورد… هێشتا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و هەتا کوردێک لەسەر خاکی کوردستان مابێت، هەتا منداڵێک بە زمانی زگماکی خۆی (کوردی) بدوێت، دۆزی ئێمە هەر دەمێنێتەوە.

ئێمەی کوردپەروەر، دەنگی ئەو منداڵانەین کە کوژران.

ئێمەی کوردپەروەر، دەنگی ئەو گوندانەین کە سووتێنران.

ئێمەی کوردپەروەر دەنگی کوردستانین و چیتر نامانهەوێت و ڕێگا نادەین کە هیچکەس بمانفرۆشێت.

Share