یەکڕیزی چییە و چۆن بەدی دێت؟؟؟

یەکڕیزی چییە و چۆن بەدی دێت؟؟؟

وەک سەیدا جگەرخوێن دەڵێت: “هەتا ئەم نەبن یەک، ئەم دێ هەرن یەک بە یەک”.

بووبێ ئەسەر

ئەگەر حیزبە کوردستانییەکانی ئێمە بەڕاستی دەیانهەوێت یان بیانهەوێت، یەکێتی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد لە باکووری کوردستان پێکبێت، پێویستە هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن. بێگومان ئەمە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لە گۆڤار و ماڵپەڕەکانیاندا بەبێ وەستان لەسەر ئەم مژارە بابەت بنووسرێت. ئەگەر بەڕاستی یەکڕیزی و یەکێتی کوردیان دەوێت، پێویستە هەموو حزبە کوردستانییەکان و ئەندامەکانیان و گەلەکەیان لە گرینگی ئەم بابەتە ئاگادار بکەنەوە. دەبێ گرنگی و زەرورەتی یەکڕیزی بۆ ئەندامان و خەڵک ڕوون بکرێتەوە بۆ ئەوەی بکرێ لە پێکهێنانیدا سەرکەوتوو بین. پێویستە لەگەڵ سەرکردە و بەڕێوەبەرانی حزبەکاندا هەڤپەیڤین بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بۆچوونیان لەسەر ئەم بابەتە بزانن.

پێویستە لەسەر هەموو تەلەفزیۆنەکانیاندا پرسی یەکڕیزی، بابەتی سەرەکی بێت. پێویستە تەوەری سەرەکی زۆربەی بەرنامەکانیان مژاری یەکڕیزی بێت. ئەگەر بەڕاستی یەکڕیزیمان دەوێت، دەبێت کار بۆی بکەین. هێشتا لە بەرنامەی ئەو حیزبانەدا یەک بەرنامەم نەبینیوە کە لەسەر گرنگی یەکڕیزی ئامادە کرابێت.

پێویستە بۆچوون و ڕوانگەی ڕۆشنبیران و نووسەران بزانرێت و ئەوان لەم ڕووەوە چی دەڵێن و چییان دەوێت، بڵاوبکرێتەوە. پێویستە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان بخرێتە ناو ژیانی ئەندامانی حیزبەکان و گەلەکەمانەوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان و گەلەکەی خۆیان بۆ پێویستییەکی وەها ئامادە بکەن.

کاتی کاری یاسایی و ئاشکرایە. بۆیە پێویستە ئێمە و میللەتەکەشمان بۆچوون و ڕوانگەی سەرۆەک و ڕێبەران بزانین، دەبێ بزانین کە ئەوان بۆ یەکێتی و یەکڕیزی داوای چی دەکەن و پێویستە بیرۆکەکانیان بە ڕوونی و بە ئاشکرا لە لایەن خەڵکەوە بڵاو بکرێتەوە.

لە ئەنجامی ئەم جۆرە کارانەدا، ئێمە وێکڕا چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە سەدە ساڵەیە دەدۆزینەوە. بەڵام ئەگەر ئەم بابەتە تەنها بەنهێنی لەناو پارتە سیاسییەکاندا باسی لێوەبکرێت، سەرناکەوێت. سەرکەوتنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕوون و ئاشکراوە دەستەبەر دەبێت.

ئیدی لە پشت دەرگا داخراوەکان و بە هەوڵی نهێنی، واتە بە کاری شارەوە لە گەل، ئەمە چارەسەر نابێت. چونکە ڕوون نییە کێ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چی دەڵێت و یەکێتی و یەکگرتووییش لەسەر شتی ناڕوون بەدی نایەت.

تەلەفزیۆنەکانی ئەو حزبانەی خۆیان بە کورد ناودەبەن، با دەست بە بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر ئەم مژارە بکەن و بۆچوون و ڕوانگەی سەرۆک و ڕێبەر و میوانەکانیان لەسەر ئەم پرسە بڵاو بکەنەوە. هەروەها بۆچوونی ڕۆشنبیران و نووسەرانیش وەربگرن و بڵاوی بکەنەوە. با خەڵکیش بیبیستن کە ئەوان چی دەڵێن.

مەسەلەی یەکێتی و یەکیڕیزی، مان و نەمانی گەلەکەمانە. بابەتێکی وەها گرنگ لە نێوان دوو لایەن و چەند لایەنێکدا تەنها و بە نهێنی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت. پێویستە ئەم بابەتە بە شێوەیەک بخرێتە ناو خەڵک کە ئەوانیش خۆیانی تێیدا ببیننەوە.

کار و خەبات بە قسە ناکرێ، بەڵکوو بە کردار ئەنجام دەدرێت. ئەگەر هەرکام لە حیزبە کوردستانییەکانمان ئامادە بن ئیمکانیاتێک دەستەبەر بکەن بە بێ ئەوەی کە دەستوەردان لە کارەکەمدا بکەن، من ئامادەم بەرنامەیەکی لەو شێوەیە دەست پێ بکەم.

چونکە من و هەموومان دەزانین کەهەتا یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەناو ماڵی خۆماندا بەدەست نەهێنین، ناتوانین خۆمان ئازاد بکەین.

تەلەفزیۆنەکانی باشووری کوردستان دەتوانن و پێویستە لە مشتومڕ و گفتوگۆیەکی لەو شێوەیەدا هاوکار بن.

لە باشوور دەیان تەلەفزیۆنی هەن و هەرکام لەوان دەتوانێت لە حەوتوودا یەک ڕۆژ، بەرنامەیەک لەسەر ئەم بابەتە ساز بکات. ئەم پرسە تەنیا بۆ باکووری کوردستان نییە. بەو پێیەی کە ئەمە پرسێکی سەرەکیی هەموو نەتەوەی کوردە، دەبێت هەموو کورد لە چوارپارچەی کوردستان، لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی خۆیاندا، خاوەندارێتی لەم بابەتە بکەن.

تکایە، با حیزبەکانمان تەلەفزیۆن و میدیای خۆیان بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکەن. ئەم مژارە، تەنها مەسەلە و کاری یەک حیزب یان یەک پارچەی کوردستان نییە.

وەک سەیدا جگەرخوێن دەڵێت: “هەتا ئەم نەبن یەک، ئەم دێ هەرن یەک بە یەک”.

Share