باخچەلی: لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر پاشەکشە ناکەین، نەتەوەی تورک و دەوڵەت لەم بڕیارەدا یەکگرتوون

باخچەلی: لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر پاشەکشە ناکەین، نەتەوەی تورک و دەوڵەت لەم بڕیارەدا یەکگرتوون

باخچەلی: “هەنگاوەکانی پرۆسەکە بە جیددی دەنرێن و لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامەکان بەدەست دەهێنرێن”.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لێدوانی نوێ و گرنگی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری یان وەک ئەوەی بۆخۆیان وەک “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبەن، داوە. باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەنگاوانەی لەم چوارچێوەیەدا دەگیرێنەبەر بە ئیرادە و جددییەکی زۆرەوە بەردەوام دەبن و جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامی بەرجەستە بەدەست دەهێنن.

باخچەلی لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی پڕۆسەی چارەسەری و ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسەیە نیشانەی ئیرادەی یەکگرتوویی نەتەوەییە و هەنگاوێکە بۆ بنیاتنانی شارستانیەتێکی نوێ کە تورکیا وەک ناوەندەکەی دەبێت. سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵە سیاسیانە کە بە ئیرادەی ئازادی میللەت ئەنجامدەدرێن، دەبێتە هۆی ترسانی ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێت هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن و تورکیا لاواز بکەن.

دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەموو هەوڵە ئاژاوەگێڕانە و ئیستفزازیەکان و فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکان کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە، بەڵام لە ڕێگاکەیان پاشەکشە ناکەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە نەتەوەی تورک و دەوڵەت لەم بڕیارەدا یەکگرتوون و وتی: هەنگاوەکان بۆ پرۆسەکە بە جیددی و دڵسۆزی و ئیرادە هەڵدەگیرێن و زۆر دڵنیاین کە لە کەمترین کاتدا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست دەهێنین.