دەم پارتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

دەم پارتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

کۆنگرەی گەورەی پارتەکە لە بەهاری 2027 رێک دەخرێت و پێشبینی دەکرێت لەو کۆنگرەیەدا ناوی پارتەکە بۆ پارتی کۆماری دیموکراتیک بگۆڕدرێت.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەبێ گۆڕانکارییەکی ریشەیی و وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرەیەکی گەورەتر لە بەهاری ساڵی 2027، بەڕێوەدەبات.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 06ـی ئەیلوولی 2026، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM) پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە رێک بخات و پێشبینیش دەکرێت لە بەهاری ساڵی 2027 کۆنگرەیەکی فراوانتر بەڕێوە ببات.

دەربارەی کۆنگرەکەی ئەمڕۆ، میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی باسیان لەوە کردووە، ئەم کۆنگرەیە گۆڕانکاریی ریشەیی لە خۆ ناگرێت و پێشبینی دەکرێت تونجەر باکرهان و توڵای هاتیمۆغوڵاری جارێکی دیکە وەک هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردرێنەوە.

بەگوێرەی پلانەکان، کۆنگرەی گەورەی پارتەکە لە بەهاری 2027 رێک دەخرێت و پێشبینی دەکرێت لەو کۆنگرەیەدا ناوی پارتەکە بۆ پارتی کۆماری دیموکراتیک بگۆڕدرێت، هاوکات ئەو سەرکردانەی پەکەکە لە قەندیل یان ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە تورکیا، لە ئاستی باڵای بەڕێوەبردنیدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە.

پێشتریش باس لەوە کرابوو، سەڵاحەددین دەمیرتاش و لەیلا زانا دەبنە هاوسەرۆکانی نوێی پارتی کۆماری دیموکراتیک.

دەم پارتی دوایین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە تشرینی یەکەمی 2023 رێک خستبوو. لەو کۆنگرەکەدا، ناوی خۆی لە پارتی “چەپی سەوزەوە” بۆ “دەم پارتی” گۆڕی.

 بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، پێویستە پارتەکان لە ماوەی دیاریکراودا کۆنگرەی ئاسایی خۆیان رێک بخەن.

Share