دوای پەسندکردنی یاسای چوارچێوە، چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟

دوای پەسندکردنی یاسای چوارچێوە، چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟

نزیکەی 300 سەرکردەی باڵای پەکەکە بۆیان نیە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلانیش بۆ شوێنێکی نوێ لەناو زیندانی ئیمرالیدا بگوازرێتەوە.

پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی”ی پەسەندکرد، کە ئامانج لێی چەکدانانی پەکەکە و گەڕاندنەوەی گەریلا و ئەندامەکانیەتی بۆ تورکیا. بەڵام زیاتر لە 800 کادیری دێرینی ئەو حیزبە لەم پڕۆژە یاسایە بێبەری دەبن.

پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای تایبەت بە “پرۆسەی ئاشتی” و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی پەسەند کرد. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی “T24” بڵاوی کردۆتەوە، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیایە بۆ ئەوەی کە وادەی کۆتایی بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە دەستنیشان بکات.

پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە بە ڕێژەی 80% جێبەجێ بکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی دەوڵەتی تورک بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنی گەڕانەوەی ئەو گەریلانە بدات کە چەکەکانیان تەسلیم کردووە.

کۆمار بۆ چاودێریکردنی ئەم دۆخە، لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا دادەمەزرێت. ئەم لیژنەیە وەزیرانی داد، ناوخۆ، دەرەوە، بەرگری و بەرپرسی میت لەخۆدەگرێت. لیژنەکە ئەرکی ئەوەیە کە چاودێری بارودۆخی سەر عەرزی واقیع لە ناوچەکانی عێراق و ئێران و سوریادا بکات.

لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە کە زیاتر لە 800 کەس، کە لەنێویاندا دامەزرێنەران و کادیرانی دێرینی پەکەکەش هەن، سوود لەم لێبووردنە نابینن. ئەم کەسانە بەتایبەتی ئەوانەن کە پێش ساڵی 2005 سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە یان بە “کوشتنی بە ئەنقەست” تۆمەتبار کراون.

جگە لەوە نزیکەی 300 سەرکردەی باڵای پەکەکەش بۆیان نییە کە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. بەگوێرەی پلانەکە، ئەو سەرکردانە لە هەرێمێکی عێراقدا نیشتەجێ دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ چەشنە چالاکییەکی ڕێکخراوەییان هەبێت.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا چاوەڕوان دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بۆ شوێنێکی نوێ لەناو زیندانی ئیمرالیدا بگوازرێتەوە. لە قۆناغەکانی داهاتوودا ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەدرێت سەردانی بکەن.

ڕۆژی دووشەممە (10/8/2026)، پەرلەمانی تورکیا دوای مشتومڕێکی چڕ، پڕۆژە یاساکەی خستە دەنگدان و لە کۆی 562 پەرلەمانتار 468 پەرلەمانتار دەنگیان بە “بەڵێ” و 88 پەرلەمانتاریش بە “نەخێر” دەنگیان پێدا و چەن پەرلەمانتارێکیش بێلایەن بوون و دەنگی “سپی”یان دا.

ئەم یاسایە کە لە 12 ماددە پێکهاتووە، دوای ساڵێک کارکردن لە لایەن کۆمیسیۆنی چارەسەرییەوە ئامادەکرابوو و لەو ماوەیەدا گوێ لە 140 کەسایەتی جیاواز گیراوە.

Share