ئایا شوێنی مانەوەی ئۆجەلان لە ئیمرالی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؟

ئایا شوێنی مانەوەی ئۆجالان لە ئیمرالی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؟

ڤێلا نوێیەکەی ئۆجەلان ڕووبەرەکەی 250 مەتر چوارگۆشەیە و بە باخچەیەک دەورە دراوە و بە تەواوی بە ژێرخانی تەکنەلۆژیای وەک ئینتەرنێت و پەیوەندی ڤیدیۆیی تەیار کراوە.

ڕاپۆرتە میدیایی و سیاسییەکانی ئەم دواییانە، زانیاری نوێیان سەبارەت بە دروستکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە لە دوورگەی ئیمرالی ئاشکرا کرد.

ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاڵچی بە پشت بەستن بە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاندووە کە لە دوورگەی ئیمرالیدا خانوویەک بۆ ئۆجەلان دروستکراوە. دواتر شامیل تەییار پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاری زیاتری بڵاوکردەوە.

تەییار ڕوونی کردەوە کە پێشتر زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە هەبووە، بەڵام لەبەر دڵسۆزی بۆ سەرچاوەکەی، بێدەنگ بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو “خانوو”ـەی کە باخچەلی ئاماژەی پێکردووە، ڤێلایەکی دوو نهۆمییە کە بۆ ژیان و کارکردنی پێکەوە دروستکراوە.

ڤێلاکە ڕووبەرەکەی 250 مەتر چوارگۆشەیە کە لە دوو قات زیاترە و بە باخچەیەک دەورە دراوە. هەروەها بیناکە بە تەواوی بە ژێرخانی تەکنەلۆژیای وەک ئینتەرنێت و پەیوەندی ڤیدیۆیی تەیار کراوە.

تەییار باسی لەوەشکردووە کە ئۆجەلان تا ئێستا بە تەواوی نەگوازراوەتەوە بۆ ئەو ڤیلا نوێیە، بەڵام بۆ کاروبارەکانی ئۆفیسەکەی بەکاردەهێنێت.

لەڕووی سیاسییەوە، داواکارییەکانی ئۆجەلان بۆ گۆڕینی پێگەی یاسایی و ئیدارییەکەی، لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە ڕەتکراوەتەوە. ئەردۆغان پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی کردەیی بنێت، چەکدانانی پەکەکە بەپێویست دەزانێت، کە تەییار بە “بڕیارێکی دروست” ناوی بردووە.

Share