سلێمانی… بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی پەنابەران لە سوورداش

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: سەرەڕای بەئامانجگرتنی کەمپەکە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7/9/2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کەمپی پەنابەرانی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، هێرشە درۆنییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لە ماوەی 20 خولەکدا روویانداوە.
ئاسایشی هەرێم روونیکردەوە، هێرشەکان لە کاتژمێر 04:45 تا 05:05 خولەکی بەرەبەیان روویانداوە. سەرەڕای بەئامانجگرتنی کەمپەکە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
لەوەتەی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، زیاتر لە 1000 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە هێرشەکاندا شوێنە نیشتەجێبووەکان، ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە فەرمییەکان کراوەتە ئامانج، دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە و زیانی ماددی زۆریش بەر هاووڵاتیان کەوتووە، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و رایگەیاندووە، ئێمە بەشێک نین لەو جەنگە دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوەستێنرێت.