مستەفا ئۆزچەلیک جارێکی دیکە وەک سەرۆکی گشتی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان هەڵبژێردرایەوە

نوێنەری پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لە کۆنگرەکەی PWKدا کردبوو یان لە ڕێگەی پەیامەوە پشتیوانی خۆیان دەربڕی.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) دووهەمین کۆنگرەی گشتی خۆی لە شاری ئامەد سازکرد. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆنگرەدا، مستەفا ئۆزچەلیک بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی گشتی PWK هەڵبژێردرایەوە.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تەباخی 2026 لە بەیاننامەیکدا ڕایگەیاند، PWK دووەمین کۆنگرەی خۆی لە ڕۆژی یەکشەممە 30/8/2026دا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕیوەبردووە.
بەهۆی کۆچی دوایی مەهدی زانا، سیاسەتمەدار و خەباتکاری دۆزی ئازادیی کوردستان، هەندێ گۆڕانکاری لە بەرنامەی کۆنگرەکەدا ڕوویدا، چوونکە مەراسیمی ناشتنی تەرمی مەهدی زانا لە هەمان کاتدا بوو، زۆرێک لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان نەیانتوانی لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا ئامادەی کۆنگرەکە ببن.
مەهمەت جان ئازبای، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان کە لە زیندانی 05ی ئامەددا هەڤاڵی مەهدی زانا بوو، لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە بەردەم بینای شارەوانیی گەورەی ئامەد وتارێکی پێشکەش کرد. دوای مەراسیمەکە، نوێنەران و میوانان گەڕانەوە بۆ هۆڵی کۆنگرە و بەشی دووەمی بەرنامەی کاری کۆنگرەکە دەستی پێکرد.
لە دەسپێکی بەشی دووەمدا مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی PWK، سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی ڕۆژەڤ و ڕوانگەکانی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان وتارێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد.
هۆڵی کۆنگرەکە بوو بە گۆڕەپانێکی یەکگرتنی نەتەوەیی؛ نوێنەری پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان کرد یان لە ڕێگەی پەیامەوە پشتیوانی خۆیان دەربڕی.
لە بەشی پاشنیوەڕۆدا کە تەنها بە بەشداری نوێنەرانی فەرمی بەڕێوەچوو، پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدرا و مستەفا ئۆزچەلیک بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی حیزبەکە هەڵبژێردران کە بەشداریی گەنجان لە دەستەکانی بەڕێوەبردندا، جێگای سەرنج بوو.