فیدان: “بەرێز زەیدی دیدگایەکی زۆر بەهێزی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا هەیە”.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەغدا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیپلۆماسی و ئەمنیی ئەنجامدا. لە سەردانەکەدا تورکیا دوای ساڵ و نیوێک سەرۆکایەتی ئەم ڕێکخراوەی ڕادەستی عێراق کرد.
فیدان لە بەیاننامەکەیدا بۆ میدیای فەرمی ڕایگەیاندووە، سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی ستراتژیکی وەک وزە، ژێرخانی ئابووری، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، تۆڕی بەرگری و ئەمنی، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشەی شنگال، گفتوگۆی قووڵی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. فیدان هەڵوێستی بنیاتنەرانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەرامبەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان زۆر بەرز نرخاندووە.
لەهەنگاوێکی گرنگی دیکەدا فیدان لەگەڵ فالیح فەیاز سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆبۆوە و ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکە و ڕێوشوێنە کردارییەکان بۆ هەنگاوەکانی تایبەت بە چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کردووە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، کۆبووەوە و پابەندبوونی ئەنقەرە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی عێراق دووپاتکردەوە.