بە بەشداری ئۆجەلان چەند کۆمیتەیەکی نوێ بۆ “یاسای چوارچێوە” پێکدەهێنرێن

“یەکێک لە لیژنەکان ناوی ‘لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن’ دەبێت و ئۆجەلانیش بە پێگەیەکی دیاریکراو بەشداریی تێدا دەکات”.
هەرچەندە یاسای چوارچێوە کە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە دوو لیژنە لەخۆدەگرێت، یەکێکیان لە ژێر سەرپەرشتیی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەوی دیکەشیان لە پەرلەمان دادەمەزرێت، بەڵام لە ئێستادا باس لە چەند کۆمیتەیەکی دیکە دەکرێت کە خەڵکی مەدەنیش لەخۆ دەگرن. دەوترێت کە ئۆجەلان دەتوانێت بە پێگەیەکی دیاریکراو لە یەکێک لەو لیژنانەدا بەشداری بکات.
ئەو یاسایە کە لە ڕای گشتیدا بە “یاسای چوارچێوە” دەناسرێت، یاسای ژمارە 7595 سەبارەت بە “بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی” کە هەنگاوێکە بۆ بەیاساییکردنی پڕۆسەی “تورکیای بەبێ تیرۆر”، لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی موراد سابونجو لە T24ـەوە: لە یاساکەدا باس لە دوو لیژنە کراوە، یەکێکیان لە ژێر چاودێریی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ئەوی تریشیان لە پەرلەمان دادەمەزرێنرێت. جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە یەکەم کۆبونەوەی لیژنەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا لە 24ی ئاب ئەنجام دەدرێت.
یڵماز هەروەها ڕایگەیاند کە بە پێی پێداویستییەکانی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، چەند کۆمیتەیەکی لاوەکییش دادەمەزرێن و باسکردن لەو کۆمیتانە لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبێت. پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەو کۆمیتانە تەنیا لە بەرپرس و جێگرەکانی دەوڵەت پێکدێن، بووەتە جێی مشتومڕ.
دامەزراندنی کۆمیتە نوێیەکان لە ڕۆژەڤدان
سابونجو سەبارەت بەم دۆخە وتی: “وەک ڕۆژنامەنووسێک کە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەم، هەندێک جار کۆمەڵێک یادداشتم سەبارەت بەو کۆبوونەوانە بەدەست دەگەن کە دەوترێت لە ئیمرالی بەڕێوەدەچن”. بەڵام من لەسەر ئەمە نانووسم بەبێ ئەوەی هەندێک خاڵی هەستیار لەگەڵ کەسانێکدا پشتڕاست بکەمەوە کە زۆربەیان سیاسەتمەدارن، کە پێموایە یادداشتەکان لەلایەن ئەوانەوە نێردراون.
هەروەها گوتیشی: “بەو شتەی کە من دەتوانم لە یادداشتەکان تێبگەم (و توانیومە بپرسم)، یەکێکیان لە کۆتایی مانگی تەمموزدایە و ئەوی دیکەشیان لە سەرەتای مانگی تەباخدایە و دامەزراندنی کۆمیتەی نوێ لە بەرنامەی کاردایە. ئەمانە کۆمیتەی جیاوازن کە هەم خەڵکی سڤیل و هەم بەرپرسانی دەوڵەت لەخۆدەگرن. پێشبینی دەکرێت یەکێک لەو لیژنانە ناوی ‘لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن’ بێت. دەوترێت ئۆجەلانیش دەتوانێت بە پێگەیەکی دیاریکراو لەم لیژنەیەدا بەشداری بکات”.