مەسروور بارزانی: بە توندترین شێوە ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە شەرمەزار دەکەم

مەسرور بارزانی: هێرشەکانی ئێران هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج”.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، “بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم”.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، “ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، “ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.