پەدەکە-سە: سووریای داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان و فیدرالیزم بنیات بنرێت

پەدەکە-سە: سووریای داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان و فیدرالیزم بنیات بنرێت

پەدەکە-سە: پێویستە دیالۆگی ناوخۆیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا چڕتر بکرێتەوە.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا (پەدەکە-سە) ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند کە لە 12ی تەباخی 2026دا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی سووریا و پرۆسەی ڕێککەوتن لە تورکیا و ئایندەی گەلی کورد لە ناوچەکە تاوتوێ کرا.

پەدەکە-سە لە بەیاننامەکەیدا سەرنجی خستۆتە یاسای نوێی پەرلەمانی تورکیا کە بە درێژەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە ناو دەبرێت. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم یاسایە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئەنتەگراسیۆنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەبێت.

لە بەیاننامەکەدا هەڵوێستی حکومەتی نوێ لە دیمەشق و فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026 باسی لێوەکراوە. پەدەکە-سە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، پێویستە ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە بخرێتە ناو دەستووری نوێی وڵاتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام و هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشقدا هەیە، بۆ ئەوەی کە مافەکانی کورد وەکوو پێکهاتەیەکی ڕەسەن و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە سیستەمەکەدا مسۆگەر بکات”.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و سەرۆک مەسعوود بارزانی لە پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد بەرز نرخێندراوە. پەدەکە-سە سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ سووریا بە “وەرجەرخانێکی مێژوویی” وەسف کرد و ڕایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ یەکەمجار لە میانی پێشوازییەکی فەرمیدا لە دیمەشق، دەستکەوتێکی گرنگە کە سەرنجی حکومەتی ناوەندیی زیاتر بۆ لای دۆزی کورد ڕاکێشاوە.

سەبارەت بە کاروباری ناوخۆی کورد، پەدەکە-سە داوای کردووە کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) بەهێزتر بکرێت و شێوازی کار و خەباتی ئەنەکەسە نوێ بکرێتەوە و دیالۆگی ناوخۆیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەلی کورد چڕتر بکرێتەوە.

پەدەکە-سە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سووریای داهاتوو دەبێ دەوڵەتێکی دیموکراتیک، فیدراڵی و فرەچەشن بێت کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان و هاوبەشی سەرجەم پێکهاتەکان (عەرەب، کورد، تورکمان و سریانی-ئاشوری) بنیات نرابێت.

Share