جەمیل توگای، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیزمیر پەیوەندیی بە ئاکپارتیەوە کرد

جەمیل توگای، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیزمیر پەیوەندیی بە ئاکپارتیەوە کرد

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە، لە دوای قەیرانە ناوخۆییەکانی جەهەپە و ئینشیقاق لە ناو ئەو حیزبەدا ڕوویدا.

پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو و چارەنووسساز لە سیاسەتی تورکیادا ڕوویدا؛ جەمیل توگای سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیزمیر بە فەرمی پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)یەوە کرد. بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا، کە بەڕێوەبەری شاری ئیزمیر کە بە “قەڵای جەهەپە” ناسراوە، بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئاک پارتی.

پەیوەستبوونی توگای لە مەراسیمێکی تایبەتدا بەڕێوەچوو و نیشانەی حزبەکەی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێدرا. لە بەیاننامەکەیدا توگای ئاماژەی بەوەکرد کە بە باوەرەوە پەیوەندی بەم ڕێگایەوە کردووە و دەیهەوێت لەژێر سەرکردایەتی ئەردۆغاندا خزمەت بە دۆزی بنیاتنانی تورکیایەکی بەهێز و یەکگرتوو بکات.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە، لە دوای قەیرانە ناوخۆییەکانی جەهەپە ڕوویدا. دوای گەڕانەوەی کەمال قلیچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ 91 پەرلەمانتاری جەهەپەدا، پارتەکەیان بەجێهێشت و پارتێکی نوێیان دامەزراند. لە ئەنجامی ئەم دابەشبوونەدا، زۆرێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە جەهەپە، ئەو حیزبەیان بەجێهێشت؛ توگای کە ماوەیەک بوو وەک سەرۆکی شارەوانی سەربەخۆ کاری دەکرد، دواجار بڕیاریدا پەیوەندی بە ئاکەپەوە بکات.

جەمیل توگای کێیە؟

جەمیل توگای لە ساڵی 1967 لە شاری وان لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و پیشەی پزیشکە. لە نێوان ساڵانی 2019-2024 سەرۆکی شارەوانی قەزای کارشیاکای بووە و لە ساڵی 2024 بەملاوە وەک سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئیزمیر کار دەکات.

Share