ئەردۆغان: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە قۆناخێکی نوێیە بۆ تەواوی ناوچەکە

ئەردۆغان: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە قۆناخێکی نوێیە بۆ تەواوی ناوچەکە

ئەردۆغان: پرۆسەی ئاستی هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت و ناتوانرێت خشتەیەکی کاتیی بۆ دابنرێت چونکە بابەتێکی ئامانجدارە.

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵکردنیان، دەستپێکی قۆناخێکی نوێ دەبێت بۆ سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەردەمی چەک، توندوتیژی و تیرۆر بە یەکجاری کۆتایی پێبێت.

ڕۆژی چوارشەممە 2/9/2026، لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی رێکخراوی شانگهای لە قیرغیزستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە کرد و رایگەیاند، تورکیا لەگەڵ لایەنی سووری لەسەر هێڵی سنووری بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکات.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن لە راستییەکانی دۆخی سووریا گەیشتووە، هەروەها داوای لە سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و دۆست کرد هاوکاری بن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا تاوەکو رێگری لە هەر ئاژاوەیەک بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بکرێت.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەردۆغان روونی کردەوە، پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت و ناتوانرێت خشتەیەکی کاتیی بۆ دابنرێت چونکە بابەتێکی ئامانجدارە، بەڵام دەوڵەت نەخشەڕێگای خۆی هەیە و لیژنەی بەدواداچوون بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار دەستی بە کارەکانی کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە کە مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی یاساکان ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر بە کرداری چەک دابنێت و هەڵبوەشێتەوە، لەبەر ئەوەی پرۆسەی لەم شێوەیە نابێت زۆر درێژە بکێشێت تا نەکەوێتە بەر کاریگەریی هەوڵە تێکدەرەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بە واتای سڕینەوەی جیاوازییەکان نایەت، بەڵکو یەکگرتنە بە جیاوازییەکانەوە لە چوارچێوەی “رێککەوتنی گەورەی تورکیا”. ئەردۆغان هۆشداری دا لە هەر گوتارێکی توند لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانەوە کە زیان بە یەکڕیزی و برایەتیی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت و رایگەیاند، خەڵک هۆشیارە و ناکەوێتە داوی ئەو جۆرە هاندانانەوە.

Share