فاشیزمی پەکەکە لە دژی ڕەخنەگران: هەڕەشەی کوشتن لە دوکتور سەربەست نەبی دەکرێت

لە سۆشیال میدیا و بە تایبەت لە میدیای عەرەبی و سۆرانیدا، پاڵپشتییەکی زۆر بۆ دکتۆر سەربەست نەبی پیشاندرا.
پەکەکە لەم دواییانەدا لە سۆشیال میدیا دەستی بە ڕاوکردنی ڕەخنەگرەکانی کردووە. گرووپی پەکەکە لە سۆشیال میدیا، جگە لە دۆزینەوەی ئەو ئەکاونتانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن و هەوڵدان بۆ داخستنی ئەکاونتەکان لە ڕێگای ڕیپۆرتکردنەوە، هاوکات هەڕەشەی کوشتن لە کەسانی ناودار و کاریگەریش دەکات. یەکێک لەو سیما دیارانەی کە پەکەکە هەڕەشی کوشتنی لێکردووە، “دکتۆر سەربەست نەبی”یە.
د.سەربەست نەبی کە بۆخۆی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە زانکۆی کۆیەی باشووری کوردستاندا مامۆستایە، لە ماوەی ڕابردوودا ئەگەر ڕەخنەشی لە سیستەمی ڕۆژڤا گرتبێتیش بەڵام بەردەوام هەڵوێستێکی بۆ پشتیوانی و خاوەندارێتی کردن لە ڕۆژئاڤا هەبووە. بە تایبەتی بە بانگەوازەکانی بۆ هاتنە سەر شەقامەکان و پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەب ناسرابوو. بەڵام لە کاتێکدا بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا تێکەڵ بە سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان بوو و دەسکەوتەکانی کوردیان بە پانەوە پێشکەش بە حکوومەتی دیمەشق کرد، دوکتور سەربەست نەبی ڕەخنەی لەو سیاسەتەی ڕۆژئاڤا و ئۆجەلان گرت. سەرەڕای ڕەخنەکانی کە لەسەر بنەمای زانستی سیاسەتلە ئاستێکی گونجاودا بوون، بەڵام دوکتور سەربەست نەبی، پشکی خۆی لە هەڕەشەکانی پەکەکە وەرگرت.
دوکتور سەربەست نەبی لە ئەکاونتەکانی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد کە پەکەکە لە ڕێگای تەلەفۆن و سۆشیال میدیاوە، هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.
دوکتور سەربەست نەبی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەلایەن پەکەکەییەکان و لایەنگرانی پەیەدەوە، هەڕشەیەکی زۆر لە ئاستی هەڕەشە و سووکایەتی و تەشهیرکردندا، لە دژی خۆی و بنەماڵەکەی کراوە.
دوای ڕاگەیاندراوەکەی دوکتور سەربەست نەبی، لە سۆشیال میدیا و بە تایبەت لە میدیای عەرەبی و سۆرانیدا، پاڵپشتییەکی زۆر بۆ دکتۆر سەربەست نەبی پیشاندرا.
لە نێو ئەو کەسانەی کە پشتگیریان دەربڕی، نووسەر ئیبراهیم یووسف وتی پێی وایە دوکتور سەربەست نەبی و بنەماڵەکەی بەهۆی هەڵوێستەکانیانەوە کراونەتە ئامانجی “کەمپینێکی توندوتیژی”. ئەو ئەم دۆخەی بەو هەڵمەتە هاوشێوانەوە بەستەوە کە ساڵانێکە هەموو ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە دیدگای جیاوازیان هەیە. یووسف جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانج کردنی کەسانی خاوەن بیروڕای جیاواز یان تێوەگلانی خێزانەکانیان لە ناکۆکی سیاسیدا رەد دەکاتەوە و هەروەها سەربەست نەبی بە یەکێک لەو دەنگانە وەسفکرد کە لە سەردەمێکی گرینگدا ۆ گەلی کورد و سووریا، بوێرانە بەرگریی لە دۆزی گەلەکەی کردووە.
هەروەها نووسەر سەبری ڕەسوڵ ڕایگەیاندووە کە هەڵمەتەکانی ئیدانەکردن و سووکایەتیکردن و بوختانکردن بۆ ئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە بەشداری سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ناکەن، نیشانەی “ئیفلاسی سیاسی پەکەکە”یە. ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانیی ئەو شێوازانە زۆر درێژە.