باخچەلی: ئۆجەلان دەتوانێ لە کۆمیتە سیاسییەکاندا بەشداری بکات

باخچەلی: ئۆجەلان دەتوانێ لە کۆمیتە سیاسییەکاندا بەشداری بکات

باخچەلی: پێویستە کۆمەڵگا بە گیانی برایەتییەوە پشتیوانی ئەم سیاسەتەی دەوڵەت بکات بۆ ئەوەی تورکیا لە تیرۆر ڕزگار بکات.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، سەبارەت بەو پڕۆسەیەی کە دەولەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، لێدوانی نوێ و سەرنجڕاکێشی داوە. باخچەلی ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم پرۆسەیە ئێستا بووەتە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت و گوتی کە لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە (ئەو کەسەی ئیمرالی) دەتوانێ لە کۆمیتە و چالاکییەکانی کۆردۆناسیۆنی سیاسیدا بەشداری بکات.

دەوڵەت باخچەلی سەرنجی خستە سەر ئەوە کە هیچ بەربەستێک لە پرۆسەکەدا نییە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و ڕێکخراو دەگیرێنەبەر. ناوبراو ڕایگەیاند کە هەموو لقەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری لە هەماهەنگیدان لەسەر ئەم پرسە و وتی: “ئەم پرۆسەیە زۆر بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و تورکیا پێشکەوتنی بەرچاوی لەم ڕێبازەدا بەدەستهێناوە، هیچ پاشەکشە و گەڕانەوەیەک لەم خەبات و سیاسەتە نوێیەدا نییە”.

سەرۆکی مەهەپە بە تایبەتی سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی ئۆجەلان و پەیام و لێدوانەکانی پێشووی و ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی کۆنکرێتی بەیاننامەکانی 27ی شوباتی 2026 دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بکاتەوە. باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا کاری هەماهەنگی سیاسی مافی ئەو کەسەیە لە ئیمرالی و پێویستە کۆمەڵگا بە گیانی برایەتییەوە پشتیوانی ئەم سیاسەتەی دەوڵەت بکات بۆ ئەوەی تورکیا لە تیرۆر ڕزگار بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا، باخچەلی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیرادەی سەرۆک کۆماری تورکیا دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان لە لێدوان و کردەوەی ئیستفزازی بەدوور بگرن. جەختیشی لەوە کردەوە: “ئێمە لە قسەکانماندا ڕاستگۆین و لە پشت هەموو ئەو لێدوانانەوە ڕاوەستاوین کە داومانن؛ ئەو ڕێگایەی کە گرتوومانەتە بەر، بەرەو ئاشتی و سەقامگیری دەڕوات”.

Share