لە قامیشلۆ قوتابیان بایکۆتی قوتابخانەکانیان کرد: “بێ زمان ژیان نابێ”

قوتابیان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن بچێتە ناو پۆلەکانی خوێندن هەتا ئەو بڕیارە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی سووریا بۆ کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی، دەرگای پۆلەکانیان داخست و دەستیان بە چالاکیی بایکۆت کرد.
خوێندکاران بڕیاری حکوومەتی دیمەشقیان بۆ تەرخانکردنی تەنها 3 کاتژمێر بۆ وانەی کوردی بە “نادادپەروەری و بچووک کردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی” وەسفکرد و ڕایانگەیاند، تاکو زمانی کوردی وەک دووەم زمانی فەرمی لە سووریا دانی پێدانەنرێت و بە فەرمی نەناسرێت، ناگەڕێنەوە ناو پۆلەکان.
“زمان تەنها وانەیەک نییە، ناسنامەی ئێمەیە”
لە بەیاننامەیەکی جەماوەریدا کە لەلایەن نوێنەرانی قوتابیانەوە خوێندرایەوە، بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە تەواوی ڕەتکرایەوە. ئەو خوێندکارانەی کە لە بەیاننامەکەدا خۆیان وەک “گەنجانی خۆڕاگری کۆمەڵگە” ناساندووە، سەرنجیان خستۆتە ڕۆڵی بنەڕەتی زمانی دایک و ڕایانگەیاند:
“زمان تەنها وانەیەکی ئاسایی نییە لە مەنهەجدا؛ زمان دەنگ و هەبوون و ناسنامەی میللەتە، ئایا مومکینە کە ناسنامەی گەلێک تەنها لە هەفتەیەکدا بە 3 کاتژمێر، بپارێزرێت؟ ئێمە دژی فێربوونی زمانی بیانی نین، بەڵام هەرگیز قبووڵ ناکەین کە زمانی دایکیمان ببێتە بابەتێکی ئیختیاری یان لاوەکی”.
داواکاری سەرەکی: ناساندنی فەرمی و هاوبەش
داواکاری سەرەکی قوتابیان و چالاکوانان ئەوەیە کە زمانی کوردی لە سەرتاسەری سووریا بخرێتە چوارچێوەی دەستووری و وەک زمانێکی فەرمی شانبەشانی زمانی عەرەبی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا جێگیر بکرێت.
خوێندکاران بە دروشمی ناسراوی “بێ زمان، ژیان نابێت”، پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی دەسەڵاتداران کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن بچێتە ناو پۆلەکانی خوێندن هەتا ئەو بڕیارە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
ئەم چالاکیی بایکۆتکردنە و هەڵوێستی خوێندکارانی کورد، نیشانەی قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان نەوەی نوێی ناوچەکە و ئەو سیستەمی پەروەردەیەدا کە حکوومەتی دیمەشق هەوڵی سەپاندنی بەسەر ڕۆژئاڤای کوردستاندا دەدات.