ئۆجەلان: ئێمە پێشتر لایەنگری سەربەخۆیی بووین و ئێستا کۆمارپارێزین

ئۆجەلان لە 31ی دیسەمبەری 2003دا وتی: “خەتی من، خەتی چارەسەری دیموکراتیک و نوێکردنەوەی میساقی میللییە”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، لە دوایین دیداری خۆیدا لەگەڵ شاندی ئیمرالیی دەم پارت پێی گوتوون: ئێمە پێشتر لایەنگری سەربەخۆیی بووین و ئێستا کۆمارپارێزین، سبەینێ بە ئەندازەی مەهەپە (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست)، ستوونێکی گەورەی دەوڵەت [تورکیا] دەبین”.
ئۆجەلان لە 2ی تەباخی 2026دا وتی:
“خەتی کۆمارییەکان جێگەی ڕوانگەی سەربەخۆییخوازیی پێشوو دەگرێتەوە، من بەڵێن دەدەم کە کۆماری تورکیا دەبێتە دەستپێکێکی دیموکراتیک و کوردیش لەم بوارەدا ڕۆڵی دەبێت”. ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ڕێگای تورکیا بەرەو دیموکراتیزەبوون، بە ئیمرالیدا تێدەپەڕێت”.
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە شاندی ئیمرالیی گوت: “سبەینێ ئێمەش بە ڕادەی مەهەپە (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست)، یەکێک لە پایە گەورەکانی ئەم دەوڵەتە دەبین”.
لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئۆجەلان دەیڵێت، شتێکی نوی نییە، ئۆجەلان لە 28/11/2001دا بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو: “دەمەوێت خزمەت بە کۆماری تورکیا بکەم، خزمەتێکی فیداکارانە بەو شێوەیەی کە مستەفا کەمال ئەتاتورک دەیویست و باسی کردووە”.
دواتر ئۆجەلان لە 31ی دیسەمبەری 2003دا وتی: “خەتی من، خەتی چارەسەری دیموکراتیک و نوێکردنەوەی میساقی میللییە”.
بە کورتی ئۆجەلان لە شوباتی 1999دا کە لە نایرۆبیەوە گەڕایەوە بۆ ئەنقەرە، لەکاتێکدا کە هێشتا لە ناو فڕۆکەکەدا بوو بە ئەفسەرانی میتی گوت: “من دەمهەوێت خزمەتی تورکیا بکەم، دایکی من تورکە و من تورکیام خۆشدەوێت”.
لەو ڕۆژە بەملاوە ئۆجەلان نەک هەر هیچێکی بۆ گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد نەکردووە، بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە ئەوەی لە دەستی هاتووە لە پێناو بەژەوەندیی دەوڵەتی تورکدا کردوویەتی بۆ ئەوەی کە دۆزی ڕەوای کورد سەرکوت بکرێت و ئەوین و خولیای کوردان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی لەناو بچێت. ئۆجەلان لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ کە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” لە ڕۆژەڤدایە، بۆ چرکەساتێکیش ڕانەوەستاوە و بەردەوام داوای توانەوە و ئاسمیلەبوونی کۆمەڵگەی کوردیی لەناو جڤاکی تورکیدا کردووە.