پەکەکەی هەڵوەشاوە: یاسای نوێ ناتەواوە، ئەگەر دۆخی ئۆجەلان و سەرکردەکانمان ڕوون نەکاتەوە

قەرەسوو: “ئۆجەلان ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبات و بڕیارەکانمان لە ژێر دەستپێشخەری و کۆنترۆڵ و ڕێنمایی ئەودایە”.
پەکەکەی هەڵوەشاوە ناڕەزایی خۆی لە “یاسای چوارچێوە” دەردەبڕێت کە بەتەواوەتی پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
پەکەکە کە لە ئێستادا خۆی بە “تەڤگەری ئاپۆیی” ناودەبات، دوای دەرچوونی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا، دیسان سەرکردەکانی یەک بە یەک لە میدیاکان دەردەکەون و دەڵێن ئەم یاسایە ناتەواوە، لە کاتێکدا دەیانتوانی لە کاتی ئامادەکردنی یاساکەدا و ئەوکاتەی کە هێشتا پڕۆژە یاسا بوو، ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.
ئەمەش هەوڵێکی تری پەکەکەیە بۆ فریودانی گەل و دەیهەوێت بڵێ، ئێمە دژی ئەم یاسایەین.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە “یاسای چوارچێوە” و پڕۆسەی چارەسەری، ڕایگەیاند، پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە کۆبوونەوە بکات و پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت.
مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی “مێدیا هابەر”ی پەکەکەدا کرد و سەرنجی خستەسەر قۆناغی نوێی یاسای چوارچێوە و ڕایگەیاند کە دەرکردنی یاساکە سەرەتایەکە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بخرێتە بواری جێبەجێکردن و هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت.
مستەفا قەرەسو ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بڕوات، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ڕۆڵی هەبێت و وتی: “پێویستە بەڕێز ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بانگ لە کۆمەڵگەی تورکیا و کۆمەڵگەی کوردی بکات، دەبێت ڕێگای بۆ بکرێتەوە کە بیرۆکەکانی خۆی لەگەڵ هێزەکانی دیموکراتیکەکان و بازنەی سیاسیدا هاوبەش بکات”.
قەرەسوو هەروەها ڕایگەیاندووە کە پرۆسەیەک کە دەرئەنجامەکەی ئازادیی ئۆجەلان نەبێت، ناتوانێت پرۆسەیەکی تەواو و سەرکەوتوو بێت.
قەرەسوو ڕەخنەی لە شێوازی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە گرت و ڕایگەیاند کە ئەم یاسایە تەنها بۆ لایەنێک نییە و وتی: “ئەم یاسایە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئێمە و هەموو هەڤاڵانی ئەندامی سەرکردایەتی ئێمەوە هەیە، بەڵام دەبینین بەڕێز ئۆجەلان و بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە و ژمارەیەکی زۆر لە کادیرەکانمان لەم یاسایەدا جێ ناگرن، ئەمەش کێشەیەکی جدییە، پێویستە هەموو کەسێک بەپێی کاراکتەری خۆی لەم پرۆسەیە نزیک بێتەوە”.
مستەفا قەرەسو ئاماژەی بەوەدا کە پەکەکە هەمیشە لە بڕیارە مێژووییەکانیدا ڕۆڵی پێشەنگی بە ئۆجەلان داوە و وتی: هەمیشە گوتوومانە: “چ لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە یان کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریدا، ڕامانگەیاندووە کە ‘ئۆجەلان ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبات’، بڕیارەکانمان لە ژێر دەستپێشخەری و کۆنترۆڵ و ڕێنمایی ئەودایە”.
سەبارەت بە پرسی ڕاگرتنی هاتووچۆ بۆ ئیمرالی دوای دەرچوونی یاساکە، قەرەسوو بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: “هیوایەک هەبوو کە دۆخی ئۆجەلان دوای یاساکە بگۆڕێت؛ کە پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ ڕۆشنبیران و لەگەڵ تەڤگەرەکەی ئێمەدا هەبێت، بەڵام دەبینین کە هیچ پێشکەوتنێک لەم ڕووەوە نییە. ئەمە کێشەیەکە بۆ هەموو تورکیا، نەک تەنها یەک حیزب. بۆیە پێویستە پرۆسەکە لە پێشوو شەفافتر بێت”.