قەرەیلان هێرش دەکاتە سەر “یاسای چوارچێوە” و دەڵێ کێشەکە چارەسەر ناکات

قەرەیلان سەبارەت چەکدانانی پەکەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئامادەن شەڕ ڕابگرن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە.
موراد قەرەیلان لە سەرکردەکانی پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایدەگەیەنێت، لەبەر چەند هۆکارێک یاسای چوارچێوە کێشەکە چارەسەر ناکات و دەڵێت: “هیچ شتێک لە یاساکەدا نییە و تەواوی پرسەکەی وەک چەکدانان تێداهاتووە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2026، موراد قەرەیلان بەشداریی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ستێرک تیڤی پەکەکەدا کرد و هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ “یاسای چوارچێوە” خستەڕوو، کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەرکردن پەسەند کراوە.
ئەم یاسایە کێشەکە چارەسەر ناکات
قەرەیلان ڕایگەیاند کە دەرکردنی ئەم یاسایە لە مێژووی کۆماردا شتێکی نوێیە و زۆر شایستەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوانگەیەکی تەسک لەخۆدەگرێت و هەستیارییەکانی گەلی کورد لەبەرچاو نەگیراوە، کێشەکە چارەسەر ناکات.
دەستنیشانیشی کرد کە لە یاساکەدا ناوی کورد، دیموکراسیی گشتی و ڕۆڵی ئۆجەلان جێگیر نەکراوە و وتی: “ئەوان ویستوویانە بابەتەکە ببەنە سەر چەکدانانی گەریلاکان”.
ئەم قسانەی قەرەیلان دانپێدانانێکی ڕوونە کە ئەم یاسایەی کەوا یەکەمجار بە ڕەزامەندی ئۆجەلان ئامادەکراوە، پەیوەندیی بە گەلی کورد و مافەکانییەوە نییە و هیچ شتێک بە کورد نادات.
قەرەیلان جارێکی تر وەک هەموو سەرکردەکانی پەکەکە هەموو شتێکی بە ئۆجەلانەوە گرێدا و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئازادی جەستەیی ئۆجەلان دەستەبەر نەکرێت و خۆی لە پڕۆسەکەدا بەشدار نەبێت، هیچ چارەسەرێک پێکنایەت و دەشڵێت: “ئەگەر ئاپۆ دەستبەکاربێت و پێشوازی لە هەڤاڵەکانی بکات و کۆبوونەوە ئەنجام بدات، ئێمە ئامادەین ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەین”.
سەبارەت بە کۆتایی هاتنی شەڕ و چەکدانانی پەکەکە، موراد قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن شەڕ ڕابگرن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و خەباتی ئازادی لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەڕێوەببەن.