نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران پەرەسەندنێکی مەترسیدارە

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هەموان کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 17/8/2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشانە بە تەواوی رەتدەکاتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسفیان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، بۆیە پێویستە هەموان کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.