پرۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی ـ 3

ئاشتیی ئەمنی تەنها دەنگی تفەنگ بێدەنگ دەکات، بەڵام ئاشتی مێژوویی کۆتایی بە پێویستی تفەنگ دەهێنێت. ئاشتی مێژوویی دۆسیەی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکوو کردنەوەی لاپەڕەکانی دادپەروەرییە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی سێیەم: لە ئاشتی چەکەوە بۆ ئاشتی مێژوویی
چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان هەرگیز بە ڕادەستکردنی چەک و وەرگرتنی کاغەزی دادگا کۆتایی نایەت.
سەرکەوتنی ڕاستەقینەی یاسایەک لەوەدا نییە کە چەند چەکدارێک لە شاخەوە بێنە خوارەوە، بەڵکوو لەوەدایە کە چەندە توانیویەتی ڕەگ و ڕیشەی ئەو توندوتیژییە نەهێڵێت کە هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە بووە.
لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان ئاشتیی ئەمنی و ئاشتی مێژووییدا دەخەینەڕوو:
ئاشتی ئەمنی تەنها بێدەنگکردنی چەکەکانە.
ئاشتی مێژوویی بریتییە لە هەبوونی مرۆڤی ئازاد.
دەسەڵات دەتوانێت بە زەبری هێز بێدەنگی بسەپێنێت، بەڵام ئاشتەوایی و لێبووردن هەرگیز بە زەبری هێز پێکنایەت.
کەموکوڕی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە پێی وایە خەبات و ئاڵۆزی تەنها کاری تاکە لایەنێکە و داوا لە لایەنەکەی دیکە دەکات کە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بە بێ ئەوەی کە دەوڵەت پرسیار لە ئاخ و ڕەفتاری خۆی بکات.
ئاشتەوایی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە دەوڵەت عەقڵیەتی خۆی لە ئینکار و نکۆڵیکردن بگۆڕێت.
گۆڕانی ئەرێنی ئەوە نییە کە پرسی کورد وەک پرسێکی ئەمنی سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە دەوڵەتی تورک، دان بە نەتەوەی کورددا بنێت و وەک گەلێکی ڕەسەن و هاوبەشێکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی ئایندەدا قبووڵی بکات.
ئەمە بە دروشم و وتاری جوان ناکرێ، بەڵکوو دەبێ دەوڵەت بەم شێوەیە دان بە نەتەوەی کورددا بنێت:
1/ دانپێدانانی دەستووری بە ناسنامەی کوردی
2/ دەستەبەرکردنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان
3/ پاراستنی خەباتی سیاسیی ئاشتیانە.
4/ میتۆدێکی هاوچەرخ بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لەو شوێنەی تێدا دەژین
5/ دادپەروەری لە کاتی گواستنەوەدا نەبێت بە ئامرازی تۆڵەسەندنەوە، بەڵکوو ئامرازێک بێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان.
گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە ئاشتی تەنها لەسەر چیرۆک و یادەوەرییەکانی لایەنێک بنیات بنرێت.
هزری نەتەوەیی پێگەیشتوو، درێژەدان بە خەباتی چەکداری ناکاتە مەرجێک بۆ مانەوەی دۆزی خۆی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاشتی وەک ناوێک بۆ دەستبەرداربوون لە ناسنامە قبووڵ ناکات.
میللەتێک کە هێزی خۆی تەنها لە چەکدا بدۆزێتەوە، هەمیشە یەخسیری شەڕ دەبێت و دەوڵەتێکیش کە یەکگرتنی خۆی تەنها لە ڕەتکردنەوەی جیاوازیەکاندا بدۆزێتەوە، هەمیشە یەخسری ترسی خۆی دەبێت.
پرسیاری کۆتایی ئەوە نییە کە چەند ڕێکخراو هەڵوەشانەوتەوە؟
بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا باکووری کوردستان سەردەمێکی نوێ لە دەستی پێکردووە کە تێیدا کورد بتوانێت ببێتە هاوڵاتییەکی تەواو بەبێ ئەوەی کە ناچار بێت مافەکانی کوردبوونی خۆی کەم بکاتەوە؟
ئاشتیی ئەمنی تەنها دەنگی تفەنگ بێدەنگ دەکات، بەڵام ئاشتی مێژوویی کۆتایی بە پێویستی تفەنگ دەهێنێت. ئاشتی مێژوویی دۆسیەی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکوو کردنەوەی لاپەڕەکانی دادپەروەرییە.